پاشەکشەی متمانەو ئەخلاقیش لەکۆمەڵگەی کوردیداو بەتایبەت لەناو چینی خوێندەوارو فەرمانگەکاندا

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2019-09-14     1467

پێش ڕاپەڕین و لە سەردەمی بەعسی نەگریسدا فەرمانبەری حکومی بە ئەندازەی کێوێک رێز و شکۆ و شەهامەتی هەبو. کاتێک کە ئەوترا لە دائییرەی بەرید مەۆزەفە، یان سستەری خەستەخانەیە، یان ئوستازی جامیعەیە، ئیتر خۆ ئەم شانازیە بە ۱٠ هێستری بە توانا نەئەکێشرا. کاتێکیش کە ئەهاتە سەر ماف و پێداویستیەکانی مۆزەف، ئەوە مەعازەڵا کەموکوڕیت تیانەئەبینی. بیرم یەت حسابی تایبەت بە مۆزەف لە جەمعیە هەبو، سەلاجە، موجەمیدە، تەنانەت گۆشتی بەستو، ئەمە هەموی بۆ مۆزەفی حکومی بو. زۆربەی مۆزەفە پلەبەرزەکان، خەڵات باران ئەکران بە ئیمتیازی باش و چاکتر. بە نمونە لەو خەڵاتە بێ بەرامبەر و فەخریانەی ئەدرا بە ئوستازی جامیعە بریتی بون لە: ئوتومبێلی بەرازیلی سور یان نیلیەکەی، ئەرزە، سلفە و هاوکاری مادی بۆ ئەوەی ئەرزەکە بکات بە خانو، هێڵی تەلەفۆنی بەلاش (ئیمتیاز بو لە گەڕەکا تەلەفۆنت هەبوایە)، سلفەی زەواجی چاک، و سەدەها ئیمتیازی تر. لەولاترەوە ئەوانەی وەک ئوستازی جامیعە و باشتریش ئیمتیازیان وەرەگرت، موهەندیسەکان و پزیشکەکان بون. کاتێک کە ئەهاتە سەر ژنخوازی و زەواج، ناحەقی عایلەکان نائەگیرا کە بێ قەید و شەرت بە داخوازی موهەندیسێک یان پزیشکێک یان ئوستازێکی جامیعە رازی ئەبون. بیرم یەت جگە لەوەی لە ترسی زەبری حکومەت و پرۆفێشنالیزم لەبەر دۆستێتی و ئەحبابێتی لە دائیرەکان کۆڵێک رێز لە یەکتری ئەگیرا. بۆ نمونە خوانەخواستە ئەگەر یەکێک نەخۆش بوایە، یان بێ تاقەت بوایە، تەعزێی هەبوایە، زۆربەی مۆزەفەکان کۆئەبونەوە و شەربەتی نادر و هەندێک شیرینی و هەندێک میوە و دیاریان ئەبرد و خێرا ئەچون بۆ سەردان بۆ لای و کۆڵێک دڵخۆشی ئەدرایەوە و رێز و خۆشەویستی تەقدیم ئەکرا.

بەڵام با بزانین لە سەردەمی حوکمرانی شەق و شڕی کوردایەتی و لە ژێر دەسەڵاتی سواوی کوردزمانەکاندا چۆن رێز لە ئوستازێکی جامیعە ئەگیرێت کە لە دەرەوەی وڵات بە رەنجی شانی خۆی خوێندوێتی و ئێستا لە کوردستانی ماڵوێراندا بە چارەکە موچە ئەیەوێت خزمەتی مناڵی کورد بکات؟ سەرەڕای هەمو رێز و تەقدیر و ماڵئاواییەک کاتێک ئەم ئوستازە بە نوسراوی فەرمی پزیشک داوای مۆڵەت ئەکات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخێکی نارێکی تەندروستی بۆ بکرێت، لیژنەی بەشەکەی و هاوپیشەکانی بە درۆزن و ساختەکار ناوزەدی ئەکەن و نوسراوەکەی بە ساختە حساب ئەکەن، بێ ئەوەی هیچ بنج و بناوانێکی بابەتەکە لێکۆڵینەوە لێبکەن. لێرەیا بە هۆکاری ئەوەی هەزار و یەک ئەم سەر و ئەو سەر کردن لەلایەن خۆیانەوە رۆژانە ئەچێتە پێشەوە و لەبەرئەوەی متمانەیان نە بە خۆیان و نە بە دائیرە و نە بە حکومەت و نە بە مۆزەف ماوە، ئیتر شەلم کوێرم دەست ناپارێزن و خوا پەنامان بدات ئیمامی عەلیش لای ئەوان درۆزن و ساختەکارە، چونکە ئەمرۆ باو باوی ساختەکاریە لە کوردستاندا، لە پێش هەمو جێیەکەوە، لە ناو زانکۆ و لە نێو مامۆستاکانیدا.

ئەم بابەتە کۆتایی نەهاتوە و قسەی زیاترم ئەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×