سەرنجێک دەربارەی "لەیلان"ی دەمیرتاش

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2023-06-16     351

پێشتر دوو نووسینی سەلاحەدین دەمیرتاشم خوێندبوونەوە. هەردوو کۆمەڵەچیرۆکی ‘سەحەر’ و ‘دەوران’. بێ پێچوپەنا بەدڵم بوون. پڕواتا بوون. کۆمەڵێک چیرۆک و ڕووداویان تێدا باس کراون کە ڕەنگدانەوەی ئایدیا و تێڕاوانین و پراکتیزی هەم دەمیرتاش خۆی و هەم حیزب و ئایدیۆلۆجییەکەیشی بوون.
دەمێک بوو دەمویست یەکەم ڕۆمانی دەمیرتاش بەناوی ‘لەیلان’ بخوێنمەوە. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا خوێندمەوە. بیروبۆچوونی من، زۆر بە کورتی، لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە بەم شێوەیە دەبێت:

گێڕانەوەی بەهێز و بەشکۆ نییە، وەکوو لە چیرۆکەکانی سەحەر و دەوراندا هەیبوو. ڕووداوەکان بەشێوەیەک خلۆر دەبنەوە کە کۆی گێرانەوەکە فۆرمێکی لە جۆری ئەڵقە تورکییە سادەکان وەرگرتووە. خوێنەر هەست ناکات نووسەر قوڵ ڕۆچووبێتە ناو گێڕانەوەکان. بە پەلەپڕوزکێ ڕووداوەکان تێدەپەڕن و خەیاڵی چیرۆکی شەوچەرە و بەرئاگردان لە سەری خوێنەردا دروست دەکەن.
تێکەڵکردنی بابەتی تەکنیکی پزیشکی و هەوڵدان بۆ چوونە ناو خەیاڵی مرۆڤ لە ڕێگەی ئامێرە پزیشکییەکانەوە، بەردەوام ئەڵقە سەرڕێژەکانی وەکوو CSI و Grey Anatomy بیر دەخستمەوە. هەست دەکەم پەنابردن بۆ ئەم ئامڕازانە، لەلایەن هەر نووسەرێکەوە بێت، بۆ گێڕانەوەیەکی ئەدەبی کە چاوەڕێدەکرێت بابەتی مشتومڕئامێزتر لەخۆ بگرێت، میتۆدێکی ئێجگار لاواز و بێ سەلیقە بن.
ئایدیا دووبارەکان تێیدا بەکاردەهێنرێنەوە، مەسەلە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان کە دەمیرتاش گرنگیان پێ دەدات، لە چیرۆکەکانی پێشتر باس کراون.

کۆتایی ڕۆمانەکە و بەسەرهاتەکانی شارۆچکەی نسێبین و ئابڵوقەدانی و توندوتیژی دەوڵەتی تورک، تێکڕا جێگەی بایەخن. بەڵام گێڕانەوەکانی پێشتر و باسکردنی ئەو ڕووداوانەی پێش گەیشتن بەو دەرئەنجامە، لەو بایەخە کەم دەکەنەوە. خوێنەر، پاش ئەوەی بە تەواوی بەدەست ئەو پێچوپەنا زیادەیەی پێشترەوە ماندووبووە، ناتوانێت هەست و سۆزێکی هێندە بەهێزی بۆ کۆتاییەکە تێدا ببزوێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×