کاتێک پیاوانی دین دەبن بەتاوانبار

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-03-03     1504
ئەنجومەنی باڵائ فەتوا بڕیاری دانەخستنی نوێژی ھەینی دەدا و بەھانەکەشی بۆ ئەم بڕیارە فۆرمێکی تەواو ترسناکنی مەرگدۆستیی و بێباکییەکی تەواوە بەرامبەر بەمردنی ئیماندارن و ھاوڵاتیان. ئەوان باتی ئەوەی لە مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە تێبگەن و بەگوێی ڕێنماییەکانی لایەنە تەندروستییە شارەزا و پسپۆرەکان بکەن، مژدەی بە شەھیدبوون بەوانە ئەدەن کە دەشێت لە مزگەوتەکاندا زۆر بە ئاسانی ئەم ڤایرۆسە وەربگرن و دواتریش بەناو کۆمەڵگادا بڵاویبکەنەوە و چەندان کەسی تریش تووشی ھەمان ڤایرۆس بکەن. 

لەباتی پاراستنی ژیانی ئیمانداران و ھاوڵاتیان، کە دەکرێت بە خۆپاراستنێکی سادە مەیسەرببێت و لەناو کەس و کار و دۆست و ھاوڕێکانیاندا ساڵانێکی درێژ بمێننەوە، بۆ ئەو کەلەپورە دینیە خورافیی و نابەرپرسیارە دەگەڕێنەوە کە کەسانی بێباک و گوێپێنەدەر و نادڵسۆز وەک شەھید ناونووسدەکات و مژدەی ژیانێکی ئەبەدیی و جویدانەیان پێدەبەخشن. خودا پێویستی بەوە نییە لەڕێگای ڤایرۆسی کرۆناوە شەھیدی بۆ بنێرن، بەڵام ماڵ و منداڵ و دۆست و ھاوڕێی ئەو کەسانەی دێنە مزگەوتەکانەوە پێویستیان بە مانەوە و ژیانی ئەو ئیماندارانە ھەیە. 

ئەم بێباکییە بەرامبەر بە مردنی مرۆڤ بەناوی دین و بەرگریکردن لە ئیمانەوە،، ھەم ھێمایە بۆ تێگەیشتنێکی زۆر سەرەتایی و ترسناک لە دین خۆی و ھەم بێنرخکردنێکی سەرسوڕھێنەری ژیان خۆی و ھەم خۆ بە قسەکەر ناسینێکی نابەرپرسیاری ئەو لیژنەیە، لە بابەتێکدا کە ئەوان ھەر نابێت لە بنەڕەتەوە قسەی تێدابکەن.

دیوێکی ئەم مەسەلەیە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە: ئایا بی دەستەیەکی ئاینی لەو بابەتە بۆ مافی ئەوەیان ھەیە لە بابەتێکدا بڕیار بدات کە بواری ئەوان نییە و بڕیارەکەشیان تەواو پێچەوانە و ناکۆکبێت بە ڕێنماییە ھەرە سادە و سەرەتاییەکانی ئەو لایەنە ڕەسمیانەی لەم بوارەدا شارەزان. ئەم دەسەڵاتە دینییە بێچاودێرییە، وەک ھەموو فۆرمێک لە دەسەڵاتی بێچاودێریی، دەسەڵاتێکی ترسناکە و بەردەوامبوونی لەم فۆرمەدا مەترسی گەورە لەگەڵخۆیدا دەھێنێت.

دیوێکی تری ئەم مەسەلەیە، کە ەشوێنی لەسەر وەستانە، ئەوەیە ئەم مافەبەخشینە بە پیاوانی دین بۆئەوەی لەسەر چەندەھا بابەت قسەبکەن کە دوورە لە شاەرزایی و زانیاریی دینیی ئەوانەوە، دۆخێک دروستدەکات سیاسەتی فەتوا بچێتە شوێنی سیاسەتێک لەسەر زانین و شارەزایی داڕێژرابێت. ئەمەش وادەکات سیاسەتی فەتوا ھەنگاو بە ھەنگاو ببێت بە سیاسەتێکی ڕەھا و کۆمەڵگا بخاتە ژێر رەحم و تێگەیشتن و سنوورە تەسکەکانی ئەو گروپە دینییەوە ، کە بە مافی خۆی دەزانێت لەڕێگای فەتواوە سیاسەت بکات.

دیوی سێھەمی ئەم مەسەلەیە ئەو ڕاستییە کە ئەم بڕیارەی ئەنجومانی باڵای فەتوا ئەو ئەنجومەنە دەکاتە لایەنێکی بەشدار لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و گەورەکردنی مەترسییەکانی ئەم بڵاوبوونەوەیە لە کۆمەڵگادا. ئەمەش لە وڵاتێک و ساتەوەختێکدا کە ئەگەری بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە بە شێوەیەکی بەربڵاو، ئەگەرێکی ھێجگار گەورەیە. بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم ڤایرۆسەش جگە لە کارەساتی گەورە ھیچیتری لێ چاوەڕوان ناکرێت. بەم مانایە ئەم ئەنجومەنە تاوانبار و بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم ڤایرۆسەدا و ئەمەش مافی ئەوە بە ھەموو ھاوڵاتییەک دەبەخشێت کە تاوانباریان بکات.

دوادیوی ئەم مەسەلەیە ئەوەیە ئەو ئەنجومەنە ئەگەر نرخیان بۆ ژیانی خۆیان نییە و لە مانەوەی خۆیان وەڕسن، ئەم دۆخە مافی ئەوەیان پێنادات، ھەوڵبدەن ژیانی کەسانی تری ئەو کۆمەڵگایە بێنرخبکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×