خانمێکی تورک، شیرین وەکو هەنگوین

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2019-11-18     1642

نامەی خانمێکی گەنجی تورک، دانیشتوی شاری هەڵ لە بەریتانیا کە لە فەیسبوکەوە بۆی ناردوم تەواو سەرسامی کردوم. ئەم خانمە بەرێزە لە خۆپیشاندانەکانی شاری هەڵ دژی داگیرکاریەکانی تورکیا بەشداری کردوە و لەوێ منی بینیوە. لە رێگەی فەیسبوکەوە هەندێک گفتوگۆمان کرد،  ئەیوت کە کورە بچکۆلانەکەی رەگێکی کوردە، چونکە دایکی باوکی کورەکەی (نەنکی کورەکەی) کوردبوە.

ئەم نامەیەیی خوارەوەی بە تایبەتی جێگەی سەرسامیم بو، زۆر دەستخۆشیم لێکرد و پێم وت کە بەراستی شانازی ئەکەم تورکێکی ئاوا ئەناسم. داوام لێکرد کە نامەکەی بکەم بە کوردی و بڵاوی بکەمەوە، هەتا ئەو کوردانەی لە ژێر کاریگەری بەل بەلەی فاشیزمی کوردایەتیدا جنێو بە هەمو تورک ئەدەن و خوێنی مناڵی تورک حەڵاڵ ئەکەن، ببینن کە مناڵێکی تورک چۆن بیر ئەکاتەوە و چی ئەڵێت.. دەی ئیتر ئێوەش شەرم بتانگرێت، تاقم و پێڕی کوردایەتی دۆڕاو!

دەقی نامەکەی بە کوردی:

بەداخەوە باوکم ناسیۆنالیستێکی لوتبەرزە، لەوانەی کە شانازی بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ئەکەن، بەڵام من هەرگیز لەگەڵ بیروڕا سیاسیەکانی باوکمدا هاوڕا نەبوم. من زۆر دژە شەڕم، بەڵام وەکو ئەزانیت خەڵکێکی زۆری تورک لە تورکیا مێشکیان بە میدیای بەسەختی چاودێریکراو، شۆراوەتەوە. رژێمی ئەردۆگان رژێمێکی نازی سەردەمە، منیش هەمیشە رقم لێی بوە. زۆر لە تورکە گەنجەکان بە دیکتاتۆر ناوی دەبەن، بەڵام بە زۆر بێدەنگ ئەکرێن، بەهۆی سزادانی سیاسی، ئەگەر دژی ئەو دەنگ هەڵبڕن. خودی خۆم مەترسیم لەسەرە ئەگەر بچمە تورکیا، هەروەها ئەگەری زۆرە دەستبەسەر بکرێم بە بیانوی ئەوەی کە خۆیان پێی ئەڵێن "دەربرینی بیرورای سیاسی ئازاد بەرامبەر بە سەرۆک". ئازادی قسەکردن قەدەغەیە، ئەمەش هەڵەیە. ئەوەی کە من نیگەران ئەکات، ئەو راستیەیە کە زۆرینەی پیرەکان و زیاتری خەڵکە ئایینیەکان لە تورکیا پشتیوانی ئەم جینۆسایدە دڕندانەیەی سەر ئێوە ئەکەن. باوەرم وایە ئەوان وانە راستەقینەکانی ئیسلامیان لەبیرکردوە. بۆ من نیشانەیەک نابینم بە ناوی 'کورد' یان 'تورک'، من مرۆڤ ئەبینم کە سزا ئەدرێن لەبەرئەوەی مافی مرۆڤیان ئەوێت، جیائەکرێنەوە لەبەرئەوەی زمانێک و کەلتورێکی جیاوازیان هەیە، ئەمەش زۆر هەڵەیە.

خەڵکی کورد برا و خوشکی منن و من رەتی ئەکەمەوە لەسەر ئەم بابەتە بێ دەنگ بم، لەبەرئەوەی دواجار ئێمە هەمومان مرۆڤین و خۆشەویستیمان لە جێگەی رق بەش ئەکەین، ئەمەش بۆ من شتێکی مەزنە. هەر کوردێکم لە ژیاندا ناسیوە، هەر سادە و بێ فیز بوە، بۆ ئەمە من زۆر سوپاسگوزارم. خۆزگە بمتوانیایە هەمان شتم سەبارەت بە کەسەکانی باوکم بوتایە، بەڵام زۆربەیان ئەتوانن زۆر سەرسەخت و دڵرەق بن.

هیوادارم رۆژێک دابێت کە خەڵکی کورد ئازاد بێت و لە کۆتاییدا کوردستانەکەیان بەدەست بهێنن و هیوادارم کە رۆژێک کورە بچوکەکەم بەرم بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی رەگ و ریشە کوردیەکەی بناسێت.

وەرگێڕانی 

د. شوان عەبدوڵا حەمەد

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×