هەر لە یادەوەریی پەنجا شەست ساڵی من و کەسانی هاوتەمەنمدا ئەم ژینگەیەی ئێمە ئەوسا جۆرێک بوو و ئێستا جۆرێکی ترە. مەبەستم لە ژینگە تەواوی ئەو سیستەمە ڕووەکی و ئاژەڵییەی کە لەگەڵ مرۆڤدا تەواوکەری یەکترن و ئەمە لە پێناسەی زانستیی جیهانیدا بۆ ژینگە پێی دەگوترێت فاونا و فلۆرا (Fauna & Flora). هەردوو وشەکە لاتینین و فاونا بە واتای جیهانی گیانلەبەر دێت بە کێوی و دەستەمۆ یان بەخێوکراوی مرۆڤ و فلۆراش بە واتای ڕووەک دێت و ئەمیش بە واتای سروشتی و چێنراوی دەستی مرۆڤ دێت و بۆ هەردوکیان لە ناوچەیەکی جوگرافی و سەردەمێکی دیاریکراودا. من مەبەستم ئەوەیە لەم ماوە زەمەنییەدا باسێکی کورتی ئەوە بکەم کە ئەم دوو جیهانەی گیانلەبەر و ڕووەک و بەتایبەتی سروشتییەکەی چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا هاتووە و کورد خۆی بە دەستی خۆی چ کارێکی بە سرووشتی خۆی کردووە لەم بەشەی وڵاتدا و ئاخۆ ناکرێ بڵێین تەواوکەری سیاسەتی وێرانکاری و سووتماکی ڕژێمی بەعس بووە لە کوردستاندا، کە ئاشکرایە ئەمەش لە ڕووی نەزانی و کەمتەرخەمی و بێپلانییەوە بووە. پێموایە گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەتایبەتی بێبارانی و کەمئاویی ئەم چەند ساڵەی دوایی هێشتا بە ڕادەی چالاکیی وێرانکەرانەی مرۆڤی کورد خۆی و دەسەڵاتە سیاسی و ئیدارییەکەی ئەو کاریگەرییە مەترسیدارەی نەبووە. لەو ماوەیەدا کە ئاماژەم پێکرد و زۆر نییە، ئێمە لە دەر و دەشت و چیا و شیوەکاندا ئاسک و ڕێوی و گورگ و چەقەڵ و کەروێشک و بزن و مەڕە کێوی و چالەکە و سووچەڕ و کەمتیار و بەراز و زۆرێکی تری ئاژەڵی کێویمان دەبینی کە بەشێک بوون لە سروشتمان. پۆڕ و سوێسکە و کەو و چۆلەکە و کڵاوکوڕە و ڕیشۆڵە و کوڕکور (قەتێ) و کوڵەفڕە و کەنەسمە و دنیایەک خشۆک و مار و مێروومان دەبینی کە بەشێک بوون لە هارمۆنییەتی سروشتمان و لەگەڵ ئێمەی مرۆڤدا هاوبەشی سروشت و ژینگەمان بوون و بێ یەکتر نەماندەکرا. زۆربەی شاخ و چەم و دۆڵەکانمان بە دار و دەوەنی خۆڕسکی جۆراوجۆر داپۆشرابوون، زێ و ڕووبار و چەم و گۆماوەکانمان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ماسی و کیسەڵ و بۆق و قرژاڵ و باڵندە و گیانلەبەرە ئاوییەکانی ترمان بوون و سەرەڕای ڕاوکردنی عادەتییش هەر زۆر بوون و بە هەماهەنگییەکی تەواوەوە لەگەڵمان دەژیان و پێکەوە هەڵماندەکرد و لەم ژینگەی ئەم وڵاتەدا هەموو جێمان دەبووەوە و پێکیشەوە مانای تەواومان دەدایە ژیان. ئەمە تێکڕا لەگەڵ کێڵگەی گەنم و جۆ و مەرەزە و سەوزەی زستانە و هاوینە و ڕەزەترێ و باخی میوەمان و ڕانە مەڕ و بزن و گاگەلی ڕەشەوڵاخدا هاوسەنگییەکی بەرچاویان دروستکردبوو. لەگەڵ سیاسەتی ڕاگوێزان و کاولکردن و جینۆسایدیشدا، کە بێگومان زیانی زۆر گەورەی پێگەیاندین و سەرباری ئەو هەموو دەرد و مەینەتییە، بەڵام هێشتا وەک ئێستا لە ڕەگوڕیشەی دەرنەهێناین و گیانی بەرگری و خاک و سروشت و وڵاتپەروەریمان هێشتا هەر لە جێی خۆیدا بوو.
کەچی لەم ماوە زەمەنییەدا تا ڕادەیەک کورتەدا و بەتایبەتی لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەملاوە و لە ژێر سایەی کاربەدەست و حوکمڕانانی خۆماندا، کە دەبوو پلانیان هەبوایە بۆ سەرلەنوێ بووژانەوەی ئەوەی کە ڕژێمی پێشووی عێراق وێرانیکرد، بەجۆرێک ژینگە وێران بووە باوەڕ ناکەم لە هیچ شوێنێکی دنیادا هاوشێوەی ڕوویدابێت. ڕاستە وشکەساڵی و تێکڕا گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی زۆر خراپیان دروستکردووە بەڵام پێمناڵێن لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە کە وڵاتتان خۆشدەویست و خوێنی خۆتان لەپێناوی "ئازادییەکەیدا" ڕشت و بە هەزاران کوڕی هەژاری ئەم خەڵکەتان بەکوشت دا بۆچی ڕێگەتان دا زیڕۆحی گیانلەبەر لە کوردستاندا قڕ بکرێت؟ کێ ئێستا بەدەگمەن نەبێت ئاسک و ڕێوی و چەقەڵ و کەروێشکە کێوی و پۆڕ و مراوی و کوڕکوڕ دەبینێت؟ جاران هاتنی وەرزەکانمان بە هاتنی پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە و حاجی لەقلەق و قاز و قوڵنگ و کوڕکوڕ دەزانی، کوا کێ ئێستا ئەوانە دەبینێت؟ ئاخۆ لەبیرتانە کە ئەوانە مژدەی خێر و مایەی خۆشی و گۆرانیی منداڵانمان بوون؟ لە وڵاتان خەڵک دەچن وێنە لەگەڵ تەیروتواڵ و ئاژەڵە کێویدا دەگرن چونکە هێندە هەست بە ئەمان دەکەن لە مرۆڤ کە هیچ سڵی لێناکەنەوە، کەچی لێرە لە تاو ڕاوی بێسەروبەری خۆمان لە حەوت کون خۆیان دەشارنەوە و دەرباز نابن. جاران هەردوو دەریاچەی دووکان و دەربەندیخان و گۆماوی چەم و ڕووبارەکانمان پڕبوون لە ماسیی سروشتیی جۆراوجۆر و ئێستا هیچیان تێدا نەما هێندەمان تۆڕ و بۆمب بۆ هەڵدان و سەرپێچیکاریش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن. جاران دۆڵی بازیان پاییزان لەبەر مەرەزە و تەماتە سەوز و سووری دەنواند ئێستا لەبەر تۆزی کارگەکانی چیمەنتۆ نەک ڕووەک نەماوە بەڵکو بەشەرەکانیشی ئەو تۆزە ترسناکە لەسەر دەموچاویان نیشتووە و شێرپەنجە گاڵەیان پێدەکات. چەمی تانجەرۆ کە جاران لە جێشانە و هەزارمێردەوە تا سەر ئاوی سیروان لە بامێ و مەرەزە و گوڵەبەڕۆژەدا سەوزی دەکردەوە ئێستا تەنانەت ئاژەڵیش لەو ئاوە پیس و ژەهراوییەی ناخواتەوە و هەر ئەو ئاوەشە دەڕژێتە گۆلی دەربەندیخانەوە و بە ناوی ئاوی پاک و سازگارەوە دەدرێتە خەڵک. جاران چەمە پڕ ئاوەکانی ئۆمەربل و بەکرەشەل و سەیجەژنی و برایم خان لە گەرمیان و چەندین ناوچەی تری وڵات دەیان جۆگە ئاویان بۆ کشتوکاڵی بەراو لێهەڵدەگیرا کەچی ئێستا وشک و برینگن. جاران زۆربەی پێداویستیی خەڵکی وڵات لە برنج و تەماتە و بامێ و کاڵەک و شووتیی بەتام لەبەر جۆگەی باڵاجۆی سیروان و جۆگەکانی تری دەشتی زەنگاباددا بەرهەم دەهاتن و ئێستا بایەقوش تێیاندا دەخوێنێت و ئەو کەمەش کە ماوە خەڵکی غیرەکورد بە نیوەیی دەیکەن و جووتیارە کوردەکەش تێکڕا بوون بە مەعاشخۆر لە ڕیزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەزار بەزمی تردا و ئەوانیش وەک ئەودوای خەڵکە بەرخۆرەکە تەماتە و شووتییە بە ساختە پەروەردەکراوەکەی ئێران و تووران دەکڕن. بەڵام ڕاستییەکەی ئێمەمانان کە ئەم قسە و بۆڵەیە دەکەین ترووسکاییەکیش بەدی دەکەین لە هەندێ نموونەی پرشنگداری چەشنی ناشناڵ پارکی پاراستنی ژینگەی چیای هەڵگورد سەکران و بارزان و بەشێکی شاخی گارە و دابینکردنی ئاو بۆ ئاژەڵە کێوییەکانی چیای سەگرمە و قۆپیی قەرەداخ لەلایەن کەسانی هەست بەرز و خەمخۆرەوە و بەهیواین ئەم ئاڕاستەیەی پارێزگاری کردن لە ژینگە زیاتر پەرەبستێنێت و لەم دەلاقەیەوە بە کردەوە خۆشویستنی وڵاتمان بسەلمێنین.
هەر لەم بوارەدا، ئەم باس و دەردەدڵە سەردەکێشێتەوە بۆ مەسەلەی تەختکردنی گرد و شاخی وڵات لەپێناوی گیرفانی کۆمەڵیک سەرمایەدار و هاوبەشەکانیاندا بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ و تەلارەکانی خانووبەرە و چەندین پرۆژەی ناڕەوا و مافیا ڕەفتاری تردا. بێگومان ئەو شاخ و دۆڵانە مڵکی گشتیی خەڵکی ئەم وڵاتەن و بەشێکن لە سروشتێکی جوان و دەگمەنی وڵاتەکەت و ئەگەر وەک خۆی بیهێڵیتەوە یان بە پێی زانستی گەشتوگوزار بەکاریانبێنیت و هەر بە سیفەتی مڵکی گشتیی بمێننەوە دەبنە سەرچاوەیەکی زۆر باشی داهاتی وڵات و لە هەمان کاتدا مۆرکی ڕەسەنایەتیی و جوانیی سروشتی وڵاتەکەت دەهێڵیتەوە وەک درێژکراوەیەکی ڕەهەندە مێژووییەکەی "بلادالجبال"ی کۆن کە چۆن جوگرافیناسە گەڕیدە و بولدانییەکانی عەرەب دەستنیشانیان دەکرد. دەزانی لە دیدی ناسیۆنالیستە پەڕگرەکانی عەرەب و بەعسییەکانەوە هاوکێشەی تەختکردنی شاخ و لەناوبردنی کورد وەک یەک تەماشا دەکرا و لە ڕوانگەی پلانی جینۆسایدەوە کورد و شاخ بە یەک چاو تەماشا دەکرا. خۆ لە مێژەوە تێکڕا ڕابەرانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد شاخیان بە گەورە پاڵپشتی مانەوەی خەڵکەکەی خۆیان دەزانی، کەواتە بەم پێوەرە بێت و بە پێوەری زانستییش بێت تەختکردنی شاخ تاوانە و نەخاسمە ئەو تەختکردنەش بۆ بەرژەوەندیی سەرمایەدارە وڵات وێرانکەرەکان بێت، کە وەک ئارایشتێک بە هەندێکیان دەگوترێت سەرمایەداری نیشتمانی و هەرە دڵسۆزەکەیان ئەگەر ڕێکخستنی یاسایی ڕێی پێنەگرێت سەرجەمی وڵاتت بە چوار عانە بۆ دەفرۆشێت و مێشێکیش میوانی نییە. ئێمە هێشتا ئەم لایەنەمان بەدەستەوە ماوە با بە دەردی نەوت و گازەکەمانی نەبەین کە دەستمان لە بنی هەمانەکەیەوە دەرچووە و بوو بە مڵک و تاپۆی ڕەشی کارتل و کۆمپانیا بیانییەکان و هاوبەشە خۆوڵاتییەکانمان و ئێستا تەنانەت دەسەڵاتداران و حوکمڕانانیش ناتوانن هیچ بڕیارێک لەبارەیەوە بدەن و زۆرێک هەر بە سەوزی فرۆشراوە و گەلی کوردی ئازیز هینێک و تۆپێ جاویشی لەسەر قەرزار بووە. دەخیلتانم دەست بە شاخەوە بگرن و شاخیش وەک چەمکی نیشتمانی ونەتەوەپەروەری پیرۆزیی خۆی هەیە با نەیکەین بە کەرەستە و کاڵای بازرگانی، چونکە هەر بە یاسا و ڕێسای خودی وڵاتی خۆیشمان مڵکی گشتییە و تاکی خاوەن پارە و دەسەڵات بۆی نییە بە ماڵی خۆیی بزانێت و ئەمڕۆ بێت یان سبەی باجەکەی بە قورسیی دەدات. لە مێژوودا قەیسەری ڕووسیا ویلایەتە بەستەڵەکەکەی ئالاسکای بە پارە و پووڵێکی کەم فرۆشتە ئەمریکا، چونکە دەستی خستبووە ناو خەزێنەی وڵاتەکەی و لەسەریشی قەرزار بووبوو، ئەمڕۆ ناتوانێ تەنانەت وەک کورد دەڵێ لە کوولەکەی تەڕیشدا باسی بکات و تازە ڕۆیشت و ڕابورد. هەر لە مێژوودا کاتی خۆی سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی وەک سازشی مانەوەی دەوڵەتەکەی قوبرسی فرۆشتە بەریتانیا و تا ئەمڕۆش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی تورکیا دەکات لەسەر ئەو بەشە کەمەی باکووری قوبرس کە ساڵی ١٩٧٤ داگیری کرد. چین لە جەنگی ئەفیوندا بۆ ماوەی سەد ساڵ هۆنگ کۆنگی فرۆشتە بەریتانیا و کاتێ لە ساڵی ١٩٩٩دا بە پێی ڕێککەوتننامە و یاسای نێودەوڵەتی بەدەستی هێنایەوە ڕەسەنایەتیی میللیی لەدەست دابوو و تا ئێستاش خەڵکەکەی نەبوونەتەوە بە چینییەکی ڕەسەن و تەواو گۆڕاون و بۆ تایوانیش هەمان دەرد چاوەڕێیان دەکات لە پاشەڕۆژدا. خۆشویستنی وڵاتی خۆت تەنها دروشمبازی نییە هاونیشتمانیانی پێ فریو بدەیت، بەڵکو هەڵوێست و کردەوەیە و ئەگەر سوور بیت لەسەری و وەک حوکمڕان نەتگۆڕییەوە بە بەرژەوەندیی خۆت و هۆکاری مانەوەت لە دەسەڵاتدا دواتر دەبێتە کولتوورێکی ڕەگداکوتاو لای میللەت بەگشتی و بە جۆرێک دەکەوێتەوە کەوا هەر لادانێک لەو کولتوورە و یاسا و ڕێساکەی دەبێتە تابوویەک کەس بۆی نەبێت بیبەزێنێت و ئاشکرایە لەم ڕۆژگارەدا ئەم تابووە لای ئێمە لە هەموو بوارێکدا تەنها بە وتاردان و دروشمی ساختە ماوەتەوە. بە قسەیەکی ئاسایی کۆتایی پێدێنم کەوا کولتوور و ڕەسەنایەتی چ کاریگەرییەک بەرپا دەکات لای تاکی هەر گەل و نەتەوەیەک کە وڵاتەکەی خۆی لە ناخ و نەستیدا خۆشویست. جارێکیان تاقمێکی لای خۆمان بە سەردان چووبوونە شاری یەریڤانی وڵاتی ئەرمەنستان و لە کەسێکی ئەرمەنیی هاووڵاتیی ئەوێیان پرسیبوو: ئەرێ لای ئێوە حەمامی تورکی هەیە؟ ئەویش دەسبەجێ لە وەڵامدا گوتبووی: نەخێر لای ئێمە تەنها حەمامی ئەرمەنی هەیە. لای ئێمەش ئەگەر کەسێک بیەوێت خانوو یان شوقەیەک بکڕێت یەک لە خاسییەتە ناوازەکانی ئەو خانووەی بەتەمای کڕینیە ئەوەیە کە پێی دەڵێن: حەمامی تورکییشی تێدایە!!