پارێزگاری هەولێر: قەدەغەی هاتوچۆ درێژدەكرێتەوە
  2020-04-09       1096       

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەپێناو تەندروستیی هاوڵاتیان و کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ درێژدەکاتەوە و تەندروستیی هەرێمیش داوای کردوە تاوەکو ١٥ ئەم مانگە درێژبکرێتەوە.

ئاوێنە: فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە "ئێن ئاڕ تی" راگەیاند، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان دیراسەی پلانێکی نوێ دەکات بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ و ئەمڕۆ یان سبەی وردەکاری و وادەی درێژکردنەوەکە ئاشکرادەکرێت.

وتیشی، جارێکی دیکە قەدەغەی ھاتوچۆ درێژدەکرێتەوە بەڵام جارێ کاتی درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ دیاری نەکراوە.

هاوکات، محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، وەکو وەزارەتی تەندروستیی داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردوە تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ درێژبکرێتەوە.

رونیشیکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاردەدات و تاوەکو ئێستا دیارنییە ئەو پێشنیارە قبوڵ دەکرێت یاخود نا.

ئەمەش لە کاتێدایە، رۆژی ٣١ی مانگی ئازاری ٢٠٢٠، بۆ جاری چوارەم قەدەغەی هاتوچۆ تاوەکو ١٠ی ئەم مانگە درێژکرایەوە و بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری نوێى درێژکرنەوە ئاشکرابکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×