پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكاتەوە
  2023-11-20       239       

رۆژی چوارشەممە 22ی تشرینی دوەم، دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان دەكرێتەوە و هەروەها دەنگیش لەسەر هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەدرێت.

ئاوێنە: پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو دوشەممە، بەرنامەی كاری دانیشتنی نائاسایی رۆژی چوارشەممە 22ی تشرینی دوەمی بڵاوكردەوە كە لە دو بڕگە پێكدێت.

بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لە بڕگەی یەكەمدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق دەكرێتەوە.

هەروەها لە بڕگەی دوەمدا دەنگ لەسەر پێشنیارە یاسای هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەدرێت.

دانیشتنەكەی پەرلەمان سەعات 1ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەكات. كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی دانیشتنەكەوە وتویەتی، بەپێی هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×