مرۆڤی تاک رەھەندو فرە رەھەند

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2019-04-04     1125
مرۆڤە تاک رەھەندیەکان: 
ئەو مرۆڤانەن لەروانگەیەکی روبەر تەسک‌و توندو لێڵ‌و بەرژەوەندگەراوە لەدونیاو کۆی کایەی ژیان‌و روداوەکانەوە دەروانن. ئەم توێژە قەت ئامادە نین  بۆ ساتێکیش دەسبەرداری بیروبۆچونە تەسکەکانیان بن لەپێناو گونجان لەنێو ئەو فەزا کۆمەڵایەتی‌و سیاسیە فرە رەھەندیەی تیایدا دەژین.

ئەمانە خاوەنی زمانێکی ئاخاوتنی روکەشگەراو ناپتەوو بازاری‌و بێ ناوەرۆک‌و خاڵی لەپەیام‌و داشۆراو لەھێماو نیشانەی روناکبیری‌و  دابڕاو لە بیر تیژی‌و ھۆشیارین.

ئەم تایپە لە مرۆڤ رقی لەھەموو جیاوازیەکانەو لە فەلەکی تاک رەھەندی خۆیدا بەدەور دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانیدا وێڵ‌و سەرگەردانە. پێویستی بەخوێندن و خوێندنەوەو بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و ھۆشیاری نیە. بەرھەمی سیستەمی سەرمایەداری و پەروەردەکراوی کاپیتالیزم و قۆناغی پیشەسازی و تەوژمی شۆرشی زانیاریە، بەڵام لە چەقی گۆرانکاریەکاندا نیەو پەراوێز نشینێکی پەروباڵ شکاوو دیلێکی دەستەمۆکراوو بێ ئیرادەیە. 

مرۆڤی تاک رەھەند تەنیا بروای بە یەک مێژوو و یەک حیکایەت و یەک داستان و یەک ئەفسانەو یەک گێرانەوە ھەیە و ھەمیشە لەکاتی تەنگانەدا لە پەراوێزی ئەو مێژووەوە بە دوای شوناسی ونبووی خۆیدا دەگەرێ....ئەم کاراکتەرە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی ژیان و دابین کردنی خۆشگوزەرانی تایبەتی خۆی و ھەلومەرجی گونجاوەوە سڵ لە ھیچ سازش و کرنۆش بردن و ھەڵێنانی ھیچ ھەنگاوێک ناکاتەوە...تاکە ئامانجی، بڕینی قۆناغەکانی سەرکەوتن و گەیشتنە بە ھەرەمی سەری سەرەوەیە. تەنانەت گوێ بە ھیچ پرەنسیپ و بەھایەک نادات و  زۆر بەلایەوە ئاساییە ھەررۆژەی شادەو ئیمان بە ئایدیۆلۆژیایەکی تاک رەھەندەوە  بێنێ و ئەوەی پێشووتر بخاتە زبڵدانی مێژووەوە...

ژیان لە روانگەم ئەم، پرۆسەیەکە بۆ تێرکردنی حەزوئاوات و خواستە بێ سنوورەکانەوە. توانای خۆ گوجاندنی لەگەڵ مرۆڤە فرە رەھەندیەکانەوە نیەو بەردەوام لە کێشەدایە. خەمی گشتی، خەم و بەرپرسیارەتی  ئەو نیە. خوێندنەوەی بۆ کۆی گشتی رووداوەکان و بەسەرھاتەکان، رووکەشگەرایانەو بە پەلەیە و بۆیە زوو ھەڵدەچێ و بەپەلەش بریار دەردەکات و پەرچەکرداری تووندە.
 
ئەم تایپە لە مرۆڤ ھەمیشەلە دەلاقەی بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە  روانگەکانی دھەمبەر ژیان و سیستەمی حوکمرانی وسیاسیەوە گەڵاڵە دەکات و خاوەنی کۆمەڵێک پرەنسیپی ناجێگیرە و ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ئارمانجە دوورو نزیکەکانیەوە قوربانی بە ھەموو بەھایەک بدات.   

ئەم تایپە تەنانەت ئەگەر  توانی گشت پێداویستیەکانیشی دابین بکات،  ئارام ناگرێ و تامەزرۆیی تێر کردنی  حەزوئاواتەکانی سنووری نیەولە ھەوڵەکانی بۆ دەست خستنی زیاتر ناوەستێ  و دووچاری جۆرێک لە پەتای ناجۆری زۆر خوازی و بەرزەفریەوە دەبێ دواتر خۆی لە کۆمەڵ و ئاسایی بوون و کۆ جیادەکاتەوە.  دواجار تاکرەھەندی دەبێ بە بەردی بناغەی ھزرو بیرو تێرامانیەوەو  فریوی سێبەری خۆی و پاشخانە فکریە تاک رەھەندیە کەی خۆیەوە دەخوات.  

ئەم زاتە حەقیقەتە سادەکان وەک خۆیان نابینێ و شەوو رۆژ لە جەدەلی شرۆڤەکاری رووداوەکاندا  لەجینگەڵداندایە و پێی وایە ئەوەی جیالەو بیربکاتەوە نەفام و ھەرزەو نەیارە... مرۆڤە فرە رەھەندەکان بە دوژمن و نەیاری سەرسەختی خۆی وێنا دەکا و تا سەر ئێسقان نەیاری فکرو بیروبۆچوونی جیاوازە لەوەی خۆیەوە... تەنیا حەزی گوێ گرتنە لەو حێکایەتانەی دڵی خۆش دەکەن و ئاسودەیی رۆحی پێ دەبەخشن و بەرژەوەندیەکانی بۆی دابین دەکەن و داھاتووی بۆ مسۆگەر دەکەن. 

مرۆڤە فرەرەھەندیەکان:  
ئەم تایپە لەمرۆڤ تەواو جیاوازە لەمرۆڤە تاک رەھەندیەکان. ئەمانە بریتین لەو مرۆڤە ئازادبیرانەی جیھان و کایەی ژیان بەفرە رەھەندی دەبینن‌و بەگوێرەی ھەلومەرج و روداوو راستیەکانی ژیان گۆرانکاری بەسەر ئاوەزو دەرک و  عەقڵ و تێگەیشتنەکانیاندا دێت‌و  لەکونی دەرزیەوە لە جیھان و رەگەزە پێکھێنەرەکان و کاراکتەرەکان و رووداوەکانەوە  ناروانن. 
ئەم توێژە ھەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی و بەھای جوانی وەک بەرپرسیارەتی‌و یێگەیشتن و زانست و زانیاری و جیھانبینی واقعگەران ولە مامەڵەکردن لەگەڵ کایەی ژیان کراوەو ئارامگرو بە ورەو زاناو وردبین و ئیلھام بەخشن.

ئەم توێژە ھەمیشە بەرژەوەندی و خێرو چاکە و خەمی گشتی  ئەخەنە پێش بەرژەوەندی  تایبەتی  خۆیانەوەو و خاوەنی ھۆشیاری و مەعریفەیەکی قوڵ و جیھانبینیەکی فرە دەلاقە و ھاوچەرخن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×