ماناو بێ مانا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-04-26     182

حەقیقەتی مانا لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟ لە کوێی دونیای تێگەیشتنی ئێمەدایە؟ 

پێگەکەی لە کوێدایە؟

“ مانا “ مێتۆدێکە بۆ قەناعەت پێ هێنانمان بە “ ماناو مەبەستی ” کۆی گشتی رەگەزە پێکهێنەرەکانی ئەو جیهانەی لە ناویدا دەژین. مانا حەقیقەتێکی لاستیکیەو توانای خستنەرووی چەمک و حیکایەتی شتە مەلموس و نامەلموسەکانی لە پانتای دونیای ئێمەدا هەیە. 

“ مانا” تایبەتمەندیەکی کەسی و زانستی و دەستەبەرکراوە و شەرعیەتی ئەوەی هەیە لە هەناویدا هەڵگری تێگەیشتن و زانستێکی دیاریکراوەوە بێت و بە گوێرەی دۆخی کۆمەڵگاو بکەرانی ناویەوە گۆڕانکاری بەسەر دادێت. بۆ پێناسەی ئەو شتانەی لە پانتای هزرو دونیای فیزیکی و مەلموسی ئێمەدا بوونیان هەیە،  مرۆڤ پێویستی بە کەرەستەی “ مانا” یە.  

“مانا” حەقیقەتە شاردراوەکەی ناوەوەی چەمک و شتەکانە و مرۆڤ بۆ سەلماندنی رەوایەت و ڕاستی و درووستیان پەنای بۆ دەبات و راڤەی دەکات. 

ئەشێ “ مانا” هەم ئەرێنی بێت و هەم نەرێنی. مانابەخشین بە ژیان، رووداوەکان، پلان و ستراتیژ و هەنگاوەکان، کردار و لێدوان و قسەوباس و گوتارەکان، تایبەتە بە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و دونیابینی و شوناسی تاکەکانەوە.

مانا بەخشین پرۆسەیەکی درێژخایەنی بیناسازی و پردسازی و رازاندنەوەی کوشک و تەلار نیە. هونەر و شارەزاییە. لێزانی و کارزانیە. 

جیهان لەهەناوی خۆیدا هەڵگری مانایە. مرۆڤەکان، شتەکان، داروبەردو هەرچی بوونەوەرە هەڵگری مانایەکی تایبەت بە خۆیانن. کۆی گشتی ئەم مانایانە، مانایەکی گشتگیرتر و هەمەڕەنگ بە ژیان دەبەخشن و پێک هێنەری هارمۆنیایەکی جوانن. 

چەمکی مانا چەمکێکی ئەبستراکتی زادەی هزرو بەرهەمی ڕوانین و بیرکردنەوەکانی مرۆڤە. ئەوە ئێمەین مانا بە ژیان و بوونەوەرو رەگەزە پێکهێنەرەکانی ناویەوە دەبەخشین. ئەوە ئێمەین بۆ مانا بەخشین بە ژیان و ژینگەو ئەو دونیایەی تیایدا دەژین، لە رێگەی ئەزمون و زانست و زانیاریە پەنهانیەکانی هزرو بە پێی تێگەیشتنەکانمانەوە مانای شتەکان ڕاڤە دەکەین و ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە جۆری تێگەیشتنەکانمانەوە. 

هیچ ڕاڤەکردنێک ناشێ وەک فاکت و حەقیقەتێکی دان پیانراوو مولموسەوە بخرێتە نمایش و لە چەشنی هاوکێشەیەکی ماتماتیکیەوە بە کۆمەڵگاو تاکەکان بفرۆشرێتەوەو پیرۆز بکرێت و هێڵی سووری بۆ دابنرێت.

“ مانا” یەکەو بوونێکی فیزیکی دەرەوی خەیاڵ و دونیای فکر نیە. مانا بەخشین بە شتەکان مێتۆدێکی زانستی پەی بردن بە “ مانا” نیە.  هەر تاکێک بە پێی ئەزمونی  شەخسی خۆیەوە لە ژیان و  سیاسەت و ئایدیۆژیاو کۆمەڵگاو دونیاوە،  تێگەیشتنە گشتیەکان تێدەپەڕێنێ و بەو جۆرە مانا بە جیهان و پێکهێنەرەکانی ناویەوە دەبەخشێت، خۆی حەزی لێیەتی و لەگەڵ بەرژەوەندی و تێگەیشتنەکانیدا دێتەوەو تەریبە لەگەڵ دونیای دڵخوازیەوە. 

ناشێ مرۆڤ تێگەیشتنە تایبەتیەکان لەچەشنی حەقیقەت و فاکتە دەست لێنەدراوە بە پیرۆز کراوەکان بەوانیتر بفرۆشێتەوەو خەڵکانی تر ناچار بکات وەک ئەو بیر بکەنەوەو وەک ئەو لە جیهان و ماناکانی ناویەوە تێبگەن و جیاواز بیر نەکەنەوە.  

لەم جیهانە  ئاڵۆزەدا مرۆڤەکان، نەتەوەکان و تاکەکان بەهۆی جیاوازی کولتورو دابونەریت و تایبەتمەندیە شەخسی، نەتەوەیی، نیشتیمانی و قۆناغەکانی گەشە یا دواکەوتووییانەوە جیاواز بیر دەکەنەوەو جیاوازیش قۆناغەکانی گەشە دەبڕن و چارەسەری و رێگە چارەکانیشیان جیاوازو جیاوازیش لە چەمکی “ مانا” دەڕوانن. 

ئامادەیی روانگە تایبەتیەکانی مرۆڤ لە چۆنیەتی بەخشینی مانا بە فەزای ژیان و پێکهێنەرەکانی ناویەوە، پرۆسەیەکی ئاڵۆزو گرێدراوی چەندین هەلومەرج و دۆخی تایبەتی جڤاکەکانەو لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی ترەوە گۆڕانکاری بەسەر دادێت و پەیوەست نیە بە هەلومەرجێکی تایبەتەوە. 

لەم جیهانە جەنجاڵە تێک چڕژاوە ئاڵۆزە فرە نەتەوەو فرە هزرو فرە کولتورەدا، هیچ شتێک “ بێ مانا” نیە. هەموو شتێک هەڵگری ماناو مەبەستێکەو فاکتەرو چەند فاکتەرێک پاڵنەر و هۆکاری دروست بوونینی. 

چەمکی “ بێ مانایی” داهێنانی هزری خودی تاکەکانە دهەمبەر ئەو بکەرو رووداوو بوونەوەرو حاڵەت و پرۆسەو کارلێکە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی رۆژانە روو ئەدەن و ئاڕاستەی رەوتی کۆمەڵگاکان دیاری دەکەن و دواجار فۆڕمێکی تایبەت و ناوازە بە روانگەو دیدگاکان دەبەخشن و سنوورەکانی جیاواز بیرکردنەوەو “مانادار” و “ بێ مانایی” دیاری دەکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×