كۆرمۆر و بەردەوامی درۆنەكان

کەمال محەمەد
  2024-04-29     71

بنەچەی كوردان خاوەنی ئەو خاك و كەلتورەن كە لەمێژودا لەگەڵ گەلانی دیكە ئابوری بازاریان لەسەر بنەمای چەندین سێكتەری بازرگانی و ئابوری ئاوا كردوە،ئێستای هەرێمەكە ئەو كاتەیە كە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری جیهان مەیلی بەدەستهێنانی زۆرترین قازانجی هەیە لەسەری ،لە مێژوی كوردان بەهۆی پێگەی جیۆستراتیژییەكەی ڕوبەروی زۆرترین سەركوتكردنی ستاتۆ هاتوە ،سەرباری پێگەكەی تا ئێستا كورد و خاكەكەی ڕوبەروی كردە نۆژەنەكانی جینۆساید ئەبێتەوە ئەمەش مسۆگەر بە پەیدابون و شێوەكانی گرێدراو بە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری و هێزە هەژمونگەراییەكانی هەرێمی و جیهانییەوەیە ،

جیاواز لە كۆمەڵگاكانی دیكەی ناوچەكە كودان نەیانتوانیوە خۆیان. لە كۆمەڵگایەكی نەتەوەییەوە بگەیەنن و تواناكاری دەوڵەتیان بەدەست نەهێناوە بۆیە هەردەم ڕوبەروی كردەی ژینۆساید كراوە بە سیستەم و بەردەوام لە دۆخی لاشەیەكی كۆمەڵایەتیدا هێڵراوەتەوە و بوە بە پێگەی بەردەوامی نەریتی مێژوی هێزە هەرێمی و ئیمپریالیستییەكان و زیاترین زەبری هێزكانی بەركەوتوەو دوچاری تەسفییەكاری ئەو هێزانە بوە،هەرێمی كوردستان دۆخێكی كائۆتیكی بە خۆوە گرتوە و هەر ئەم دۆخە كائۆتیكییەش تەواوی خۆرهەڵاتی ناوین و دراوسێ نزیكەكانیشی خستۆتە ژێر كاریگەری خۆیەوە و بەهۆی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری و بلۆكبەندی جیهانیشەوە لە هەلومەرجی پارادۆكسی ئەو زەمینە كائۆتیكەدا ئەژی و هاوڵاتیانی هەرێمەكەش بون بە ئازارترین قوربانییەكانی ئەو دۆخە كائۆتییە ڕۆژانە بەهێرشی درۆنەكان بەسەر ئەكرێنەوە و جوگرافیاكەیان بوە بە لانكەی سەراوژێر بون گەیشتن بە دۆخی گەلێك كە تۆزێك ماوە لە مێژوو بسڕێنەوە ،

ئەوەی ڕودەدات گڵۆڵەیەكی سادەی ململانێكان و بلۆكبەندی جیهانی نییە ،ئەو دۆخە كائۆتیكییەی هەرێمەكەی تێ ئاخنراوە تەنها سەرچاوەی خۆی لە یاسای بەدەستهێنانی زۆرترین قازانجی سەرمایەداریە ،ئەمەی ئێستا ڕو ئەدات ڕۆڵی گرنگی هەرێمەكە نییە بۆ دانیشتوانەكەی تاكو بتوانێت میكانیزمی نەتەوەیی و دیموكراسی و ئازادی هوشیارانەی خۆی پێشبخات و ئیرادە بۆ قۆناغێكی دیكە بەرز بكاتەوە و خۆی لە زهنییەتی دۆگماتیك بپارێزێت ،بەڵكو دابەش بونی نێوخۆیی هەرێمەكەیە بەسەر بلۆكبەندیدا كە دواجار هەڵوێست سەبارەت بە كێشەو مژارەكانی ئەمڕۆكەی كورد لەبارتر ئەبات و لەئاكامدا لەململانێ بەهێزەكەی دو جەمسەرەكەی جیهان زیاتر بێچارەیی خۆی ئەبینێتەوە و ئەنجامەكەی ناوچەیەكی كائیۆس ئەبێت لە گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ،

میراسی ئەو دەسەڵاتەی دو زلهێزی ناوچەیی وەك ئێران و توركیا پشتی پێ ئەبەستن لە هەرێمەكە بەفەرمی كوردستانیان دابەش و لاواز كردوە و سنوری نێوانیان لەسەر پرسی چارەسەری كورد نەبوە بەڵكو بەپێی بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت و ستراتیژیان پێڕەو كردوە ،هێرشی ناوەناوەی درۆنەكان قۆناغێكی بۆ هەرێم دروست كردوە كە لایەنی لەناو چون زیاتر لایەنی بونی دەركەوتۆتە پێش چون ئابورییە بوە بە بنەمای پێشخستنی هەژمونگەرایی و بەهێز بون و چەكی دژبەری جەنگەكان ،ئێستای ناوچەكە بەدەست كوشندەترین ئازاری جەنگی سەرمایەداری دەناڵێنێت وەك بڵێی جارێكی دیكە مێژوو زیندوو بۆتەوە .

ئێستای هەرێمی كوردستان بوە بە سروشتە ئاڵۆز و بەگرفتەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بوە بە یەكێك لەو شوێنانەی كە هەژمونگەرایی نوێی جیهان خۆیان بۆ قۆناعێكی نوێ ئامادەكردوە و جیاواز لە مێژوو ئەمجارەیان خۆیان بە ئامرازی نوێ و مۆدێرن تەیار كردوە و ئیتر سەردەمی میرنشینی كوردەكان كەلەسەردەمی میتانی و هیتیتەكان هەبون كۆتایی پێ دێت و وردە وردە بەرەو مەترۆپۆڵەكانی ئیمپریالیستییەكان هەنگاو ئەنێت و كورد بون و كوردایەتی بوە بەئامرازی ژیاندنی بنەماڵەكان و ئیتر بزوتنەوەیەكی كوردی نەماوە لەسەر بنەمای ستراتیژی و تەكتیكێكی بەرنامەیی مێژوویی و نەتەوەییەوە بەرێوە ببرێت ،ئێستا كوردایەتی لە كۆشكی هێزە هەژمونگەراكان لە دەرەتانێك ئەگەرێن وەك ڕۆڵی مێژوویان لە خانەدانی سەفەوی و عوسمانیدا .

ئەوەی ئەنجام ئەدرێت لە هێرشی درۆنەكان هەوڵدانە لە پێناو تێگەیشتنی بەرامبەر و دەرخستنی چۆنێتی بەكاریگەربونیانە لە ناوچەكە و گرێبەستە ئابوری و سیاسییەكان تاوەكو داكۆكی لەو خاڵە بكەن كە لە چوارچێوەی میراسی چینی سەرو كورد هەیانە !

شیكارە ئەبستراكتەكانی سەرمایەداری دوای دابەشكاری ناوچەكەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لەلایەن هێزە جیهانییەكان هۆكارە بۆ ئەوەی بەتەواوی بزانین هێزە هەژمونگەراكان لە دابەشكردنی وڵاتان وگەلان و ئاواكردنی ستاتۆگەلی وابەستە بە خۆیانەوە چەندە بە شێوەیەكی درێژخایەن بیریان كردۆتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا پلان و ستراتیژییەتی خۆیان داڕشتوە .

كۆرمۆر و غازەكەی ئەو فریاگوزارەی سەردەمی سەرمایەداری فینانسە كە زلهێزەكان ئەیانەوێت وەك جێگرەوەیەكی نەوت حوكمی بەسەردا بكەن و هێدی هێدی تەنگەژەكانی ئابوری و كەمی غازی ئەوروپا و چەكی گەورەی دەستی بلۆكبەندی پێ چارەسەر بكەن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×