یەکەم شکانی ڕاستەقینەی ئەردۆگان

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-06-23     1745

بەدرێژایی ١٧ ساڵی ڕابردوو، واتە لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە تا ئێستا ٢٠١٩، ئەمە یەکمجارە پارتەکەی ئەردۆگان ھەڵبژاردنێک بەو ڕونییە بدۆڕێنێت. یەکەم جارە بەشێک لە تورکیا بە دەنگی بەرز بەو پیاوە بڵێت بوەستەو لەشوێنێکی گرنگدا سزای ئەو سیستمە دەسەڵاتگەرە پۆپۆلیستە بدات، کە سەرۆکەکەی خۆی وەک سوڵتانێک نمایشدەکات و تورکیاش بە خودی خۆی یەکسان دەکات. 

ساڵی ٢٠١٣ ئەستەنبول لەڕێگای خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕینەکانی پارکی غازی یەوە دەنگی توڕەی خۆی بە گوێچکەی ئەردۆگان و حوکمڕانییەکەیدا دا، ئەمڕۆکەش لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، کە پێدەچێت لەو وڵاتەدا وەک لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بەشێوەیەکی بێشەرمانە بێنرخ و سووک نەکرابێت. لەھەردوو دۆخکەدا ئەو شارە ئەو جۆرە لە بەرگریی بەرامبەر بەدەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشاندا، کە ھێما بۆ زیندووییەتی شارەک و دانیشتوان و ھێزە سیاسییەکانی ناوی دەکات.

لەمێژووی ژیانی سیاسیی ئەردۆگاندا دەکرێت دوو قۆناغ لەیەکتری جیابکرێتەوە. یەکەمیان قۆناغی ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٣، دووھەمیان قۆناغی ٢٠١٣ بۆ ئێستا. لەیەکەمیاندا ئەردۆگان سیاسییەک بوو کۆمەڵێک ڕیفۆرمی یاسایی وسیاسیی گرنگیی لە تورکیادا ئەنجامدا، بە کردنەوەی دەلاقەیەکیش بەڕووی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا. 

لەدووھەمیاندا گۆڕا بۆ سیاسییەکی دەسەڵاتگەر و خەریکی وێرانکردنێکی تەواوی ئەو سیستمە سیاسییە بوو کە ئەوی لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە بەدەسەڵات گەیاندبوو. لەیەکەمیاندا وەک مۆدێلێک بۆ ناوچەکە دەردەکەوت، لەدووھەمیاندا بوو بە بەشێک لەو سیستمە سیاسییە دەسەڵاتگەرانەی لەمڕۆدا لە زۆر شوێنی دونیادا ئامادەن. 

لەیەکەمیاندا خەونی بوون بەئەندام لەیەکێتی ئەروپادا وزەیەکی گرنگیی بەپرۆسەی چاکسازیەی ناوەکییەکان دەبەخشیی و پیادەکردنی پێشمەرجەکانی ”ڕێکەوتنی کۆپنھاگن“ لەئارادابوو. لە دووھەمیاندا داخرانی ئەم دەرگایە و ھاتنی داعش و گۆڕانی ناوچەکە پرۆسەی دەسەڵاتگەرێتیی لە وڵاتەدا بەھێزتر کرد. 

لەگەڵ دروستبونی داعشدا ململانێ ئیقلیمیی‌و تائیفییەکان لەناوچەکەدا قووڵتربوونەوەو ئەردۆگان بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لەو ململانێیەدا کرد، ھەموو ئەمانە ئەم پیاوەو مۆدێلی حوکمڕانییەکەی زیاترو زیاتر بەرەو دەسەڵاتگەرێتییەکی ڕووت و بێدەرپێ برد. 

ئەمڕۆ ئەردۆگان بووە بە ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تورکیا و ناوچەکەش. لەپەیوەندیدا بەمەسەلەی کوردەوە ئەردۆگان ڕۆڵێکی نێگەتیڤ و ھێجگار ترسناک لە سێ بەشی کوردستاندا دەبینێت. 

لەتورکیادا لە جەنگێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کوردانی ئەو وڵاتە و نوێنەرە سیاسییەکانیاندا. 

لەسوریادا لە سەنگەردایە بۆ پەلاماردانی ئەو ئەزمونەی لە بەشە کوردستانییەکەی ئەو وڵاتەدا دروستکراوە، بە کردەوەش بەشێکی ھەرێمی کوردستانیشی لەعێراقدا داگیرکردوە و سوپاکەی خۆی لەڕووبەرێکی گەورەیدا جێگیرکردوە. 

ئەم دۆڕاندنەی ئەستەنبوڵ دەشێت سەرەتایەکی نوێ بێت، بەڵام بێگومان سەرەتایەک زەحمەت و پڕ کێشەو ململانێی گەورە دەبێت کە لە ئێستادا مەحاڵە بزانرێت دەرەنجامەکانی چۆن دەبێت. ئەستەنبوڵ ئەم ئێوارەیە درزێکی بەرچاوی کردە دیواری حوکمڕانییەکەی ئەردۆگانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×