سودانی و رۆمانۆوسكی تاوتوێی هاریكاریی نێوان بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەكەن
  2023-11-20       257       

سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەمریكا كۆبونەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كرد لەوانە، پەیوەندییە هاریكارییەكانی نێوان بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا. هەروەها سودانی جەخت دەكاتەوە كە عێراق پابەند دەبێت بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كردوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەی نێوانیاندا، پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی هەردو وڵات و دۆسیەكانی هاریكاریی هاوبەش لە سەرجەم بوارەكان، تاوتوێ كراون.

هاوكات لەكۆبونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە هاریكارییەكانی نێوان بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كراوە، كە بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەی هەفتەی داهاتودا هەردولایەن تاوتوێی ژمارەیەك تەوەر لەو چوارچێوەیەدا دەكەن.

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا باس لە روداوەكانی غەززە كراوەو بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڵوێستی جێگیریی وڵاتەكەی لەبارەی پرسی فەلەستینەوە دوپاتكردۆتەوەو جەختی لەوە كردۆتەوە كە پێویستە دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل رابگیرێن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سودانی جەختی كردۆتەوە لەسەر پابەندبونی عێراق بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و هەروەها پاراستنی راوێژكارییە ئەمنییەكان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعشداو دوپاتیشیكردۆتەوە كە هێزە ئەمنییەكان ئەركی یاسایی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامیگری لە عێراق جێبەجێ دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×