سودانی بۆ وەزیری وزەی توركیا: عێراق ئامادەیە بۆ چارەسەری هەناردەكردنەوەی نەوت
  2023-11-22       340       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، عێراق ئامادەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. دەشڵێت، بەغدا چاوی لە هاوكاری زیاتری توركیایە لە دۆسیەی ئاودا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازیكردوە لە ئاڵپ ئەرسەلان بایراكتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیاو وەفدێكی هاوڕێی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا لە بواری وزەو پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كراوە لەگەڵ گفتوگۆكردن لەبارەی هەوڵەكانی هەردولا بۆ دەستپێكردنوەی كاری كۆبونەوەكانی لیژنەی ئابوریی هاوبەش و بەردەوامی كاركردن لە دۆسیەی هەناردەكردنەوەی نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە.

لە كۆبونەوەكەدا، سودانی ئامادەیی عێراقی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەربڕیوەو جەختیشی كردۆتەوە كە بەغدا پشت بە چارەسەری دادپەروەرانە لەچوارچێوەی دەستوردا دەبەستێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم پرسەكانی وڵاتانی دراوسێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سودانی ئاماژەی بە دۆسیەی ئاو و پشكی ئاویی عێراق داوەو جەختیشی كردۆتەوە كە بەغدا چاوی لە هاوكاری زیاتری توركیایە لەم دۆسیەیەدا لەبەرئەوەی كاریگەری ئابوریی و مرۆیی هەیە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەلای خۆیشیەوە وەزیرە توركییەكە، خواستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای بۆ هاریكاری زیاتر لە بوارە جیاجیاكاندا دوپاتكردۆتەوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە سەرۆك كۆماری توركیا بایەخی زۆری بۆ پڕۆسەی "رێگەی پەرەپێدان" هەیە.

هەروەها وەزیری وزەی توركیا جەختی كردۆتەوە كە عێراق وڵاتێكی گرنگە نەك هەر بۆ توركیا بەڵكو بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت لە بواری وزەو ئەو دەرفەتی وەبەرهێنانەی كە هەیەتی لە بازاڕەكانی غازیی جیهاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×