ڕۆژنامە لەپیشەسازیی بەرهەمهێنانی هەواڵەوە بۆ دروستکردنی نەتەوە

ئاراس فەتاح
  2019-01-29     555
مێژووی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی هاوشان بەداهێنانە تەکنەلۆژیی و فیکرییەکانی گۆڕانکاڕیی قووڵ و گەورەی بەسەردا هاتووە؛ لە کۆمەڵەی مرۆیی ساکارەوە دەبێت بە کۆمەڵگای ئاڵۆز و لە کۆمەڵگای دەوڵەتییشەوە هەنگاو بەرەو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی دەنێت. لە ساڵی 1605دا یەکەم ڕۆژنامە لە مێژووی مرۆڤایەتیی لە شاری شتراسبۆرگ لەلایەن (یۆهان کارۆلوس) بەناوی Relation، بەزمانی ئەڵمانیی دادەمەزرێنرێت. لەم چرکەساتەوە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی هەواڵ و دەنگوباس و زانیاریی سەرھەڵدەدات و لە سەدەی نوزدەهەمیشەوە دەبێت بە فاکتەرێکی کاریگەر لە پرۆسەی بەکۆمەڵگابوون و ڕووبەرێکی گرنگ و نوێ لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەنێوان تاک و گروپ و ناوچە جیاوازەکانی یەک وڵات و پاشان لەنێوان دەوڵەتانی جیهان. ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی کاریگەر بۆ بەگشتییبوونی زانیاریی و بەجیهانییبوونی پەیوەندیی و بەرهەمهێنانی چەمکی ناسیۆنالیزم و پاشان ئینتەرناسیۆنالیزم.

ڕۆژنامەی Relation لە قۆناغی سەرەتایدا بە دەستنووس ئامادەدەکرا و ھەفتانەش بە قەبارەی چوار لاپەڕە دەردەچوو. پاشان هەمان مۆدێل و داهێنان بۆ شارەکانی ئەڵمانیا و کۆی وڵاتە ئەوروپییەکانی تر تەشەنەدەکات. لە ساڵی 1618دا (کاسپار فان ھیلتن) لە هۆڵەندا یەکەم ڕۆژنامە دادەمەزرێنیت. لە باشووری ئەوکاتی هۆڵەنداش کە ئێستا بەلجیکایە (ئەبراھام فەرھۆیڤن) لە ساڵی 1620دا یەکەم ڕۆژنامە بڵاودەکاتەوە. لە نەمساو فەرەنسا و پۆرتوگال و سوید و پۆلەندا بریتانیا و دانمارک و ئەمریکا و روسیا و ژاپۆن و کۆریا و وڵاتانی تردا ھەمان ئەزموون دووبارە دەبنەوە و هەموو دەبن بە خاوەنی ڕۆژنامەی هەفتانە و پاشان ڕۆژانەی خۆیان. شایانی وەبیرھێنانەوەیە کە یەکەم ڕۆژنامەی ڕۆژانە لە ساڵی 1650 لە شاری لایپتزیک لە ئەڵمانیا لەدایکدەبێت و لەوکاتەشەوە سەرەتای مۆدێل و ئەزموونێکی نوێ لە کایەی ڕۆژنامەگەریی دەستپێدەکات.

لەدایکبوونی ڕۆژنامە تەنھا پەیوەندیی بە دۆزینەوەی ئامێری چاپەوە نییە، کە دیارە بەبێ بیرۆکەکەی گوتنبێرگ و داهێنانی دەزگای چاپ نەدەکرا وێنابکرێت، بەڵکو لەهەمانکاتدا پەیوەندییەکی قووڵی بە سیستەمێکی تێکئاڵاو لە کایە و پیشەی جۆراوجۆرەوە ھەیە کە ھەموو پێکەوە، هاوتەریب بەیەک، دەبن بە ھۆکاری لەدایکبوون و گەشەسەندنی ئەم دیاردە نوێیەی ناو کۆمەڵگا. بێگومان بەبێ بوونی دەزگای چاپخانەی کتێب و پیشەی بەرگسازیی کە سەردەمانێکی زۆر کارێکی دەستیی بوو، ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بکەین. هەرئەمەشە وادەکات کە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێی پەخش لەلایەن خاوەن چاپخانە ئەهلییەکانەوە دامەزنێرێت و بەمشێوەیەش سەرچاوەی داهاتێکی نوێ لە پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەدۆزنەوە. چاپخانە و کارگەی بەرگسازیی کتێب یەکێک بوون لە پیشە گرنگەکانی سەردەمی پێش سەرهەڵدانی چاپخانەی مۆدێرن. گرنگیی ئەم پیشەیە تەنها بەرگگرتن نەبوو لە کتێب، بەڵکو زانست و هونەرێک بوو کە هەموو کەس نەیدەتوانی بەبێ فێربوون مومارەسەی بکات. چاپخانەی کتێب و بەرگسازەکان وەکو گروپێکی ناو کایەی زانین و پیشەسازیی توانییان ڕۆڵێکی گرنگ لە مێژووی بە گشتییکردنی زانین بگێڕن و دامودەزگای ڕۆژنامەگەریی دامەزرێنن و پیشەی ڕۆژنامەنووس بەرهەمبهێنن کە وەزیفەی سەرەکیی گەیاندنی هەواڵ و ڕووماڵکردنی ڕووداوە سیاسیی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانە بۆ کۆی تاکەکانی کۆمەڵگا.

گەر سەدەی بیست ویەک بە سەدەی زانیاریی „Informationszeitalter“ ناودێربکرێت، ئەوا دەتوانین سەدەی نۆزدە بە سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ ناوزەدبکەین. پرۆسەی بەپیشەسازییکردن و پێشکەوتنی تەکنیک و کۆلۆنیالیزم و ئابووری لیبراڵ و بۆرسە و سەرهەڵدانی ڕۆژنامەی جەماوەریی لە سەدەی نۆزدەدا بوون بە هۆکاری دامەزراندنی ئاژانسی دەنگوباس، بۆئەوەی هەواڵی وڵاتان و جەنگی وڵاتە کۆلۆنیالیستەکان و دەنگوباسی بۆرسە بەخێراترین کات بگەیەنێتە ڕۆژنامەکان. دامەزراندنی یەکەم ئاژانسی دەنگوباس لەساڵی 1835 بەناوی „Agence Havas“ کە دواتر دەبێت بە ئاژانسی „AFP“ لە فەرەنسا، „AP“ لە ئەمریکا و „Reuters“ لە بریتانیا و پاشان لە وڵاتانی تریش هەمان ئەزموون دوبارەدەبنەوە، ئەمانە هەمووی بەرهەمی لیبرالیزمی ئابووریی و سیاسیی سیستەمی سەرمایەداریی و ئەو پێشکەوتنە بوون کە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی هەواڵ و فرۆشتنی زانیاریی و سەرهەڵدانی سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ هێنانیەکایەوە. سەدەی نۆزدە تەنها سەدەی پیشەسازیی و جەنگی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان نەبوو، بەڵکو سەدەی پەیوەندییەکی گڵۆباڵ بوو. هەروەکو چۆن دەزگاکانی ئاژانسی دەنگوباس هەواڵی هەموو جیهانیان بە ڕۆژنامەکان دەفرۆشت، ئاوهاش خودی ڕۆژنامە ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی وەرگرت و پەیامنێری لە وڵاتاندا هەبوو، بۆئەوەی نوێترین هەواڵی سیاسیی و زانیاریی ئابووریی و ڕیپۆرتاژ و وتار بڵاوبکەنەوە. شایانی باسە گەورەفەیلەسوفی ئەڵمانیی، کارل مارکس، ساڵانێکی زۆر ژیانی بەم پیشەیە دابین دەکرد. بەپێچەوانەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە کاری ڕۆژنامەگەرییان کردووە بە نەنگیی و دوورکەوتنەوە لە پرسە قووڵ و داهێنانە فیکرییە گەورەکان، کارل مارکس لە ساڵانی 43 ـ 1842 ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی لیبڕاڵی „Rheinischen Zeitung“ بوو و بۆ ماوەی پێنج مانگیش سەرنووسەری هەمان ڕۆژنامە بوو. دوای ئەویش لە ساڵانی 49 ـ 1848 سەرنووسەری ڕۆژنامەی „Neue Rheinische Zeitung“ بوو و لە قۆناغی سێهەمی تەمەنی ڕۆژنامەنووسیشیدا بوو بە پەیامنێری ڕۆژنامەی „New York Tribune“ی ئەمریکی لەشاری لەندەن کە ئەوسەردەمە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهان بوو. (2005 :Jürgen Herres)

ڕۆژنامەگەریی لەپاڵ کتێبدا پیشەیەکە کە بەپلەی یەکەم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نووسینەوە هەیە. ئێمە هەروەکو چۆن ناتوانین وێنای کتێب بە بێ نووسەر بکەین، ئاوهاش ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بەبێ نووسەر و پاشان پیشەیەکی نوێ کە ڕۆژنامەنووسە بکەین کە دوو کۆڵەکەی گرنگی ئەم کایە نوێیەی ناو میدیای سەردەمی بەپیشەسازییکردنی بەرهەمهێنانی هەواڵ و زانیاریین. لەپاڵ ئەمانیشدا هونەری گرافیک و دیزاین و کۆمیک دێنە ناو پیشەی ڕۆژنامەگەرییەوە و ئەم کایە میدیاییە نوێیە بەرفراوانتر و کامڵتر دەکەن.

بـێگومان هەموو ئەم کایە تەکنیکیی و فیکرییانە پێکەوە دەتوانن ڕۆژنامە بەرهەمبهێنن، بەڵام بەبێ بونی سیستەمێکی تر ناتوانن بەردەوامبن، ئەویش بوونی پۆستە. ڕۆژنامە لە ڕیگای پۆستەوە دەتوانێت نووسینی بۆ بێت و ھەر لەو ڕێگایەشەوە ڕۆژنامەی چاپکراو بڵاودەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە دەست خوێنەرانی. یۆهان کارۆلوس هەفتانە هەموو هەواڵ و دەنگوباسەکانی لەلایەن پەیامنێرەکانیەوە لەڕێگای نێوەندە گرنگەکانی پۆستەوە کۆدەکردەوە، کە لە چەند شارێکدا بوون. بەمچەشنە دەبینین کە سیستەمی پۆست یەکێکە لە بزوێنەر و پایە گرنگەکانی دروستبوون و بەردەوامیی ڕۆژنامە. ھەر ئەمەشە وامان لێدەکات کە بڵیین بەبێ پۆست ئاستەمە باس لە دروستبوونی چەمکی نەتەوەش بکەین. بۆئەوەی نەتەوە بە مانا مۆدێرنەکەی لەدایکببیت دەبێت ئەو گەلە خاوەن سیستەمی پۆستێکی نیشتیمانیی بێت کە ھاوڵاتیان بتوانن نامە و کتێب و نووسینەکانیان و دەزگا و کۆمپانیاکانیش بەرهەمەکانیان بەبێ مەترسیی لەناوچوون یان خراپبوون بگەیەننە جێگای مەبەست. سیستەمی پۆست پەیوەندییەکی گەورەی بە فۆرم و مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە، لەکاتێکدا لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا یاسای پاراستنی „نهێنیی نامە“ و „نهێنیی پۆست“ هەیە، لە وڵاتە ستەمگەر و دیکتاتۆرەکاندا ئەم مافە هەر بوونی نییە یان زۆر سنووردارە.

کایەیەکی گرنگی تر بۆ پیشەسازیی ڕۆژنامەگەریی بوونی سەرمایە و سیستەمی بانکە. هیچ پڕۆژەیەکی قازانجویست ناتوانرێت بەبێ بوونی سەرمایەیەکی دیارییکراو بخرێتەگەڕ. دەزگای بانکیش لێرەدا دەبێت بە یەکێک لە کایە گرنگەکانی دروستکردن و بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان کڕیار و فرۆشیار. واتە بۆئەوەی ڕۆژنامەیەک بەردەوامیی هەبێت، سەرەتا پێویستیی بە سەرمایەیەک هەیە بۆ دامەزراندنی و پاشان پێویستیی بە بەشداربوونی خوێنەران و ئابوونە هەیە، بۆئەوەی ئەو سەرمایەیە لەپێناو بەردەوامیی و مانەوەی ڕۆژمانەکەدا بخرێتەگەڕ. شایانی سەرنجە کە نەبوونی ئەم دوو کایە گرنگەش، واتە پۆست و بانک، لە دونیای ئێمەدا مانای ئەوەیە کە زۆرینەی پرۆژەی میدیای چاپکراوەکان بەر گورزێکی گەورەی سیستەمی کڕین و بڵاوکردنەوە بکەون و لە مەدای دوور و نزییکدا گەر سەرمایەیەکی گەورەیان لە پشتەوە نەبێت، پڕۆژەکەیان شکست بهێنیت و ڕوبەڕووی مایەپووچی ببنەوە. بەپێچەوانەوە دەبینین کە میدیای حیزبیی بە حوکمی ئەوەی لەسەر فرۆشی خۆی ناژی، ئەم کێشەیەی نییە، بەڵام کێشەیەکی گەورە و قووڵتری پیشەیی و ئەخلاقیی ھەیە. ڕۆژنامەی حیزبیی و میدیای سێبەر لەبەرئەوەی سەرچاوە داراییەکەیان سامانی گشتییە و بەهەدەردەدرێت، نە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەکڕدڕێت و نە دەشخوێندرێتەوە، چونکە لەڕووی ئێتیکی ڕۆژنامەگەرییەوە هیچ میسداقییەتێکیان نییە. تەنھا گرنگییەک ئەم میدیا حیزبییانە ھەیانبێت بریتییە لە تەوسیقی چالاکییەکانی حیزبەکان و سەرۆکەکانیان و ڕوبەرێکی ریکلامکردن بۆ کۆمپانیاکانیان و بڵاوکردنەوەی ئاگاهیینامەی مردن و وونبوونی شوناسنامەی هاوڵاتیان. لە کۆمیدییترین و خراپترین حاڵەتدا خەڵک کاغەزەکانی دەکەن بە سفرەی نانخواردن و کاسپکارانیش بە لوولەی گوڵەبەڕۆژە.

گەر رۆژنامەی Relation سەرەتا تەنها بۆ هەندێ „پیاوماقوڵان“ بووبێت، ئەوا بیرۆکەکەی یۆهان کارۆلوس کە بەرفراوانتری بکات و هەواڵی شوێنەکانی تری جیهانی تێدا بڵاوبکرێتەوە، گەورەترین داهێنان بوو. گەر لەو سەردەمەدا ڕۆژنامە تەنھا شوێنی بایەخی خویندەوارەکان بووبێت، ئەوا لە سەردەمانی دواتردا ڕۆژنامە دەبێت بە پیداویستییەکی ڕۆژانە بۆ وەچنگخستنی هەواڵ و گەیشتن بە زانیاریی و دروستکردنی ڕای گشتیی.

ڕۆژنامە شوناسی جیا و ئامانجی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مەعریفیی جیا لەخۆیدەگرێت. گەرچی سەرھەڵدانی ڕۆژنامە داھێنانێکی ئەھلییە و زۆرینەی کاتەکان کەسانی خاوەن دەزگای چاپ و پەخش بەم کارە ھەڵساون و یەکێک لە ئامانجەکانیان کەڵەکەکردنی سەرمایە بووە، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی و کاریگەریی لەسەر دروستبوونی وشیاریی دەستەجەمعیی، لە قۆناغێکدا ڕۆژنامەی حیزبیی سەرھەڵدەدات. مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆژنامەی ئاراستەکرا و کۆنترۆڵکرا و سانسۆرکراو سەرهەڵدەدات، وەک لە ئەزموونی حیزبە ئایدیۆلۆژیستەکاندا دەیبینین. گەرچی ڕۆژنامە حیزبییەکان هیچ کاتێک نەیانتوانیوە کێبڕکێی ڕۆژنامە ئەهلییەکان بکەن، بەڵام وەک میدیۆمێکی ئایدیۆلۆژیی دێنە ناو کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە. ئەم مۆدێلە نوێیەی ڕۆژنامە لە دەوڵەتە دیکتاتۆر و تۆتالیتار و سۆسیالیستەکانیشدا وا لە ڕۆژنامە دەکات ببێت بە یەکێک لە ئۆرگانەکانی حیزب و پاشان بە ڕۆژنامەی ڕەسمیی دەوڵەت. بەمچەشنە ڕۆژنامەی حیزبیی یان حکومیی دەبێت بە تاکە سەرچاوەی زانیاریی و وەکو بەرھەمێکی جەماوەریی دەفرۆشرێت و ڕێگا بە ڕۆژنامەی ئەھلیی سەربەخۆ نادرێت، چونکە وەکو تابوری پێنجەم تەماشادەکرێت.

لە خۆڕا نییە کە بیرمەندێکی وەکو بێنێدیکت ئەندەرسۆن لە کتێبە بەناوبانگەگەیدا لەسەر ناسیۆنالیزم بەناوی Imagined Communities „کۆمەڵەی وێناکراو“ کە بە ئەڵمانییەکەی کراوە بە Die Erfindung der Nation „دۆزینەوەی نەتەوە“، شیکاری گرنگیی ڕۆڵی چاپەمەنیی لە دروستبوونی چەمکی نەتەوە دەکات. بەبۆچونی ئەو ڕۆژنامە دەبێت بە یەکێک لە کەرەسە گرنگەکانی دروستبوونی وشیارییەکی دەستەجەمعیی،چونکە هۆکارێکە بۆ دروستکردنی هاوزەمەنیی ھاوڵاتیانی وڵاتێک لەگەڵ یەکتر و هاوخەمییان بۆیەکتر. هاوڵاتیانی هەر وڵاتێک بەبێئەوەی یەکتر بناسن، خۆیان بە ئەندامی ئەو کۆمەڵە وێناکراوە دەزانن و لەڕیگای چاپەمەنیی و ڕۆژنامەگەرییەوە دەتوانن لە یەک کاتدا ئاگاداری ھەواڵی سیاسەت و ئابووریی و ڕۆشنبیریی و وەرزش و تەندروستیی و ھتد.ی شار و شارۆچکە و گوندەکانی خۆیان و ڕووداوە گرنگەکانی وڵاتانی دراوسێ و جیھان بن. بەم چەشنە ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی گرنگ بۆ دروستکردنی وشیاریی „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ لەوێنەی نەتەوە کە هەموو تاکێک خۆی بەئەندامی دەزانێت و وەلائەتی بۆی هەیە. ناسیۆنالیزم بۆ ئەندەرسۆن گۆڕینی چەمکی کۆمەڵەی ڕووبەڕووە لەوێنەی خێزان کە هەموو تاکەکان یەکتر دەناسن و پەیوەندیی خوێنیان بەیەکەوە هەیە، بۆ „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ کە سنوورەکەی لە سنوورە کۆمەڵایەتییە لۆکاڵیی و تەقلیدییەکان گەورەترە. ڕۆژنامە وەکو بەرهەمێکی کاپیتالیزمی چاپ ڕۆڵیکی کاریگەر دەگێڕێت لە زەمینەسازیی و دروستکردنی وێنایەکی گەورەتر لە بنەماڵە و کلان و خێڵ و بەرهەمهێنانی وەلائەتێکی سەروو لۆکاڵیی و بەیەککاتکردنی ژیانی کۆمەڵەیەکی مرۆیی و بەیەکگەشتنی پارچەکانی کۆمەڵگا و دروستکردنی وشیارییەکی دەستەجەمعیی وێناکراوە بۆیان. (Benedict Anderson:1998). لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕیکخراوی کرێکاریی و کۆمۆنیستییشدا ڕۆژنامە ڕەهەندێکی ئینتەرناسیۆنالیستیی وەردەگرێت و وێنایەکی گەردوونیی بە کێشەی کرێکاران لە هەموو جیهان دەبەخشیت و جۆش بە خەباتی چینایەتییشیان دژ بە سیستەمی گلوباڵی سەرمایەداریی دەدات.

گرفتی لەدایکبوونەبوونی نەتەوە لەنێوان حیزب و ڕۆژنامەگەریی کوردییدا

گەر ئەو تێز و ڕاڤەکردنەی ئەندەرسۆن بە هەموو ئەو ڕەخنانەی ئاراستەشی دەکرێن، بکەین بە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی لەدایکبوونی نەتەوە بەمانا سیاسییەکەی، ئەوا دەتوانین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی میدیا لە هەرێمدا بڵێین: چەندە دەسەڵاتدارێتی کوردیی شکستی لە پرۆسەی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازییدا هێناوە، ڕۆژنامەی کوردییش نەیتوانیوە لەبەر زیاد لە هۆکارێک ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. ڕۆژنامەگەریی کوردیی ساڵانێکە لە کێشەیەکی بونیادی قووڵدا دەژی کە ئەم وتارە جێگای تاووتوێکردنی ھەموو ڕەھەندەکانی نییە، بەڵام لە بەشی سێهەمی ئەم وتارەدا دەمەوێت باس لە هەندێ گرفت و کێشەکانی بکەم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×