'تورکیا ئێستا لەحاڵەتی بزنە گەڕەکەدایە نانی شوانەکەی خواردوە، بەگۆچان پشتی ئەشکێنرێت'

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2019-08-20     1194

بێ دەماغی و نەفامی فاشیزمی دەوڵەتی تورک لەوەدایە کە وەک کەرەدێزە قاچی خۆی ئەشکێنێت بۆ زەرەری خاوەنەکەی. هەمومان باش ئەزانین کە تورکیا چەند ساڵە ئەیەوێت ووڵاتانی دنیا و ئەوروپا دانی پێدابنێن و بیخەنە ریزی خۆیانەوە، بەتایبەت یەکێتی ئەوروپا. بە دڵنیاییەوە تورکیا لە زۆر وڵاتی تری وەکو بولگاریا و رۆمانیا ئامادەتر و سازترە بۆ چونە ناو یەکێتی ئەوروپا، چونکە لە زۆر لایەنەوە لەو وڵاتانە موستەحەقترە. بەڵام هۆکاری نەچونە ناو یەکێتی ئەوروپای تورکیا بابەتی نەبونی مافەکانی مرۆڤ و کورد و مەسەلەی پراکتیزە نەکردنی دیموکراتی راستەقینەیە. لە تورکیا شتێک نەماوە بە ناوی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و هەڵبژاردن، ئەو پرۆسێسە هەڵخەڵەتێنەرانە تەنها بۆ تێپەڕکردنی کاتە. ئەگینا تورکیا لە ئێستادا لە ژێر چنگی فاشیزمی رەش و دیکتاتۆردا ئەژی. دەوڵەتی تورک و خەڵکی تورکیا ئەبێت زۆریش سوپاسی ئۆجالان و پەکەکە و هەدەپە و دەمیرتاش بن، چونکە ئەگەر بە قسەی ئەوان بکەن و دیموکراتی راستەقینە لە تورکیا بچەسپێنن و مافی نەتەوە و ئایین و کەلتورە جیاوازەکان دەستەبەربکەن، ئەمە باشترین و خێراترین رێگایە بۆ کرانەوەی تورکیا بە روی جیهان و ئەوروپا. لەهەمانکاتدا ساڵێک نابات بە مەمنونی یەکێتی ئەوروپا خۆی تورکیا پەلکێشی ناوخۆی ئەکات. بەڵام فاشیزمی تورکچێتی وا بەرچاوی ئەردۆغان و باخچەلی و جەماعەتەکەی گرتوە وەکو کەرەدێزە هەمو دەستکەوتێک لە دەست خۆیان ئەدەن تەنها بۆ ئەوەی نکوڵی لە هەبونی کورد بکەن. تورکی فاشیست و دەوڵەتەکانی لەوەتەی هەن بە ژانی کورد و کوردبون ئاوسن و هاکا هەژدیهایەکیان بۆ گیانی خۆیان لێبو. پەلاماردانی شارەوانیەکانی ئامەد و مێردین و وان سەرەتای لەدایکبونی ئەو ئەژدیهایەیە، کورد چیتر ئەبێت تێکۆشانی خۆی لە تورکیا تۆکمەتر شەتەک بدات. ئەبێت هەمو مەیدانەکان بکاتە گۆڕەپانی شەڕی چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی، چونکە دەوڵەتی تورک دوژمنی ئەو دوو شتەیە. بە چەسپاندنیان فاشیزم تێک ئەشکێت، پرۆسێسی دیموکراتیزەکردنی تورکیا کلیلی چارەسەری کێشەکانی گەلانی تورکیایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×