کەیسەکەی شاسوارو ھاوڕێکانی سیاسیە

حاكم شێخ له‌تیف
  2019-05-17     1647
پێشەکی دەمەوێ بڵێم نوسینەکەم تەنھا لەڕوانگەی بەرگریکردنە لەو پرەنسیپانەی خۆم باوەڕم پێیەتی‌و ھیچ پەیوەندییەکی سیاسیم لەگەڵ شاسوارعەبدولواحیدو نەوەی نوێدا نیەو نابێت، لەوانەیە زۆرینەی ئەوانەی من دەناسن بزانن کە من خۆم بەگۆڕانخوازێکی سەربەخۆ دادەنێم، ھەروەھا ئەم نوسینەشم بەرگریکردن نییە لەوانەی تاوانی خراپ بەکارھێنانی ئامڕازەکانی پەیوەندی ئەنجامدەدەن، بەڵکو داوادەکەم سزای یاسایی شایستەی خۆیان وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی دژی خانمان ئەو تاوانانە ئەنجامدەدەن، بەڵام بەیەکسانی مامەڵە لەگەڵ ھەمواندا وەک یەک بکرێت.

سەبارەت بەکەیسەکەی شاسوارو ھاوڕێکانی سێ ھۆکار ئاماژەن بۆ سیاسی بونی کەیسەکەی شاسوار:

١- کەیسەکە لەئاسایش دانراوە بەبیانوی ئەوەی تاوانی ڕێکخراوە،لە کاتێکدا ئەوو ھاوڕێکانی تۆمەتبارن بەمادەی ٢ لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، تا ئێستا ئەم تاوانە وەک تاوانێکی ئاسایی مامڵەی لەگەڵ کراوەو لێکۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسەوە بوە نەک ئاسایش.

٢- ئەم تاوانە لەجۆری کەتنە، دادوەری لێکۆڵینەوە دەتوانێ ڕاستەوخۆ دوای دەسگیرکردنی یان ئامادەبونی لەبەردەم خۆی ئازادی بکات، چونکە ھەموان دەزانن دەسبەسەر کردن (توقیف) سزا نیە ڕێوشوێنێکی ئیحتیاتیە بۆ تەواو کردنی لێکۆڵینەوە،دادوەر ئەگەر زانی تۆمەتبار ڕاناکات یان مەترسی نیە بۆ سەر سەلامەت‌و ڕەوتی لێکۆڵینەوە دەتوانێ ڕاستەوخۆ ئازادی بکات، ھەموان دەزانن کە شاسوار نەک ڕای نەکردوە بەڵکو بەپێی خۆی چۆتە بەردەم دادوەر، ھەروەھا ئەو خاوەنی گەڕەکێکی سلێمانی‌و دەزگای میدیایی‌و جوڵانەوەیەکی سیاسیە مەعقول نیە لەبەر تاوانێکی جۆری کەتن ڕابکات (چونکە قانون ئیعتیباری بۆ ئەوە داناوە کە تۆمەتبار خاوەنی پێگەیەکی سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی بێت لەگه‌ڵ جۆری تاوانەکە بۆ ئەوەی دادوەر ئازادی بکات واتە ئەوانە قەرینەن بۆ ئەوەی تۆمەتبار ڕاناکات).

ھەروەھا ئەو لەخاریجەوە ھاتەوە کاتێک زانی ھاورێکانی گیراون کە ئەویش دەسگیر کرا لێکۆڵینەوە ئەسڵەن ھەر تەواو ببو ئەو دوای زیاتر لە تێپەڕبونی ١٥ ڕۆژ بەسەر لێکۆڵینەوەکاندا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچو ،کەواتە ئەو بیانوەش نیە کە بڵێین لەبەر سەلامەت و تەواو کردنی لێکۆڵینەوە ئازاد ناکرێت.

٣-ئەوە ماوەی ١٥ ساڵ زیاترە ھەموو حیزبە زلەکان بەھەموو شێوازەکانی پەیوەندی کردن ھەڕەشەو سوکایەتی بەنەیارانیان دەکەن وتۆمەتیان بۆ ھەڵدەبەستن‌و کەسایەتیان دەڕوشێنن ،یەکێک لەوانە خۆمم ١٠ ساڵە دەیەھا تۆمەتیان بۆ ھەڵبەستوم کردویانم بەبەعسی‌و جاش بێ ئەوەی نەک ھەر ڕۆژێک جاش یان بەعسی بوبم بەتەحەداوە بەڵکو لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە لەڕێکخستنەکاندا کارمکردوە تا ڕاپەڕین چەندین کاریشم ئەنجامداوەو بەبەڵگەوە ھەمویم ھەیە و ھاوڕێکانیشم ماون، بەڵام تەنھا لەبەر ئەوەی نەیاری سیاسیسیان بوم ئەو تۆمەتەیان بۆ ھەڵبەستوم ،خۆشم بڕوام نەبوە سکاڵا بكەم چونكەزانیومە دادگاو دەسەڵاتی دادوەری بەو حیزبانەو بەرپرس و پیاوەکیان ناوێرێت و دەیەھا نمونەمان ھەیە، بۆیە نەمویستوە خۆم بخڵەتێنم‌و خۆم بخەمە ھەڵوێستێک پێش وەخت دەرەنجامەکەی دەزانم. 

ھەرچەندە تاوانەکە مافی گشتیەو ئەگەر تاوان لەسەر کراویش سکاڵا تۆمار نەکات داواکاری گشتیش دەتوانێ سکالا بکات وەک ئەوەی لەداواکەی شاسوارو ھاوڕێکانی کردیان، بەڵام داواکاری گشتی نەیوێراوە یان نەیتوانیوە سکاڵایان دژ بجوڵێنێت، گلەیشیان لێ ناکرێت، چونکە ئەگەر بیانکردایە وەک ئەو داواکارە گشتیەی‌ ھەولێریان لێدەکرد کە لەسەر داواکەی دژی وەزیری دارایی سەبارەت بەدابەشنەکردنی موچەی چوار مانگی فەرمانبەران گواستیانەوە بۆ دەرەوەی ھەولێر.

بۆیە ھیوا خوازین یاسا بەسەر ھەمواندا بەیەک شێوەو یەک مامەڵە بکرێ ،نەک بۆ ھەندێک شەدیدو بۆ ھەندێکی تر ڕەحیم بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×