لە كەركووك ئەفسەرێكی باڵا بەتۆمەتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیركرا
  2024-04-03       199       

دەستەی دەستپاكی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ لە كاتی وەرگرتنی بەرتیلدا ئەفسەرێكیان بە پلەی عەقید لە پۆلیسی پارێزگای كەركووك دەستگیركردووە، دەشڵێن، ئەو ئەفسەرە بۆ ڕادەستكردنی مامەڵەی هاوڵاتییان پارەی وەرگرتووە.

دەستەی دەستپاكی عێراق لە بارەی دەستگیركردنی ئەفسەرێكی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی پارێزگای كەركووك بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزێكی پۆلیسی كەركووك لە كاتی وەرگرتنی بەرتیلدا ئەفسەرێكیان لە پارێزگای كەركووك دەستگیركردووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ بنكەی پۆلیسی “دۆمیز”، ئەو ئەفسەرە بۆ ڕادەستكردنی مامەڵەی هاوڵاتییان پارەی وەرگرتووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو ئەفسەرە پلەی عەقیدی هەبووە و لە ئێستادا لە كارەكەی دوورخراوەتەوە، لە ناو بنكەكەی خۆیدا بڕی یەك ملیۆن دینار بەرتیلی لە هاوڵاتییەك وەرگرتبوو.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی ماددەی (٣٠٧) لە یاسای سزادان و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری ئەو تۆمەتبارە دەستگیركراوە و ڕادەستى دەسەڵاتى دادوەرى کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×