بەزیندوویی هێشتنەوەی یادەوەریی جینۆساید

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
  2026-09-05     48

لەم ڕۆژانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لێدوانێکی کورتی بەرپرسێکی عێراق بڵاو بووەوە کە لە کاتی لەسێدارەدانی علی حسن المجیدی گەورە تاوانباری ڕژێمی بەعسی عێراقدا وەک بەرپرسی زیندان و بە چەند ساتێک پێش جێبەجێکردنی سزای هەڵواسینی ئەو تاوانبارە لێی پرسیوە ئاخۆ پەشیمان نییە لەو تاوانانەی کە دەرهەق بە خەڵکی عێراق بە گشتی و کورد بەتایبەتی لە پرۆسەی ئەنفالدا ئەنجامی داوە؟ لە وەڵامدا ئەم تاوانبارە لە دوا ساتی ژیانیدا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە نەک هەر پەشیمان نییە لەو کوشتوبڕەی بەسەر کوردەکانیدا هێناوە بەڵکو ئەگەر ئێستاش دەرفەتی بدرێتێ سەد ئەوەندە و زیاتریان پێدەکات. بێگومان ئەمە تەنها ڕای شەخسیی ئەو کەسە تاوانکارە نەبووە بەڵکو کرۆکی ئایدیۆلۆجیای فاشی و ڕەگەزپەرستیی ناسیۆنالیستیی سەرانی حیزبی بەعس بوو لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە سووریا و عێراق لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمەوە و لە هەردوو وڵاتەکەدا کە بە کوودەتا هاتنە سەر دەسەڵات بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژی تاوانیان دژ بە خەڵک ئەنجامدا تا گەیشتە ئاستی جینۆساید، بە پێی پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکان، دژ بە نەتەوەی کورد لە هەردوو وڵاتەکەدا. سەرانی هەردوو ڕژێمەکە، واتە سەددام و ئەسەد، تا کۆتاییان قێزەونترین تاوانیان ئەنجامدا، بۆیە لێکەوتە و ئاسەواری ئەو تاوانە و کاریگەری و وێرانکاریی بە ئاستی جۆراوجۆر لەسەر نەوەکانی داهاتووی هەردوو وڵاتەکە هەر دەمێنێتەوە ئەگەر کاری بەرنامەدار نەکرێت بۆ سڕینەوە و چارەسەریان. لە سووریا ماوەیەکی زۆر نییە ڕژێمی بەعس ڕووخاوە و خەڵکی وڵاتەکە و بە تایبەتی کورد لە ڕۆژاڤا لە ئەزموونێکی سەخت و دژواردان بۆ دەستەبەرکردنی تەنانەت سادەترین مافی ڕەوایان، چونکە وا هاتە پێشەوە کە ڕژێمی جێگرەوەی ئەسەد پاشخانی ئیسلامی سیاسیی توندڕەوە و هەندێ پەیوەندی و یاریی هەواڵگریی ڕۆژاوایی و   ئەمریکی و هەرێمی هێنابێتیانە سەر دەسەڵات و ئاسۆی دواڕۆژ بۆ خەڵکی وڵاتەکە و بە تایبەتیی کورد تەڵخە و مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیە.

بەهەرحاڵ ئێمە زیاتر چاو دەخەینە سەر عێراق و ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامی دا و ڕژێمی بەعسیان ڕووخاند. ئەوان لەجیاتیی ئەوەی دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق وەک خۆی بهێڵنەوە و ڕادەستی هێزە نیشتمانی و دیموکراتخوازەکانی وڵاتەکەی بکەن بۆ چارەسەرکردنی شوێنەواری ئەو تاوانکاری و تێکدان و وێرانکارییەی کە ڕژێمی بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨ەوە و پێشتریش لە ساڵی ١٩٦٣وە لەگەڵ ڕژێمە نەتەوەپەرست و شۆڤێنییەکاندا ئەنجامیاندابوو، هاتن وڵاتەکەیان بە یاسای نێودەوڵەتی کردە وڵاتی داگیرکراو (البلد المحتل occupied country) و خستیانە ژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. ئەم بارەش هەلی بۆ ئەو هێزانە و بە تایبەتی ئەمریکییەکان ڕەخساند کە بە خوایشت و بەرنامەی خۆیان دەستێوەردان بکەن لە مەسەلەی حوکمڕانیی نوێی عێراقدا و لە ڕووکەشدا سیاسەتێکی ئەزموونکاریی پڕ لە هەڵە و کەموکورتیی لێکەوتەوە و خەڵکی ملهوڕ و بێ ئەزموونی دیپلۆماتیکیان دانا بۆ حوکمکردنی عێراق، چەشنی گارنەر و برێمەر و ئەوانیتریش، کەوا زانیارییەکی ئەوتۆیان نەبوو لەسەر دابونەریت و فەرهەنگ و مێژووی خەڵکی وڵاتەکە و بڕیارەکانیان بۆ ئیدارەدانی هەڕەمەکی و بێئەرزش بوو و وڵاتەکەیان تووشی سەرگەردانی و بێسەروبەرییەکی ترسناک کرد. بەڵام بۆچوونی باو ئەوەیە کە ئەم سیاسەتی فەوزا و بێبەرنامەییە لەڕاستیدا بە بەرنامە کرا و پلانێکی موخابەراتیی ئەمریکی و نێودەوڵەتی و هەرێمیی لە پشتەوە بوو و بە مەبەستی وێرانکردنی تەواوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و .. تادوایی لە وڵاتەکەدا ئەو دۆخە بەرپاکرا و پێشهاتەکانی دواتر زیاتر ئەم ڕاوبۆچوونەیان سەلماند، دەنا ئەگەر وا نەبوو بۆچی چاوپۆشی لە دزی و تاڵانوبڕۆی هەموو دەزگا و دامەزراوەکانی عێراق کرا بە بانکەکانیشەوە کەچی وەزارەتی نەوت و خانەی دەستنووسە کۆنەکان (دار المخطوطات) و مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق پارێزران و تەنها ئەوەی خۆیان مەبەستیان بوو لەو شوێنانە دزران. ئەگەر ئەوە پلان نەبوو بۆچی حوکمی وڵات وردە وردە ڕادەستی گرووپ و حیزبەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعە کرا و ڕژێمێکی پشپشکێنەی سیاسیی هاوشێوەی لوبنانی تێدا دامەزرا و لایەنە نیشتمانی و عەلمانی و دیموکراتخوازەکانی خاوەن مێژووی خەبات و تێکۆشانی پڕ قوربانیی وڵاتەکە دەستبەدەر کران و داڕووخان و تێکدان و گەندەڵی بوو بە ڕێبازی باوی حوکمڕانی و ڕووکەشی دیموکراسی و هەڵبژاردن و پەرلەمان و سەرجەمی ئەو دەزگا و دامەزراوانەی لە ڕژێمی نوێدا هێنایانە کایەوە بوون بە گوزارش و ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئیفلیجی سیستەمی پشکپشکێنەی حوکمڕانی.

  هەڵبەت ئەم بارودۆخە داتەپیوە و لە ڕووکەشدا هەڵە و بێپلانیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لێکەوتەوە بوو بە مایەی ئەوەی کە زۆربەی تاوانکارانی چەند ساڵەی ڕژێمی ڕووخاو وەک بەرزەکی بانان دەربچن و سزا نەیانگرێتەوە، بەدەر لە نزیکەی پەنجا کەس لە سەرانی تاوانباری ڕژێم، کە بە هەر هۆکار و شێوەیەک بووە بەشێک لەوانیش لە سزا ڕزگاریان بوو. زۆربەی زۆری تاوانکارانیش یان دڵسۆزی و وەلائی خۆیان گۆڕی و چوونە پاڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکانی نوێ و بوون بە فاکتەری قووڵکردنەوەی گەندەڵی و تێکدانی زیاتری دۆخی وڵاتەکە و ئیدارەدانی جومگە جۆراوجۆرەکانی و ئاڕاستەکردنی بەرەو هەڵدێری زیاتر. بەشێکی تری ئەو تاوانبارانە ڕەنگی خۆیان گۆڕی و چوونە پاڵ ڕێکخراوە جۆراوجۆرە توندڕەوەکانی ئیسلامی سیاسیی سوننە بە ناوی بەرهەڵستکاریی (موقاوەمەی) ڕژێمی نوێ و لەژێر پەردەی جۆراوجۆردا چەشنی قاعیدە و داعش و چەندین گرووپ و تاقمی تری توندڕەوی ئیسلامی و لە ناوەرۆکدا نەتەوەپەرستی پەڕگری شۆڤێنی. دیاردەکە لە کوردستانیشدا هەر بەم شێوەیە کەوتەوە و تاوانکارانی کوردی کرێگرتەی ڕژێمی بەعس، ئەوانەی کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لەوەی کە ڕژێم کۆنترۆڵی تەواوی کوردستان بکات و ئامرازی خیانەتکاری بوون تا ئاستی ڕێخۆشکردن و بەشداریکردن لە ئەنجامدانی جینۆسایددا هەر زوو ڕەنگ و لایەنداریی خۆیان گۆڕی و چوونە پاڵ حیزبە کوردییە دەسەڵاتدارەکان و دیسانەوە وەک پێشوو بوونەوە بە   دەسەڵاتدار و ئامرازی ستەمکردن لە خەڵک و ئەمجارە بە شێوەیەکی ڕەهاتر. ئەوەی وێنەکەی تەڵختر و ئاڵۆزتر کرد کە هەرێمی کوردستان بوو بە پەناگە یان وێستگەی ترانزێت بۆ ڕزگارکردنی بەشێکی بەرچاو لە تاوانبارە سەرەکییەکانی ڕژێمی بەعس لە دوای ڕووخان و دەربازکردنیان بۆ وڵاتانی دەرەوە، بە هاوکاریی کەسانی دەسڕۆی ناو دەسەڵاتی کوردی و ئەوانە لە دەرەوە دیسان بوونەوە بە دوژمنە داخلەدڵەکانی جارانی کورد. ئەم بارودۆخە خەڵکی بە تەواوی نائومێد کردووە لەوەی دۆخی سیاسی و ئابووری و .. هتد لە عێراق و هەرێمدا بەو بارەدا بشکێتەوە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نەبێت و بارتەقای قەربووکردنەوەی خەبات و قوربانیدانەکانیان نەبێت. بەم پێیە دۆخەکە لە هەموو ڕوویەکەوە لە گرێژەنە چووە و خەڵکی وڵاتەکەی بە تەواوی نائومێد کردووە، کە سەرباری دۆخی خراپیان لە هەموو ڕوویەکەوە بارەکە وا کەوتووەتەوە کە توێژێک لە خەڵکی مفتخۆر لە ئەنجامی گەندەڵی و ناپاکیی چینی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانیی ناڕەوا و بەرژەوەندیخوازیی نێوانیان بوون بە خاوەنی سامانێکی لە خەیاڵ بەدەر، لە کاتێکدا کەوا زۆربەی خەڵکی وڵاتەکە بێکارن و لە لێواری هەژاریدان و دنیایەک دەرد و لادان و شێواویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگیی لێکەوتووەتەوە.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ لە ناو گەلێکی ستەمدیدەی جینۆسایدزەدەدا ڕەوایە ئەو هەموو تاوانبارە سەرەکییەی ئەنجامدانی ستەم و جینۆساید وەک بەرزەکی بانان دەباز ببن بێئەوەی بدرێنە دادگا و بە سزای خۆیان بگەن. بێگومان لەمەدا چەند ڕژێمە نوێیەکەی عێراق ڕۆڵی هەیە ئەوەندەش حیزب و سەرانی دەسەڵاتداری کورد خەتایانە و لەمەشدا بێپلانی و گەلێ جاریش بە ئەنقەست فاکتەری کاریگەرن و لەبری کارکردن بۆ بە دادگا گەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید و پێداگرتن لەسەر ئەوەی دەوڵەتی عێراق وەک میراتگری ڕژێمی پێشوو داوای لێبووردن بکات لە کورد و کەسوکاری قوربانییان بە قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوییان و هەوڵدان بۆ ساڕێژکردنی برینە قووڵەکانیان، نەبوونی فشار و بێباکییەکی بەرچاو دەبینرێت و پەیڕەوی دەکرێت لە مامەڵەکردنی ئەم مەسەلە هێجگار گرنگەدا. ڕاستە زۆرێک لە دارودەستەی حوکمڕانیی ڕژێمی دوای ٢٠٠٣ی عێراق هەمان ئەقڵییەت و دەمارگرژیی نەتەوەیی شۆڤێنیی حوکمڕانانی پێش گۆڕینی ڕژێمی پێشوویان هەیە و بەردەوامن لەسەر هەمان ڕەفتار، بەدەر لە جیاوازیی مەزهەب و تائیفە، بەڵام بێباکی و بە هەند  وەرنەگرتنی مەسەلەکە لەلایەن سەرانی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە و بە درێژایی ئەم ساڵانە کێبڕکێ و تەپوکۆیان لەسەر پۆست و پارە و بیزنێسی ناڕەوا کارەکەی بەم دەردە برد و یادەوەریی ستەم و تاوانە سامناکەکان بە ڕادەیەک کاڵبوونەتەوە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا وێنەی نییە و لای گەلانی هاوشێوەی ئێمەش وا نەکەوتووەتەوە. تۆ بڕوانە بۆسنیا، کۆسۆڤۆ، ڕواندا، ڤێتنام، جوو، ئەرمەن و زۆرێکی تر لە گەلانی جینۆسایدکراو کە چۆن وەبەرهێنانیان لە مەسەلەیەدا کرددووە لە بەرژەوەندیی گەل و وڵات و قوربانییەکانیان و چۆن دوای دەیان ساڵیش ئەو یادەوەرییانە لە ویژدانی خەڵکی ئەو وڵاتانە و بگرە تەواوی جیهانیشدا بەرز ڕاگیراون و بووە بە هۆکار و پاڵنەری پێشکەوتنی وڵاتەکانیان. هەر بۆ نموونە ڕواندا وڵاتێکی هەژاری ئەفریقا بوو، بەڵام لە سایەی سەرکردە و ڕژێمێکی دەستپاک و باشیدا گەورەترین وەبەرهێنانی لە جینۆسایدەکەی ساڵی ١٩٩٤یدا کرد و سەرەڕای ئەوەی هیچ تاوانبار و ئەنجامدەرێکی جینۆسایدەکەی ڕزگاری نەبوو لە دەستی دادگا، لە هەمان کاتیشدا وەبەرهێنانێکی گەورەی لە سۆز و پشتگیریی گەلان و وڵاتانی   دەرەوەدا و ئەمڕۆ بووە بە گەورەترین ئابووری و بە دوبەیی ئەفریقا ناوزەد دەکرێت. سەد ساڵ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر جینۆسایدی ئەرمەندا لەسەر دەستی عوسمانییەکان و سەرباری ئەوەی دەوڵەتی میراتگر دانی پێدا نەناوە بەڵام تا ئێستاش لە ڕەفتار و یادەوەریی ئەو گەلەدا وەک ئەوە وایە کە دوێنێ ڕوویدابێت و لە دەیان و سەدان چالاکی و کۆششی میللیدا دنیایان لێ   پڕکردووە و کارێکیان کردووە کە تا ئێستا نزیکەی چل وڵات دانی پێدا نابێت، هەرچەندە ئێمە هەموو لە جیهانێکدا دەژین کە وڵاتانی بەتایبەت سەرمایەداری بەرژەوەندیی خۆیان و کۆمپانیاکانیان تێیدا سەرپشکە و ویژدان و هاوسۆزیی مرۆڤدۆستانە زۆر لە دواوەیە. خۆ هەرکەسێکیشمان ئەگەر ڕێی کەوتبێتە مۆزەخانەی یادەوەریی کەمپی ئاوشڤیتزی کوشتن و بەندکردنی قوربانییانی هۆڵۆکۆست لە پۆڵەندا، کە نازییەکان نزیکەی ملیۆن و نیوێک جوولەکە و غەیرە جوویان تێدا سووتاند لە پێنج کوورەدا، ئەوە لە بەردەمی کوورەی ژمارە یەکدا سێدارەیەک دانراوە و بۆ هەر سەردانیکەرێکی ئەو مۆزەخانەیە دەبێتە جێی پرسیار و وەڵامەکەشی ئەوەیە: کە ئەم سێدارەیە ڕۆدۆڵف هیوسی ئەفسەرە فەرماندە نازییەکەی ئەم کەمپی ئاوشڤیتزەی چەند سەعاتێک پێدا هەڵواسراوە و پاشان سووتاندوویانە و خۆڵەمێشەکەیان وەک ئەوی قوربانییان داوە بە دەم ئاوەوە. ڕۆدۆڵف هیوسی تاوانبار پاش لەناوچوونی نازییەکانی ئەڵمانیا ماوەی دوو ساڵ خۆی شاردەوە و پاشان گیرا و دادگایی کرا و ئەمیش وەک علی حسن المجیدی تاوانباری لای خۆمان هیچ پەشیمانییەکی دەرنەبڕی و بە سزای خۆی گەیشت. بێگومان لەسێدارەدانی ئەم دوو تاوانبارە گەورەیە تۆڵەکردنەوە نییە لە پای بەرپاکردنی تاوانی سامناکیان دەرهەق بە مرۆڤ و دەرهەق بە ڕۆحی قوربانییەکان بە قەدەر ئەوەی هێشتنەوەی یادەوەریی نەفرەتیی ئەوانە بۆ زیندووەکان و تەواوی مرۆڤایەتی لەپێناوی بەربەست دانان و ڕێگری کردن لە ئەنجامدانی تاوانی ترسناک و قێزەونی لەم چەشنە. بۆیە پێویست بوو ئەو سێدارەیەش کە عەلی حەسەن ئەلمەجید و ئەو چەند تاوانکارەی تری ئەنفال و جینۆسایدی کوردیان پێدا هەڵواسرا بهێنرایەتەوە بۆ کوردستان و لە بەردەم مۆنۆمێنتێکی قوربانییانی جینۆسایددا دابنرایە، هەرچەندە ئەو پەتەی پێی خنکێنراوە هێنراوە بۆ مۆنۆمێنت یان یادگارییەکەی قوربانییانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە و بەمەش کارێکی باش کراوە بەڵام هێشتا ئارامییەک بە دڵی    خەڵک و کەسوکاری قوربانییان نابەخشێت. نموونە زۆرن لەم ڕووەوە باسیان بکەین بەڵام تەنها دەرزیئاژنی خەمەکانمانە و لە ئاستیاندا کەمتەرخەم و بێباکەکان هەر بێباکن.    

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×