چیرۆک یەکێکە لە ژانرە گرنگەکان و کاریگەرەکانی ئەدەبی منداڵان، کە کاریگەری زۆر دەکاتە سەر منداڵان، ئەوەی من بە پێویستی دەزانم و لام گرنگە چیرۆک بۆ تەمەنی نێوان پێنج بۆ نۆ ساڵ (کەقۆناغی باخچەی ساوایان و تا پۆلی سێیەمی بنەڕەتییە. کە بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتی دەگرێتەوە) یەکێکە لەھەستیار ترین قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤ .
لەم تەمەنەدا، مێشکی منداڵ وەک ئیسفنج وایە، ھەمووشتێک ھەڵدەمژێت لێردا چیرۆک تەنھا ئامرازێکی کات بەسەربردن نییە بۆ منداڵان، بەڵکو پردێکی جادوییە کەجیھانی ناوەوە و دەرەوەی منداڵ پێکەوە گرێ دەدات و دەبەستێتەوە.
بۆیە دەتوانین بڵێین، سوودەکانی چیرۆک بۆ منداڵان زۆرن، لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنک لە سودەکانی چیرۆک دەکەم کە بەخاڵ دیاریم کردوون، کە پێک دێن لەمانە:
١-گەشە پێدانی زمان و دەوڵەمەند بوونی فەرھەنگی وشە لای منداڵ،
لەم قۆناغەدا کە قۆناغی بیستن و ناسینەوەی پیت و وشەکانە، منداڵ دەچێتە قۆناغی خوێندنەوە و تێگەشتن لەوشەکان ،کەلەڕێگەی ئاشنابوون بەچیرۆک فێری ھەندێک وشەی نوێ دەبن کەڕەنگە لەژیانی ڕۆژانەدا نەیانبیستێت .ئەمەش ھۆکارە بۆ ڕەوانبێژی لەقسەکردندا بێگومان ئەومنداڵانەی زۆر چیرۆکیان بۆدەخوێنرێتەوە، لەپۆلەکانی یەکەم و دووەمدا خێراتر فێری دەربڕینی ڕستەی ڕێک و ڕەوان دەبن .
٢- گەشەی سۆزداری :
کاتێک منداڵ گوێ لە ( میھرەبانی، باشی و ئافەرین ، خۆشویستن ، ھاوکاری ….) دەبێت لە پاڵەوانی چیرۆکەکاندا مرۆڤ بن یان ئاژەڵەکان خۆی دەخاتە شوێنی ئەوان و ئەو وتانە دەبنە ڕەفتار لەداھاتوودا .
٣- فراوانبونی خەیاڵ و داھێنان :
چیرۆکە فەنتازییەکان یارمەتی مێشکی منداڵ دەدەن وێنەی نوێ دروست بکات .
ئەم خەیاڵە فراوانە دەبێتە بنەمایەک بۆئەوەی منداڵ لەوانەی کوردی ( داڕشتن و ھۆنراوە )کارامە و داھێنەر بێت .
٤-بەھێزکردنی توانای سەرنجدان و بیرکردنەوەی لۆژیکی :
یەکێک لەکێشە گەورەکانی منداڵانی ئەم سەردەمە ( بەھۆی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە) کەمی ماوە و کاتی سەرنجدانە، کاتێک منداڵ گوێ لەچیرۆکێک دەگرێت کە سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی ھەیە مێشکی ڕادێت لەسەر بە بە دوایەکچونی لۆژیکی ڕووداوەکان واتا وەکو ڕاھێنانی مێشک وایە بۆمنداڵان .
٥-چارەسەر کردنی کێشەکان :
کاتێک پاڵەوانی ناو چیرۆکەکە ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە، منداڵەکە بەدەستپێشخەری خۆی بیر لە چارەسەر دەکاتەوە پێش ئەوەی کۆتایی چیرۆکەکە ببیستێت واتە بیرکردنەوەی بۆ ڕووداوەکان ئاراستە دەبێت و چارەسەر بۆ گرفتکان دەدۆزێتەوە، زۆرجار خواست بەشتێک دەخوازێت کە بەو جۆرەبێت.
٦- دروستکردنی پردی متمانەو خۆشەویستی لەگەڵ خێزاندا :
کاتی چیرۆک خوێندنەوەی دایک و باوک بۆمنداڵ لە پێش خەوتن، گەرەترین ھەستی دڵنیایی و ئارامی دەروونی بە منداڵ دەبەخشێت .
٧- لەقوتابخانەدا کاتێک مامۆستا لەپۆل یان لەکتێبخانە چیرۆک بۆقوتابیەکانی دەخوێنێتەوە، لەم قۆناغەدا جۆرێک لە یەکگرتویی ئەرێنی لەنێوانیان دروست دەبێت کەھانی منداڵان دەدات بۆ گفتوگۆی بەکۆمەڵ و ڕاگۆڕینەوە.
لەکۆتایی دا دەمەوێ بڵێم:
چیرۆک بۆمنداڵانی بازنەی یەکەم تەنھا کات بەسەربردن نییە، ئەگەر بمانەوێت لە داھاتوو نەوەیەک بێتە کایەی ژیان، کەحەزی بەخوێندنەوەبێت و دەرونێکی جێگیرو کەسایەتیەکی ھاوسەنگی ھەبێت و توانای داھێنانی ھەبێت، دەبێت پەڕتووک و چیرۆک بکەینە بەشێکی سەرەکی لەژیانی ڕۆژانەی تەمەنی ساوایەتی و پاشان سەرەتای چوونە ناو ھۆڵەکانی خوێندن، بەتایبەت لەبازنەی یەکەمدا.