پوختەیەک: ئەنجامنەدانی دانوستانی ڕاستەقینە و تێپەڕبوونی ساڵێک و ١٠ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤دا بێ پێکهێنانی کابینەی نوێ، دەریخست کە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بەتەواوی کراوەتە ئامرازێکی ڕووکەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی جەمسەرە دەسەڵاتدارەکان. ئەم پەککەوتنە نەک تەنها بەهای دەنگی هاووڵاتیانی بێبەها کردووە و دامەزراوە ناوخۆییەکانی تووشی شەلەل کردووە، بەڵکو بڕیاری سیاسیی هەرێمیشی خستووەتە ژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێ. بەردەوامیی ئەم چەقبەستووییە، پێگەی دەستووریی هەرێمی لە بەرامبەر بەغدا داڕزاندووە و متمانەی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیشی بە جۆرێک لاواز کردووە کە کیانی سیاسیی هەرێم ڕووبەڕووی مەترسیی گۆشەگیربوون و لەدەستدانی تەواوەتیی دەستکەوتە دەستوورییەکانی دەکاتەوە.
وەک دەزانین دوایین هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ئەنجام درا؛ ئێستا کە لە ساڵی ٢٠٢٦داین، ساڵێک و ١٠ مانگ بەسەر سندوقەکانی دەنگداندا تێپەڕیوە، کەچی تا ئێستاش ئەنجامەکانی لە واقیعدا بە ناڕوونی و پەکخراوی ماونەتەوە و کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێنراوە. ئەگەرچی لەکۆی عێراقدا، لە ٢٠٠٥ەوە هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە ئەنجامەکانی بێ کێشە بووبێت یان بەشێوەیەکی تەواو دیموکراسییانە حکومەت پێکهێنرابێت و دەستاودەستی دەسەڵات کرابێت؛ لە هەرێمی کوردستانیش یەکێتی و پارتی پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو پێشێلکارییە دیموکراسی و یاساییانەی لە هەموو هەڵبژاردنێکدا دووبارەی دەکەنەوە. وەلێ ئەم درێژەکێشانە بێپێشینەیەی دوایین هەڵبژاردن، چیتر هیچ پاساوێکی ڕاستیی بۆ نییە و ناتوانرێت بگوترێت تەنها "سستییەکی کارگێڕی" یان تەنگژەیەکی تەکنیکییە لە دانوستانەکاندا؛ بەڵکو لەڕاستیدا دانپێدانێکی ئاشکرای دوو حیزبە سەرەکییەکەیە بەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگی هاووڵاتیان لەم هەرێمەدا بە تەواوی بە ئامراز کراون و لەناوەڕۆکدا هیچ بەهایەکی بنەڕەتییان نییە کاتێک بەرژەوەندیی جەمسەرە حیزبی و خێزانییەکان دەکەوێتە مەترسییەوە. لەڕاستیدا، تێپەڕبوونی ساڵێک و١٠ مانگ بەسەر پرۆسەی دەنگدان لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی، تەنانەت ناتوانن لەسەر دابەشکردنی دەستکەوتە حیزبییەکانیشیان ڕێکبکەون، ئەمە دۆخەکە لە قەیرانێکی ئاسایی سیاسییەوە دەگوێزێتەوە بۆئیفلاسی ڕەهای پڕۆسەی دیموکراسی لەو هەرێمەدا.
لە سیستمە دیموکراسییە ساغەکاندا، هەڵبژاردن ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتییانە؛ بەڵام لە واقیعی هەرێمی کوردستاندا، دوو پارتی سەرەکیی حوکمڕان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) مانای هەڵبژاردن و ڕای دەنگدەریان لەناوەڕۆکی خۆیدا بۆ شانۆگەرییەکی تەواو ڕووکەش داڕنیوە. بەوپێیەی ئەنجامی سندوقەکان ناتوانێت نەخشەی دابەشکاریی هێز لە نێوان هەردوو بنەماڵەی سیاسی بگۆڕێت، یان کاتێک بەرژەوەندییە دارایی و ئەمنییەکانیان پەکبخات، تەواوی پرۆسەکە سڕ دەکەن، هەر وەک ئەو دۆخە چەقبەستووەی ئێستا دروستیان کردووە. ئەوان دوور لە ڕاستی دەدوێن کاتێک دەڵێن: "لەسەر شێوازی حکومڕانی ناکۆکن"؛ لەڕاستیدا هیچ کاتێک دانوستانەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای بەرنامەی خزمەتگوزاری، چاکسازیی پێکهاتەیی یان داواکارییەکانی هاووڵاتیان بەڕێوە ناچن، بەڵکو هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکیان لەسەر دابەشکردنی زۆنی هەژموون، قۆرخکردنی داهاتەکانی خاڵە سنوورییەکان، دابەشکردنی کۆمپانیا سێبەرەکان و پاراستنی سەربەخۆیی هێزە چەکدارە حیزبییەکانیان دەخولێنەوە. ئەمەش ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە شەرعییەتی ڕاستەقینە لەلای دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لە سندوقی دەنگدانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە ڕێژەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی دەسەڵات و سەرمایەوە دێت.
سیاسەتی پاشکۆیەتیی هەرێمایەتی و سڕینەوەی بڕیاری سەربەخۆ
تێکچوونی بنەما ناوخۆییەکانی حوکمڕانی، مەترسیدارترین دەرئەنجامی لەسەر سەروەریی سیاسیی هەرێم جێهێشتووە، کە خۆی لە لەدەستچوونی بڕیاری سیاسیی سەربەخۆدا دەبینێتەوە. بڕیاری سەربەخۆ بەواتای دوورکەوتنەوە لەو نەخشەیەی لە تاران و ئەنقەرەوە بۆیان کێشراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان. لەبری سازشکردن بۆ یەکتر، هەردوو پارتی حوکمڕان ئیرادەی سیاسیی خۆیان بەستووەتەوە بە ڕەزامەندی و ئەجێندای دراوسێکان و جەمسەرە هەرێمایەتییەکانەوە، بە جۆرێک بڕیاری کۆتایی لەسەر شێواز و پێکهاتەی حکومەتی هەرێم دەبێت لە ئەنقەرە و تارانەوە بێت.
ئەم پاشکۆیەتییە جیۆپۆلیتیکییە، تەواوی ئەو دەرفەت و ئاسۆیانەی لەبار بردووە کە دەکرا هەرێمی کوردستان بەرەو کیانێکی فیدراڵیی خاوەن ئیرادە و بڕیاری سەربەخۆ ببات؛ لەبری ئەوە، هەرێمی کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ ساغکردنەوەی حسابات و ململانێ ئەمنییەکانی وڵاتانی دراوسێ و تێرکردنی غەرێزەی بەرژەوەندییەکانیان لەم هەرێمەدا. بۆیە کاتێک کلیلی چارەسەری قەیرانی سیاسی و ناوخۆیی لە هەولێر و سلێمانی نەبێت و چاوەڕێی ئاماژەی وڵاتانی ناوچەکە بێت، ئەمە بەتەواوی واتای ئەوەیە کە چەمکی «خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەیی» ناوەرۆکە سیاسی و ئەخلاقییەکەی لەدەست داوە.
دەرئەنجامە هەنووکەییە ڕاستەوخۆکانی ئەم دۆخە
پەککەوتنی پێکهێنانی حکومەت بۆ نزیکەی دوو ساڵ، بە کردەیی دامەزراوە ئیدارییەکانی تووشی شەلەل کردووە. لەئێستادا هیچ بڕیارێکی چاکسازی یان گەشەپێدان بەئاسایی و یاسایی لەم هەرێمەدا نادرێت، کەرتی پەروەردە و تەندروستیی گشتی ڕووبەڕووی داڕمانی تەواوەتی بوونەتەوە، و جگە لە دوو بنەماڵە سیاسییەکە کەس نازانێت داهاتی ئەم هەرێمە چەندە و بۆ کوێ دەچێت و کێ چاودێریی دەکات. مووچە و بژێویی ڕەهای خەڵک بووەتە قوربانیی بڕیارە درەنگوەختەکان و ململانێی بەرژەوەندییە تەسکە خێزانی و حیزبییەکان.
هەروەها، ئەم دۆخە وایکردووە هاووڵاتییان بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی بێهێوا و بێزار ببن. ئەم بێهیواییە زۆرینەیەش بەتەواوی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگەی شێواندووە و بووەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات. نەبوونی حکومەتێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، تا دێت سنوورەکانی نێوان زۆنی زەرد و سەوز تۆختر دەکاتەوە، بە جۆرێک لەئێستادا جیاوازییە دارایی، ئەمنی و کارگێڕییەکانی نێوان هەردوو زۆنەکە گەیشتوونەتە ئاستی دوو کیانی جیاواز.
دەرئەنجامە ستراتیژی و دوورمەوداکانی ئەم دۆخە
١. لاوازبوونی ڕەهای پێگەی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا: دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا لەم ساڵانەی دواییدا بە وردی درکی بەم پەرتەوازەیی، داڕمانی دامەزراوەیی و بێپشتوانییە جەماوەرییەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم کردووە و بە ئاشکرا و لەژێرەوە کاری لەسەر کردووە. لەم ڕێگەیەشەوە توانیویەتی بە بەکارهێنانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کارتی مووچە، بودجە، دۆسیەی نەوت و سنوورەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم بپووکێنێتەوە و کیانی فیدراڵیی هەرێم تا ئاستی ئیفلاسی ئابووری و سیاسی بێهێز بکات.
ئەم داخورانە گەورەیەی پێگەی هەرێم لە کاتێکدایە کە عێراق و حکومەتی ناوەند خۆی گرفتاری دەیان کێشەی قووڵی ناوخۆیی، گەندەڵی پێکهاتەیی، دارایی، تەنگژەی خزمەتگوزاری و گوشاری ناکۆکییە ئیقلیمییەکانە. لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی و تاڵ ئەمەیە: ئەگەر بەغدایەک کە ئەمڕۆ خۆی لە ئاستێکی وا لاواز و پڕ لە قەیرانی ناوخۆییدایە، بتوانێت بەم شێوە ئاسانە هەژموونی خۆی بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمدا بسەپێنێت و بڕیاری سیاسییان لێ زەوت بکات؛ ئەی ئەگەر بەغدا لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە کەمێک تۆکمەتر بێتەوە یان هاوکێشە ناوچەیییەکان بە تەواوی لە بەرژەوەندیی ناوەند یەکلاببنەوە، چارەنووسی کیانی سیاسیی هەرێم چی بەسەر دێت؟
بێگومان ئەم بەراوردکارییە تاڵە، دەرئەنجامێکی ستراتیژی و دوورمەودای بێباکی بەردەوامی حیزبە دەسەڵاتدارەکانە. کاتێک دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییە تەسکەکانیاندا شەرعییەتی جەماوەری و سەروەریی یاسایان تێکدا، تەواوی ئامرازەکانی هێزیان قۆرخ کرد. ئەنجامەکەی هەر ئەوەیە کە هەموومان دەبینین؛ چۆن هەرێمی کوردستانیان لە کیانێکی فیدراڵی بەهێزەوە ڕۆژ بۆ ڕۆژ زیاتر بەرەو ناوچەیەکی پەراوێزخراو و دەستەمۆ برد، کە حوکمڕانەکانی تەنانەت توانای بەرگریکردن لە سەرەتاییترین مافە دەستوورییەکانی خۆشیان نەماوە و ئاسۆی مانەوەیان بە تەواوی کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی بڕیارە سیاسییەکانی ناوەند و ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ.
٢. لەدەستدانی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان: لەئێستادا یەکێتی و پارتی دۆخی پەیوەندی و دیپلۆماسییەتی هەرێمیان لەگەڵ ڕۆژئاوا گەیاندووەتە سەر پەتێکی باریک. بەهۆی پاشەکشەی ڕادیكاڵیان لە دیموکراسی، پەکخستنی بەئەنقەستی پێکهێنانی کابینەی حکومەت و پووچەڵکردنەوەی بەردەوامی پڕۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا، درزێکی قووڵی بێمتمانەیی لە نێوان هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان و نوخبەی حوکمڕانی هەرێمدا دروست بووە. وڵاتانی ڕۆژئاوا کە ساڵانێکە پشتگیریی جۆراوجۆر لە خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان دەکەن وەک «تروسکاییەکی دیموکراسی لەناو تاریکی عێراقدا»، بەردەوامیی سیاسەتی چەوتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و نیگەرانییە ئاشکراکانی هاوپەیمانان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەوان ئێستا بە تەواوی لەم مۆدێلە حوکمڕانییەی هەرێم بێئومێد بوون و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئیرادەی سیاسی دەسەڵاتداران تەنها لە خزمەتی پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکاندا دەسوڕێتەوە.
سەرباری فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتێکدا، بێباکی و خۆدزینەوەی بەردەوامی دەسەڵاتداران سەلماندوویەتی کە لە هەرێمی کوردستان حیزب هێشتا ئامادە نییە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا دەستبەرداری بەرژەوەندییە خێزانی و حیزبییەکانی خۆی بێت تەنانەت لە مەترسیدارترین دۆخیشدا. بەهۆی ئەم کەلەڕەقییە سیاسییەوە، پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیەندراوەتە سەر پەتێکی باریک؛ ئەو کەمە پشتگیرییەی کە هێشتا بەدی دەکرێت، لە ناوەڕۆکی خۆیدا چیتر لەچوارچێوەی پەیوەندییەکی ستراتیژیی درێژخایەن نەماوەتەوە، بەڵکو زیاتر بەرەو پەیوەندییەکی هەلومەرجی و تاکتیکیی کاتی دەڕوات کە تەنها بەستراوەتەوە بە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەت ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئەمریکا و پاراستنی سەقامگیرییەکی ڕووکەشی کاتی بۆ بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژئاوا.
دەسەڵاتدارانی هەرێم نایانەوێت یان هێشتا تێنەگەیشتوون لەوەی کە بەم دۆخەی ئێستاوە، ئەگەر کێشە و ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان ئاڕاستەیەکی تر بگرن یان بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بگۆڕێن، بەبێ شک هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی شەرعییەتی دیموکراسی و دامەزراوەیی ناوخۆیی، هیچ کارتێکی پشتیوانیی ڕاستەقینەی لەلای ڕۆژئاوا نامێنێت. بێباکی دەسەڵاتداران، پشتگیرییە دیپلۆماسی، ئابووری و ئەمنییەکانی بۆ هەرێم گەیاندووەتە ئاستێکی زۆر نزم، بەردەوامیدان بەم دۆخەش، کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەڵدێر و مەترسیی گۆشەگیربوونی تەواوەتی و لەدەستدانی سەرجەم دەستکەوتە دەستوورییەکان دەبات.