پاکستان تەرازووی جەنگ و ئاشتی

هەڤاڵ عارف
  2026-04-11     264

لە پاش بێدەنگکردنی دەنگی بۆمب و فڕۆکەکان و کشانەوەی دوکەڵی پێکدادانەکان ئێستا لە ئیسلام ئابادی پاکستان جۆرێکی تر لە ململانێ لەنێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکاتەوە ئەمجارەیان لەبری ڕوبەڕوبوونەوەی سەربازی دیپلۆماسییەت دەبێتە ئامرازی کردنەوەی ئەو گرێکوێرە سیاسییانەی، کە لە مەیدانی جەنگدا یەکلانەبوونەوە، کەوایە ئامادەبوونی هاوکاتی وەفدەکانی هەردوولا لە ژێر سێبەری ئاگربەستدا نیشانەی گەیشتنی ململانێکانە بە بنبەستێکی شکڵی سەربازی، کە تێیدا هەردولا ناچارن لەبری زمانی چەک پەنا بۆ زمانی بەرژەوەندی هاوبەش ببەن.

 

ئەم گۆڕانکارییە خێرایەی لە زمانی چەکەوە بۆ زمانی گفتوگۆ تەنها گۆڕینی تاکتیک نییە، بەڵکو گوزارشتە لەو فشارە بێشومارەی کە جەنگ لەسەر جەستەی ناوچەکە و ئابووریی جیهانی دروستی کردووە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئیسلام ئاباد ڕوو دەدات هەوڵێکی جدییە

بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو شەپۆلە مەترسیدارانەی، کە خەریک بوو هەموو لایەک ڕاپێچی ناو کێشمەکێشێکی بێ‌کۆتایی بکەن، هەر ئەم مەترسییانەش وایکردووە چاو و سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەسەر ئاست و دەرئەنجامی ئەم دانوستانانە بێت ئەو دەرهاوێشتە کاولکاری و مەترسییە جددیانەیە، کە وەک واقیعێکی تاڵ بەسەر ناوچەکەدا هات لێکەوتەگەلێک، کە تەنها زیانی ئابووری نەبوون بەڵکو بوونە هەڕەشە بۆ سەر کیان و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی ناسەقامگیرییەکی ڕادیکاڵی لە ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا  ​ئەم دۆخە نەک هەر ناوچەکە بەڵکو ئاستەنگێکی گەورەشی بۆ ئابووریی جیهانی دروستکرد بەتایبەت ئەو وڵاتانەی، کە بەشێکی زۆری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان و سەرچاوە و ژێرخانی ئابوورییان بەم شاڕێگەیەدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی داخستی گەرووی هورمزەوە تووشی پەککەوتنێکی تەواوەتی بوون، بۆیە ئێستا دەرئەنجامەکانی ئەم دیپلۆماسییەتە بۆ واشنتۆن و تەلئەبیب و تاران چەندە گرنگ بن بۆ وڵاتانی ناوچەکەش بەڕەهایی و بەشێکی وڵاتانی جیهانیش هاوتەریب و تەنانەت زیاتریش چارەنووسسازن، چونکە ئەم دانوستانانە تەنها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسیی سنوورداردا کورت نابنەوە بەڵکو ئاکامەکانی پەیوەستن بە هاوکێشە ستراتیژییەکانی ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری بونیادی دەوڵەتانی ناوچەکەوە

 

ئێساش لە پەراوێزی ئەم مێزە پڕ لە ڕەهەندە ستراتیژییەدا، کە وڵاتانی ناوچەکە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەربازبوونن لەو دۆخە سەختەی ئاماژەمان پێدا، دەکرێت بپرسین ئایا کاولکارییەکانی ئەم ململانێیە بوونەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەردوو میحوەر کۆدەکانی لێکتێگەیشتن بدۆزنەوە؟ ئایا ئیرادەیەکی جددی لە هەردوو لادا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر؟

​یان هێشتا بێمتمانەیی و ترس و بێبڕوایی باڵی بەسەر فەزاکەدا کێشاوە و گریمانەکردنی سیناریۆکانی جەنگ بەرۆکی دانوستانەکانیان بەرنەداوە؟ 

 

هەرچەندە زووە  پێش وەخت باس لە  لێکدانەوە و ئەنجامەکانی ئەم ڕووداوە هەستیار و جارەنووسسازە بکەین چونکە هێشتا تەمومژی سەر گریمانە و ئەگەرەکان ئاسۆی وەڵامە بنەڕەتییەکانی ڕوون نەکردووەتەوە بەڵام ئەوەی لە قووڵایی ئەم دانوستانانەدا دەخوێنرێتەوە بوونی جۆرێکە لە  هاوسەنگی هێز، کە ڕێگرە لە سەپاندنی ویستی یەکلایەنە بەو پێیەی ئێران هێشتا کارتە ستراتیژییەکانی لە دەستدایە لە پێگەی جوگرافی گەرووی هورمزەوە، کە شاڕێگەی وزەی جیهانییە تا دەگاتە هەژموونی ناوچەیی و باڵادەستی ئایدۆلۆژیی مەزهەبی ئەم کارتە بەهێزانەش وادەکات  واشنتۆن نەتوانێت هەروا بەئاسانی مەرجەکانی خۆی بەسەر فەزای گفتوگۆکاندا بسەپێنت بۆیە رەنگە ناچار بێت بەدوای خاڵی هاوبەشدا بگەڕێت و بە فایلێکی جیاواز لەکۆبوونەوەکانی رابردوو بێتە سەر مێزی دانووستان.

 

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێن  ئامادەبوونی وەفدی ئێرانیە بە جلی ڕەشەوە ڕەنگە ئەو بەشە بێت، کە زۆرترین لێکدانەوە و مشتومڕی لەسەر ئاستی جیهان و ناوەندە شیکاریەکانی لێ بکەوێتەوە، کە ئایا دەکرێت بەجلی رەشەوە بەرەو ئاشتی هەنگاو بنرێت؟

ڵەراستیدا نابێت ڕەنگی ڕەش تەنها لەو ڕەهەندە تەسکەوە ببینرێت، کە گوزارشتی دژایەتی بێت بۆ پرۆسەی ئاشتی یان وەک نیشانەیەک بۆ داخراوی دیپلۆماسی لێکبدرێتەوە بەڵکو ئەمە مانیفێستێکی سیاسیی فرەڕەهەند و وەڵامێکی کردەییە بۆ ئەو گومانانە چونکە ئەم ڕەنگە دەکرێت لە لایەکەوە نیشانەی وەفاداری و تازێباری بێت بۆ ڕابەرو سەرکردە و ئەو هاوڵاتییانەی، کە بوونەتە قوربانی و گوزارشت بێت لە پێگەی دەوڵەتێک، کە خۆی وەک قوربانیی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکارییەکانی لایەنی بەرامبەر دەبینێت  لە هەمان کاتیشدا دەکرێت پەیامێکی ستراتیژیی گەورەتریشی لە پشتەوە بێت ئەوەش ئەوەیە، کە لە قووڵایی ڕەشترین و تاریکترین خاڵەکانی ململانێشدا هێشتا دەکرێت ئاسۆی ئاشتی بدۆزرێتەوە.

 

​ئێستا چاوی جیهان لەسەر دەرەنجامی ئەم گفتوگۆیانەیە  ئایا ئەکتەرە سەرەکییەکان دەتوانن لە ناو سێبەری ئەم ڕەنگە تەمومژاوییانەدا، دەرفەتێک بۆ سەقامگیرییەکی واقیعی بەدی بهێنن؟ یان ئاستەنگە مێژووییەکان جارێکی تر ئاسۆی ڕێککەوتن دوور دەخەنەوە؟ ئایا دوکەڵی سپی لەم دانوستانانە بەرز دەبێتەوە، یان ڕەشیی جلەکان سێبەر بەسەر ئاسۆی ئاشتیدا دەکێشن؟

بۆیە مێزی دانوستان لە ئیسلام ئاباد تەنها وێستگەیەکی سیاسی نییە بەڵکو تەرازوویەکی ستراتیژیشە هەم قورسایی بژاردەکان دەپێوێت و هەم وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوەشمان بۆ یەکلا دەکاتەوە،

بەڵام پێدەچێت هەردوولا گەیشتبنە ئەو تێگەیشتنە بونیادییەی، کە تێچووی ئاشتی هەرچەندە قورسیش بێت لە تێچووی جەنگێکی بێ‌کۆتایی و ئەگەری هەرەسێکی گشتگیر کەمترە. ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەردەکەوێت، دەبێتە نەخشەڕێگەی نوێی ناوچەکە و ئاراستەی ئەو ڕووداوانە دیاری دەکات، کە چارەنووسی ئاشتی و جەنگ لە یەکتر جیا دەکەنەوە باچاوەروان بین

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×