موازنەی ۲٠۱۹ ی عێراق،کۆتایی بەسیستمی پاشەکەوت هێنا

هۆشیار عەبدوڵا
  2019-03-08     612

لابردنی سیستمی زۆرە ملێی پاشەکەوت کە وایکرد فەرمانبەرانی هەرێم چەندین ساڵ ژیانێکی سەخت بەرێبکەن ، منەتی ناوێ داوای لێبوردنی دەوێ ، هەمو ئەوانەشی کە پێشنیاری ئەو سیستەمەیان کرد ، ئەوانەی پشتیوانیان کرد لە ئەنجومەنی وەزیران ، ئەوانەی جێبەجێیان کرد تاوانێکی گەورەیان ئەنجامدا،لام سەیرە ئەوانەی سەپاندیان لەبری شەرم ، شانازی بەلابردنیەوە بکەن ، بەتایبەت کە ئەگەر یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ ی عیراق چمانی موچەی نەکردایە ، لا نەدەبرا .

لا نەدەبرا ئەگەر لە موازەنەی عێراقدا موچەی فەرمانبەران بێ ناردنی نەوتیش لە رێگەی سۆمۆوە جێگیر نەکرایە ، ئاخر خۆ مەعقول نیە هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێ ، داهاتی ناوخۆی لابێت ،پارەی لە بەغدادەوە بۆ بێت و هێشتا بڵێ موچەی تەواو نادەم ؟!

ئەو پارەیەی لە موازەنەی ۲٠۱۹ دا ، جێگیر کراوە وەک پشکی هەرێم ، لە حاڵەتێکا هەرێم پابەندیش نەبێت بە ناردنی نەوتەوە حصرا بۆ موچەی فەرمانبەران جێگیر کراوە ،بۆیە هەرێم دەبێت موچەی فەرمانبەران بدات بە تەواوەتی ،لە راستیدا لە گفتوگۆکانی موازەنەدا ئەگەر پاساوەکەمان موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەبوایە هیچ پەرلەمانتارێک ئامادە نەبو دەنگبدات بەو مادەیەی موچەی فەرمانبەران و پیشمەرگە گرەنتی دەکات.

لە گفتوگۆکانی موازنەدا ، هەمو ئەندامە کوردەکانی لیژنی دارایی شایەتن ،گوتمان با مەلەفی نەوتی هەرێم حکومەتی عێراق چۆنی دەوێت وا چارەسەری بکات ، چۆن و بە چ رێگەیەک هەرێم ناچار دەکات نەوت بداتە سۆمۆ ئازادە ، بەلام مەعقول نیە حکومەتی عێراق هیچ رێگەیەکی نەبێت بۆ چارەسەری مەلەفی نەوت سزادانی فەرمانبەرانی هەرێم نەبێت ، بۆ مێژوو بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە هاوڕا و هاوسۆز بون لەگەڵماندا و زۆرێکیان وتیان مەسەلەی موچەی فەرمانبەران و ژیانیان دەبێت هێڵی سور بێت ، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوەشیان گوت لە حاڵەتێکدا رازی دەبین کە دەبێت ئەو پارەیە بدرێتە موچە ئەگەر نەدرێتە موچە هەڵوێستی تریان دەبێت ، هەر بۆیەشە لە گفتوگۆکانی کۆتاییدا بۆ جێگیر کردنی تەعدیلی مادەیی دە ، لە دەقەکەدا موچەی فەرمانبەران جێگەکرایەوە و رازی بون پێی و توانیمان لە لیژنەی مالیە تێیبپەرێنین.

گرنگە رون بێت هێشتا پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بێ ئەوەی هەرێم نەوت بنێرێت پرسێکی گەرمە و جیگەی رەخنەی بەشێک لە کوتلە سیاسیەکانە و هێشتا لە مەترسیدایە و ئەو حاڵەتەش تەنها رەنگە بۆ ۲٠۱۹ بچێتە سەر کە بێ ناردنی نەوت پارە بێت ، بۆیە زۆر گرنگە هەرێم ئەو چاکسازیانە بە خێرایی ئەنجام بدات؛

یەک : پرسی نەوت شەفاف و بە نیشتیمانی بکات ، چارەسەری مەلەفی نەوت بکات لەگەڵ بەغداد بە شێوەیەکی یەکجارەکی نەک پینە و پەڕۆ بۆ ئەوەش دەبێت یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عیراق دەربچیت و هەرێم دژ نەبێت ، گرنگە لە پارەی زیادەی داهاتی نەوت پرسی شایستەی کۆمپانیاکان حەسم بکات و کەڵەکەی نەکات، ئەوە نەکات مەلەفی نەوت ساڵ دوای ساڵ دەبێتە بارێکی گرانتر و نەگبەتی زیاتر دێنێت نەک خۆشبەختی .

دو : جگە لە داهاتی نەوت ، داهاتی ناوخۆش دەبێت شەفافانە کۆبکرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت نەک گیرفانی حزب و کەسەکان ، لەو روەوە رێکخستنەوەی باج بە یاسا ئێجگار گرنگە.

سێ : زۆر گرنگە لە هەرێم بە زویی یاسایی چاکسازی لە موچە و دەرماڵەکاندا تێبپەرێنرێت و دوای تەعدیلاتی زیاتر بە ئاراستەی عەدالەتخوازی و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات .

چوار : بۆ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەبێت هەرێم لیستی موچە بنیرێ بۆ بەغداد ، گرنگە لیستی موچە پاککبکرێتەوە و لیستێکی راستەقینە سازبکرێت و بدرێتە بەغداد بۆ ئەوەی لە موازەنەی ۲٠۲٠ ئیعتیمادی بخەینە سەر.

پێنج: عەیبەیەکی گەورەیە چیتر حکومەتی هەرێم بێ یاسای بودجە داهاتی نەوتی و نانەوتی ، تەخشان و پەخشان بکات ، یاسای بودجە کۆمەلێک ژمارەی گریمانەییە سیاسەتی دارایی ساڵێکی حکومەتە و بێ یاسای بودجە نە عەدالەت هەیە لە تەوزیعی داهاتدا نە دەشتوانرێت چاودێری سەرفکردن بکرێت و لێپرسینەوە بکرێت لە چۆنێتی سەرفکردندا، بونی یاسای موازەنە بۆ هەرێم ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە کە فشار لە حکومەت بکات کە یاسای موازەنە بنێرێتە پەرلەمان بۆ ئەمسالیش نەبێت بۆ ۲٠۲٠.

بێ ئەنجامدانی ئەم (پێنج) هەنگاوەی سەرەوە کێشەیی قەیرانیی دارایی و بەرێوەبردن چارەسەر نابێت و هەرکەسیش ئیدیعای ئەوە بکات کۆتایی دێت جگە لە شیعار شتێکی تر ناڵێت.

دوا قسە ئەوەیە ئەگەر هەڵگرتنی پاشەکەوت ریزێک هەنگاوی جدی چاکسازی لەگەڵدا نەبێت و تەنها بۆ ئەوە بێت بڵێن خۆمان سەپاندمان و خۆشمان لامانبرد و وەک منافەسەی نێوان ئەم کابینەیە و کابینەی داهاتو مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت ئەوە بە دڵنیاییەوە درێژە بە قەیرانەکە ئەدات نەک چارەسەر.

هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی لیژنەی داریی
۸ ی مارس
۲٠۱۹
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×