لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، عێراق چووە ناو قۆناغێکی نوێی سیاسی کە هیوای زۆر هەبوو بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و دامەزراوەیی. بەڵام لەگەڵ ئەو هیوایانە، دیاردەی گەندەڵی و دزیی سامانی گشتی بە خێرایی گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی لاوازیی دەوڵەت، دواخستنی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری و زیادبوونی نەداری و بێکاری.
گەندەڵی تەنها بریتی نییە لە دزینی پارە، بەڵکو بریتییە لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ قازانجی کەسی، وەرگرتنی بەرتیل و ڕەشوەت، دابەشکردنی گرێبەستەکان بە شێوەی نایاسایی، دامەزراندنی خزم و دۆست لە پلە و پۆستەکانی دەوڵەت و بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و تایبەتییەکان.
عێراق لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار شاهیدی دۆزینەوەی دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی بووە. هەندێکیان پەیوەندییان بە گرێبەستەکانی نەوت، گومرک، باج، بانکی دەوڵەت، کۆمپانیا حکوومییەکان و پرۆژە تەواونەکراوەکانەوە هەبووە. زۆرجار بڕی ئەو پارەیەی ون بووە بە ملیاران دۆلار هەژمار کراوە، لە کاتێکدا هاووڵاتیان لە کەمترین خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا، ئاو، تەندروستی و پەروەردە و گەلێ بواری تر بێبەش بوون.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتەکانی عێراق هەوڵیان داوە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دژایەتی گەندەڵی دەست پێبکەن. دامەزراوە چاودێرییەکان چالاکتر بوون، هەندێک لێکۆڵینەوە دەستیان پێکرد و هەندێک بەرپرسی پلەبەرز بانگهێشتکران بۆ دادگا. هەروەها هەندێ پارەی گشتی گەڕێندرایەوە و هەندێ دۆسیە هەڵدرانەوە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم هەڵمەتی دژ بە گەندەڵییەی ئێستا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە. لە لایەک، بوونی ئیرادەی سیاسی و داواکاریی گشتی بۆ لێپرسینەوە هیوایەکی باشی دروست کردووە. هاووڵاتییان و ڕاگەیاندنەکان زیاتر لە پێشوو چاودێریی کارەکانی حکوومەت دەکەن و داوای شەفافییەت و لێپرسینەوە دەکەن. لە لایەکی ترەوە، بەردەوامبوونی تۆڕەکانی گەندەڵی، کاریگەریی هێزە سیاسییەکان لەسەر هەندێ دەزگا و دامەزراوە، لاوازیی هەندێک دەزگای چاودێری و دادوەری و پاراستنی بەرژەوەندیی گرووپە بەهێزەکان، هێشتا بەربەستێکی گەورەن. زۆرجار دۆسیەکان دەست پێدەکەن، بەڵام تا کۆتایی بڕناکەن یان ئەنجامەکانیان نادیار دەبن.
ئەگەر هەڵمەتی دژ بە گەندەڵی بە شێوەی هەڵبژاردەیی (ئینتیقائی) بێت، واتە تەنها هەندێ کەس بکرێنە ئامانج و هەندێکی تر بپارێزرێن، ئەوا متمانەی هاووڵاتیان بە خێرایی لەدەست دەچێت چونکە دادپەروەری پێویستی بە یەکسانی هەیە و یاسا دەبێت بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ بکرێت.
ئاسۆی ئەم هەڵمەتە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی بنەڕەتی:
سەربەخۆیی دادگا و دەزگا چاودێرییەکان.
پاراستنی لێکۆڵەران و ئەوانەی گەندەڵی ئاشکرا دەکەن.
شەفافییەت لە گرێبەستە حکوومییەکان و خەرجکردنی بودجە.
گەڕاندنەوەی سامانی دزراو، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات.
چاکسازیی یاسایی و کارگێڕی، بەتایبەتی لە بوارەکانی باج، گومرک، نەوت و بانکدا.
ڕۆڵی چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕاگەیاندنی ئازاد و پەرلەمانێکی کارا لە چاودێریکردنی دەسەڵاتدا.
گەندەڵی تەنها کێشەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتییە. کاتێ پارەی گشتی دەدرزرێت، نەخۆشخانەکان تەواو نابن، قوتابخانەکان کەموکووڕییان دەبێت، ڕێگاوبان و پردەکان باش دروست ناکرێن و هەزاران گەنج دەرفەتی کار لەدەست دەدەن. بەم شێوەیە، گەندەڵی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە.
ئەگەر حکوومەت بتوانێت بەردەوام بێلایەن و بە پشتگیریی یاسا هەڵسوکەوت بکات، ئەوا هیوای کەمکردنەوەی گەندەڵی هەیە. بەڵام ئەگەر ئەم هەڵمەتی دژ بە گەندەڵییە ببێتە ئامرازێکی ململانێی سیاسی یان وەرزیی، ئەوا ئەنجامەکانی سنووردار دەبن و تەنها هەندێک دۆسیە دەکرێنە سەردێڕ، بەبێ ئەوەی بنەماکانی گەندەڵی لەبەین ببرێن.
بێگومان سەرکەوتنی هەر هەڵمەتێکی دژ بە گەندەڵی تەنها بە ژمارەی ئەو کەسانە ناپێوردرێت کە دەستگیر دەکرێن، بەڵکو بەوە دەپێوردرێت کە ئایا سیستەمێک دروست کراوە یان نا کە دواتر ڕێگا لە دووبارەبوونەوەی گەندەڵی بگرێت. عێراق پێویستی بە دەوڵەتێکی دامەزراوەیی، دادپەروەر و شەفاف هەیە، دەوڵەتێک کە یاسا لەسەر هەمووان بە یەکسان جێبەجێ بێت و سامانی گشتی بە هەق بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەکاربهێنرێت، نەک بۆ بەرژەوەندیی تاک و گرووپ.
لێرەوە دەکرێت کەمێ شۆڕببینەوە بۆ مێژووی گەندەڵی لە عێراقدا و بۆمان دەردەکەوێت کە هەر لەمێژەوە ئەم دیاردەیە هەبووە لەم وڵاتە و بە هەمان شێوە وڵاتانی تری قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا کەوا گەندەڵی و بەرتیلخۆری و خراپ ئیدارەدانی کاروباری دەوڵەت لەوپەڕی دواکەوتووییدا بووە و ئەم کارە باو بووە لای والییەکان و فەرمانبەرانی ئەو دەوڵەتەدا، بە جۆرێک کە بووە بە میرات و کولتوورێکی باو و میللەتانی ڕەعییەت هەمیشە لە ژێر ستەمدا بوون و بە دەست حوکمڕانان و فەرمانبەرانی ئەو دەسەڵاتەوە ناڵاندوویانە و ئەم گەندەڵییە بە تەواوی جومگەکانی ژیان و گوزەراندا ڕۆچووە و لە گەلێ سەریشەوە وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتیی چەسپاو خۆی وێناکردووە و خۆی وا نواندووە لای خەڵک و ڕەعییەت کە هەرگیز چارەسەری نییە.
پاش لەناوچوونی حوکمی عوسمانی و بەدەستهێنانی جۆرێک لە سەربەخۆیی بەشێک لە گەلانی ژێردەستی ئەو دیاردەیە هەر ما و بنەبڕ نەبوو، بەڵکو ئەمجارەیان ئەم وڵاتە بەناو سەربەخۆیانە و لە نێویشیاندا عێراق کەوتنە بندەستی هێزە کۆڵۆنیاڵییەکان و بەستنیانەوە بە پەیماننامەی جۆراوجۆری زەلیلکەر و تێیدا بەشی گەلان هەر ستەم و تاڵانکردنی سامانی ئەم وڵاتانە بوو. بۆ وڵاتێکی وەک عێراقیش کە لە ساڵی ١٩٢١دا لەلایەن بەریتانیا و هێزە کۆڵۆنیاڵییەکانی براوەی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە وەک قەوارەیەکی دروستکراو هاتە کایەوە، بەدەر لە خواست و ویستی ئەو گەل و نەتەوانەی خرانە ناو چوارچێوەی سنوورە دەستکردەکانیەوە، ڕادەستی ڕژێمێکی پاشایەتیی کۆنەخواز کرا کە کۆڵەکەی سەرەکیی حوکمکردنی سیستەمێکی هاوپەیمانی دەرەبەگایەتی بۆ دێهات و چینێکی ئەریستۆکراتیی ئەفەندیی شارەکان بوو. ئەمانە لە چەندین سەرەوە ملکەچ و وابەستەی کۆڵۆنیالیزمی داگیرکەر بوون و کارئاسانییان بۆ تاڵانکاریی ئەو دەکرد و لە ناوخۆی وڵاتیشدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی نەهاتە کایەوە بۆ باشتر کردنی ژیانی خەڵکی هەژاری وڵاتەکە بە جۆرێک کە جیاوازییەکی بەرچاوی هەبێت لەگەڵ ڕۆژگاری داگیرکاریی عوسمانیدا. ڕاستە پەراوێزێکی ماف و مەدەنییەتی سەرمایەداری بۆ چینە فیوداڵ و سەردەستەکە هاتە ئاراوە بەڵام ڕژیمی پاشایەتی و دەستوپێوەندەکەی هەر دژە خەڵکی هەژاری وڵاتەکە بوون و کولتووری گەندەڵی و بەرتیلخۆریی تاڕادەیەک هەر وەک خۆی مایەوە و گۆرانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهات.
چەند ساڵێکی کەمی دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ خەڵکی هەژاری وڵاتەکە ئاهێکی کاتییان پێدا هاتەوە و کەمێک حەسانەوە و بۆ یەکەمجار ڕژێمێک هاتە سەر کار کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەژاردا بێت، بەڵام ئەوە خەونێک بوو زوو تێپەڕی و وڵات دووچاری زنجیرەیەکی نەبڕاوەی پیلانی زلهێزانی کۆڵۆنیالیزمی دەرەکی و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی پەڕگر و توندڕەوی ناوخۆیی بووەوە کە لە دەورانی پێشتر خراپتر گەلانی عێراقیان خستە ژێر باری ستەم و جیاکاریی نەتەوەیی و تائیفی و شەڕی دژەکوردیان بەرپاکرد تا ئاستی بەرپاکردنی سیاسەتی جینۆساید و کاولکاری لە سەردەمی نزیکەی ٣٠ ساڵی حوکمی ڕژێمی بەعسییەکانی عێراقدا و بێجگە لە شەڕی بەردەوامی دژەکورد زنجیرەیەک جەنگ و داگیرکارییان بەرپاکرد دژ بە ئێران و وڵاتانی کەنداو. ئەمەش زەمینەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕەزامەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان داگیری بکەن و عێراق لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە ببێتە ناوچەیەکی داگیرکراو Occupied Territory. ئەنجامی حوکمی بەعسییەکانیش تا لەناوچوونیان لە ساڵی ٢٠٠٣دا وێرانکارییەکی وابوو کە وڵات داری بەسەر بەردیەوە نەما و پاشان داگیرکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەو ساڵە بەدواوە و ڕێخۆشکردنیان بۆ ئەوەی حیزبە ئیسلامییە تائیفی و کۆنەپەرستەکان جڵەوی حوکم بگرنە دەست و ڕێگە نەدانی ئەمریکا بە هێزە نیشتمانی و دیموکراتییەکانی عێراق بێنە سەر حوکم و بە ڕێگەیەکی دیموکراتی نیشتمانسازی بکەن و وڵاتەکە لەو وێرانکارییەی پێشوو ڕزگار بکەن. لەبەر ئەوە ئەنجام وا کەوتەوە کە ئەو هێزە تائیفییانە لە ژێر پەردەی هەڵبژاردنی بەناو دیموکراتییانەی ڕووکەش و ساختەدا عێراق نغرۆی وێرانکارییەک بکەن کە لە چاو نموونە هەرە خراپەکانی پێشتری مێژووی ئەو وڵاتەدا بە هیچ جۆرێک نموونەی نەبووبێت. ئەمە لە وڵاتێکدا ڕوویدا کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەبوو لە کولتووری گەندەڵی و بەرتیلخۆری و خراپ ئیدارەدانی کۆمەڵگەدا وەک پێشتر ئاماژەم پێدا. ئەگەرچی ئەم نەریت و کولتوورە دزێوە لە هەندێ سەردەم و قۆناخی حوکـمڕانیدا کەمێک سووکتر و ئەهوەنتر بووبووەوە و تاڕادەیەک پاشەکشەی کردبوو لە بەردەم هۆشیاری و هاوچەرخیی ڕەوشت و ئاکاری خەڵکدا، بەڵام ئەم هێزە دواکەوتووانە کارێکیان کرد کە وەک "دێوی پشت قولەی قاف" سەرهەڵبداتەوە و ئەمجارە وەک ئەژدیها هەرچی بێتە بەردەمی بێشەرمانە بیماشێتەوە و هەر بەربەستێکی مۆراڵ و ئاکار بێتەڕێی تێیپەڕێنێت و چاوچنۆکی و چڵێسییەکەی لە ئاستێکدا بێت کە "فوو لە دۆ نەکات" و هەموو بەها ئاسمانی و زەمینییەکان پێشێل بکات و بە ئاستێک ڕەفتار بکات کە هیچ نەیوەستێنێت و بە هیچ تێر نەخوات.
ئەمە لە وڵاتێکدا ڕوویدا کە پاش ئەو هەموو وێرانکارییەی پێشتریش سامانە زۆرەکەی بەشی خۆشگوزەرانیی نەک هەر خەڵکی عێراق بەڵکو هی گەلێ وڵاتی تری برسی و بێدەرامەتیش بکات. ئەمەی لەم نزیکەی چارەکە سەدەیەدا لەم وڵاتەدا بێشەرمانە و ڕووقایمانە بەرپاکراوە تاوانێکی هێندە سەخت و دزێوە کە پێویستە ئەنجامدەرانی بدرێنە دادگایەکی عادیلانە و هەرچییان تاڵانکردووە لە ماڵ و سامانی گشتی دەستی بەسەردا بگیرێت و بگێڕدرێتەوە بۆ خەڵکی مافخوراو. هەڵبەت لێرە و لەوێ باسی ڕێککەوتن و سازش لەگەڵ تاڵانچی و جەمسەرە گەورەکانی گەندەڵیدا دەکرێت گوایە بەوە ببەخشرێن کە بەشێک لەو سامانی دزێتییە بگێڕنەوە و بێ سزای ڕەوا دەربازیان ببێت. بێگومان ئەم کارە، ئەگەر ڕووبدات و پەیڕەویی بکرێت کە لە یاسا بەدەرە، پێش هەموو شتێک سووکایەتییە بە خەڵکە بەشخوراوەکەی وڵات و لەهەمان کاتیشدا خەڵاتکردنی دزەکانە. من دەپرسم ئاخۆ زەیدی و حکوومەتەکەی لە ئاست پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەدان بۆ گۆڕینی سیستەمی پشکپشکێنەی حوکمڕانی، کە بێ ئەوە هیچ چارەسەر و گۆڕانکارییەک ناکرێت، یان ئەمیش وەک ئەوانیتری پێش خۆی گوڕوفڕێک دەکات بۆ چارەسەری گەندەڵی و ئەنجام گەرداوەکە دەنیشێتەوە و هەڵمەتێکی کورتخایەن دەبێت و هیچی لێ شین نابێت و دواجار دز و گەندەڵکاران لە جاران خراپتر و شێلگیرانەتر پەلامار دەدەن و کارەکە ئاڵۆزتر دەبێت و زیاتر لەگرێژەنە دەچێت. ئێستا ئەم وڵاتە لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە پلان و کاری لێبڕاوانە و دامەزراوەییە و بە تاقە کەسێکی سۆپەرمان دەردەکانی چارەسەر نابێت، کە تەنها ماسییە بچووکەکان ببن بە تۆڕەکەیەوە و نەهەنگەکانی دزی و تاڵانییش وەک بەرزەکی بانان بۆ دەربچن. ئەو سۆپەرمانە کاتێ سەرکەوتوو دەبێت کە لە سەر ڕێچکە و ڕێبازی "لی کوان یو"ی سەنگاپوورە بڕوات و پێش هەمووان خزم و نزیکەکانی خۆی بکات بە داوەوە. بێگومان چەپڵەی ئەم سۆپەرمانەش، ئەگەر ڕاست بکات، بە دەستێک لێنادرێت.