"٨١"هەمین کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەڕێکی دیکەی پێشهات و جموجوڵی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هێناوەتە پێشەوە، له پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نیویۆرکدا، ئەمریکا بە دوو گوتاری جیاوازەوە بەرامبەر ئێران دەردەکەوێت، گوتاری هەڕەشە و گوتاری دانوستان، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ بە وشەی توند هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکان دەکات، لە هەمان کاتدا باس لە گفتوگۆ دەکات و پێی وایە لە کۆتاییدا دەکرێت بگەنە ڕێککەوتن، ئەم ئیزدیواجیەتەش گەمەیەکی سەرپێی نیە، بەڵکو وێنەی ستراتیژییەکی فشار و دانوسانە، کە لە ئێستادا سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر تاران پێناسە دەکات، لە بەرامبەردا، وەفدی ئێران زیاتر جەخت لە زمانی ڕێککەوتن و کرانەوەی دیپلۆماسی دەکاتەوە.
ئەوەی لە نیویۆرک ڕوودەدات، تەنها ئاڵوگۆڕی لێدوان و پەیامی سیاسی نییە، هەوڵێکی نوێیە بۆ دیاریکردنی سنووری جەنگ و مەرجەکانی ڕێککەوتن، پەیوەندییەکانی نێوان عەباس عێراقچی و نێردراوانی ترامپ، ستێڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، هەرچەندە هێشتا چۆنیەتی ئەم گفتووگۆیە ڕیوایەتی جیاوازی لەسەرە، دوای مانگێک لە داخستنی دەرگاکانی گفتوگۆ، جارێکی دیکە کێشەکەیان لە مەیدانی ئاڵۆزییەوە هێناوەتە سەر مێزی دیالۆگ، ئەوەش گۆڕانێکی گرنگە، بەڵام بە مانای کردنەوەی گرێ سەرەکییەکان نایەت.
جەوهەری ئەم شرۆڤەیە ئەوەیە، ئایا لوتکەی نیویۆرک دەتوانێت گرێی ئاستەنگەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بکاتەوە؟ بەنیسبەت ئێرانەوە، ئاماژەکان بە ئاراستەی کرانەوەن، هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە نیویۆرک، مەسعود پزیشکیان و عەباس عێراقچی هەوڵیان دا ئەو وێنەیە پیشان بدەن، کە تاران بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی دیپلۆماسی و گەیشتن بە ڕێککەوتن ئامادەیە، بەو مەرجەی گفتوگۆ لە زمانی هێز و فشار دوور بێت. لە دۆسیەی ئەتۆمیشدا، پەیامی ئێران ئەوەیە، کە بەدوای چەکی ناوکیدا ناگەڕێت، بەڵام سنووردارکردنی بەرنامە ئاشتییانەکەی بە شێوەیەکی کۆتوبەند قبوڵ ناکات.
لە هەمان کاتدا، ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، تاران ئامادەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە، بە مەرجێک واشنتۆن فشارەکانی کەم بکاتەوە و گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت، ئەم پێشنیارە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نیویۆرک، نیشانی دەدات تاران ئەمجارە شکاندنی بەستەڵەکی رێککەوتن و گەڕاندنەوەی دیپلۆماسی بە هەڵبژاردەیەکی جدیتر دەبینێت.
بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە شاندی ئێران تا چەند خاوەنی دەسەڵاتی بڕیاردانی کۆتاییە لە تەرجەمەی هەر کرانەوەیەک بۆ ڕێککەوتنێکی واقیعی؟ چونکە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆکانی نیویۆرک، میدیای نزیک لە سوپای پاسداران ڕەخنەی توندیان لە هەنگاوەکە گرت و باس لەوەش کرا، کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک لە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی بڕیاردان ئەنجام دراوە،
ئەمەش پێمان دەڵێت، کە شاندی ئێران دوو ئەرکی زۆر قورسی لە کۆڵدایە، لە دەرەوە، گەیشتن بە لێکتێگەشتنێک لەگەڵ واشنتۆن، کە بەشێک لە داواکارییەکانی هەردوو لا لەخۆ بگرێت، لە ناوخۆشدا، قایلکردنی ئەو ناوەندە جیاوازانەی بڕیاردان، کە سنوور و مەرجی خۆیان بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، بۆیە سەرکەوتنی هەر هەوڵێک لە نیویۆرک، بەستراوەتەوە بە قایلکردنی ناوەندەکانی بڕیاردان لە تاران.
لە بەرامبەردا، واشنتۆنیش بە چاوی تاقیکردنەوەیەکی سیاسیەوە سەیری دەرفەتی نیویۆرک دەکات، نە دەرگای ڕێککەوتنی داخستووە و نە فشاری لەسەر تاران کەم کردووەتەوە، ستێڤ ویتکۆف دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ عێراقچی گەشبینیی خۆی بە بەردەوامبوونی پرۆسەکە دەربڕیوە و ترامپیش باس لە دروستبوونی ئەگەرێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و فشاری ئابووری لە گوتار و هەنگاوەکانی کۆشکی سپی ون نەبووە، واتە ئەمریکا گفتوگۆ بە جێگرەوەی فشار نابینێت، هەردووکیان وەک دوو ئامرازی هەمان ستراتیژی بەکاردەهێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئیدارەی واشنتۆن بەم ستراتیژە دەیەوێت بە دیپلۆماسی دەرچەی ڕێککەوتن و هاتنەپێشەوە بۆ تاران بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بە فشاریش مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنە بە قازانجی خۆی حەسم بکات.
لەنێوان دوو خوێندنەوەی جیاوازی تاران و واشنتن بۆ ڕێککەوتن، نابێت وا تێبگەین کە کۆی چارەسەری ئەم قەیرانە لە لوتکەی نیویۆرکدایە، چونکە پرسی ئێران پەڕیوەتە نێو هاوسەنگی هێز و ئاسایشی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆسیەی ئەتۆمی، کە تا پێش هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ، تەوەری سەرەکی ناکۆکیی تاران و واشنتۆن بوو، ئێستا تەنها یەک بەشە لە وێنەیەکی فراوانتر، گەرووی هورمز و ئاسایشی هاتوچۆی وزە، بابولمەندەب و حوسییەکانی یەمەن، ئاسایشی سعودیە و وڵاتانی کەنداو، بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێران، پرسی حیزبوڵای لوبنانی، لە هەمووی هەستیارتر، ملمەلانێی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل، هەموویان هێڵە جیاوازەکانی هەمان قەیرانن، بۆیە پرسەکە تەنها ئەوە نییە، تاران و واشنتۆن دەتوانن بگەنە ڕێککەوتن یان نا، بەڵکو ئەوەیە هەر ڕێککەوتنێکی نێوانیان تا چەند دەتوانێت زمانەتی ئیحیتوای بەرەکانی دیکەش بکات، لە حوسییەکان و پەیوەندییان بە ئاسایشی سعودیە و بابولمەندەبەوە، تا حیزبوڵڵا و ملمەلانێی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل!؟
لە کۆتاییدا، نیویۆرک وەڵامی یەکجاری پرسیاری (جەنگ یان ڕێککەوتن) ناداتەوە، بەڵام ئاراستەی وەڵامەکە ڕوونتر دەکات٫ ئەوەی تا ئێستا لە هەڵسوکەوتی تاران و واشنتۆن دەردەکەوێت، ئەوەیە هیچ کامیان جەنگ بە یەکەم هەڵبژاردە نابینن و هەردوو لا دەرگای ڕێککەوتنیان بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام هەمان ئەو دۆسیانەی کە هانیان دەدەن بەرەو دانوسان، دەتوانن بە هەر حیسابێکی هەڵە یان تێکچوونێکی نوێ ئاراستەکە بگۆڕن، بۆیە گرنگی لوتکەی نیویۆرک لەوەدا نییە، کە جەنگی کۆتایی پێهێناوە یان ڕێککەوتنی مسۆگەر کردووە، گرنگییەکەی لەوەدایە دوای قۆناغێک لە هەڕەشە و داخستنی دەرگاکانی گفتوگۆ، جارێکی دیکە دیپلۆماسی خستووەتە ناو هاوکێشەکەوە. لەبەر ئەوە، وەڵامی ئەم شرۆڤەیە لە نێوان ئەو دوو بۆچوونەدایە ڕێککەوتن ئێستا دەرفەتێکی واقیعییە، بەڵام تا ئەو کاتەی گرێکانی تاران و واشنتۆن و بەرە هەرێماییەکانی قەیران نەکرێنەوە، جەنگ هەر وەک ئەگەری شکستهێنانی دیپلۆماسی لە پشت دەرگاکە دەمێنێتەوە.