سۆما پورمەحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە لە دو دۆسیەی جیاوازدا سەرجەم بە 11 ساڵ بەندکردن و دورخستنەوە بۆ شاری کرماشان سزا درا.
ئاوێنە: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، سۆما پورمەحەممەدی لە چالاکانی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە دادوەری دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی "دروستکردنی کۆمەڵە و گروپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە 10 ساڵ بەندکردن و دورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان سزا درا.
ئاماژهی بهوهشكردوه، دانیشتنی پێداچونەوە بەتۆمەتەکانی سۆما پورمەحەممەدی لهماوهی چهند رۆژی رابردودا بەڕێوەچوە و دوێنێ شهممه دوای سێ ڕۆژ سزای سەپێندراو بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەنراوه.
بهگوێرهی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەش بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" لەلایەن لقی 106ی دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە یەک ساڵ بەندکردن سزا درا.
سۆما پورمەحەممەدی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی نوسیویهتی، "کەرەمی ڕۆژی دانیشتنەکە بە منی گوتوە کە سزایەکە پێشتر دەرکراوە".
سۆما پورمەحەممەدی تەمەنی 35 ساڵە، 18ی 1ی 2022 لە کاتێکدا کە بەمەبەستی بەدواداچونی دۆسیەی هاوژینەکەی بەناوی ئیدریس مێنبەری سەردانی دادگای کردبو دەستبەسەرکرا و دوای 27 ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی ئازادکرا.
پێشتر ههریهكه له زارا محەممەدی، سەیوان ئیبراهیمی و ئیدریس مینبەری كه ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین سهرجهمیان سزای 32 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرابو.