لەوەتەی ئەم دووو حیزبە لەسەر دەسەڵاتن بەردەوام لە ململانێی قێزەوەن و زیانبەخشدان.ئەم ململانێیە هەموو بوارو لایەنەکانی گرتوەتەوە و کاریگەری وێرانکەری هەبووە لەسەر ژیانی خەڵک،چونکە ئەو ململانێیانە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نەبووەو نیە بەڵکو تایبەتە بە خودی دووحیزبەکە، تەنها کارێک لەو ململانێیە کە لەبەرژەوەندی خەڵک شکایەوە و لە خزمەتی خەڵکدابوو ،کردنەوەی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەی هەولێر و سلێمانی بوو.لە ڕاستیدا ئەو دوو فڕۆکەخانەیش بەمەبەستی خزمەتکردنی خەڵک نەبوو، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خۆیان بوو، بۆ ئەوەی بە ئاسانی سەفەر بکەن، بە ئاسانی شتی قاچاغ بێنن، بە ئاسانی پارە بەرنە دەرەوەو سپی بکەنەوە، بەفڕۆکەی گرانبەهای تایبەتی خۆیان سەفەر بکەن و داهاتی فڕۆکەخانەکانیش بچێتە گیرفانی خۆیانەوە نەک حکومەت. جا لەپاڵ ئەمانەدا حەتمەن میللەتیش سوودی لێ بینیووە. وەک ئاماژەم پێدا ململانێکە هەموو بوارەکانی گرتوەتەوە، بوارێک یا پانتاییەک نەماوە ئەم ململانێیە نەیگرتبێتەوە .
نوێترین گەڕی ململانێ کە لەسۆشیال میدیادا بەرگوێمان کەوت، لە بواری مزگەوتایە[بەڵێ مزگەوت]. پارتی لە میدیاکانی خۆی هەواڵی درووستکردنی گەورەترین مزگەوتی لەهەولێر بڵاوکردەوە کە بە گەورەترین مزگەوت هەژمار دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا.
هەواڵەکەی پارتی هێشتا ساردنەبووبووە کە یەکێتیش وەک پیشەی هەمیشەیی گەرماوگەرم[ناوی خوای لێهێناو] بڕیاری درووستکردنی مزگەوتێکی مەزنیاندا ،دیارە بچوکتر لەوەی پارتی. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە مزگەوتەکەی یەکێتی لەسەر زەویەک درووست دەکرێت لەبناری چیای گۆیژە کەلەمێژە تەرخان کراوە بۆ "هۆڵی سینەما و شانۆ" و "مەڵبەندێكی دیراساتی گشتیی" واتە بۆ گەشەی کەلتورو دراساتی زانستی تەرخان کراوە ،جا پێدەچێت لای سەرانی یەکێتی مزگەوت گرنگتربێت لە کەلتوورو هونەرو زانست .
ئەوی لێی دڵنیام ئەوەیە کە سەرانی یەکێتی زۆر دوورن لە کایەی ئیمانداری، زۆربەیان لەژیانیاندا نوێژیان نەکردوە بەباڤێل و قوبادیشەوە ،کەواتە درووستکردنی مزگەوت بۆ دوومەبەستە،یەکەم کارکردن و درێژەدان بە ململانێکە لەگەڵ پارتیدا، دووەم، خۆشیرین کردنە لەبەرچاوی خەڵکی دەڤەری سلیمانی کە نغرۆی ئاینن .
هیواداربووم یەکێتی و پارتی منافەسە یا ململانێکەیان بۆ کارێک بوایە کەسوودی بۆ خەڵک هەبوایە، وەک درووستکردنی بینا بۆ خوێندنگا کە زۆر پێویستە،ئەوەتا لەهەندێک شوێن نەک دوو بەڵکو سێ قوتابخانە لەبینایەکدا دەوام دەکەن،وەک لە میدیاکان بەردیدمان کەوت لە شارەکەدا کێشەی کەمی بینای خوێندنگا هەیە بەڕادەیەک کە پێوێست بە پتر لە [٢٢٠] بینا هەیە.
هاوکات بوارە کۆمەڵایەتیەکانی دیکەش وەک ڕۆشنبیریی و زانستی و هونەری و لێکۆڵینەوە و لایەنی تەندرووستی،ئەمانەش زۆر زۆر پێویستن کە بەڕای من لەلایەن هەردوو دەسەڵاتەوە گرنگیان پێ نەدراوە و پشتگوێ خراون بەوەی ناوەند و بینا بۆئەو جۆرە چالاکیانە کەمن و لەئاستی پێویستدا نین . کەسی ئیماندار دەتوانێت لەماڵی خۆی ئەرکە ئاینیەکانی جێبەجێ بکات ،بەڵام خوێندکار بێ خوێندنگا ناتوانێت فێری زانست بێت،هاوکات بوونی ناوەندێکی کەلتوری و دراسات زۆر گرنگترە لەمزگەوت.لەکوردستان مزگەوت زۆرەو زیاد لە پێویست هەیە،ئەوەی کەمە ئەو شتانەن کە بۆ ژیانی مرۆڤەکان پێویست و گرنگن.دەڵێن تەنها لەسلیمانیدا پتر لە[٧٠٠] مزگەوت هەیە ،مزگەوتەکان هێندە زۆرن لە هەندێک شوێن نێوانی دوومزگەوت نزیکەی[١٠٠] مەترە، بەبەراورد لەگەڵ دانیشتوانی باژێڕەکە ئەو ژمارەیە زۆرە ،بۆیە دەڵێم لەبری ئەم مزگەوتانە کە هیچ سوودێکیان نیە و زۆربەیان داعش بەرهەم دێنن.دەبوو بیریان لە بونیاتنانی ئەو شتانە بکردایەتەوە کە بۆئێستاو ئایندەی کۆمەڵگا بایەخدارن. دیارە هەردوو حیزب بەکردنەوەی مزگەوت گەرەکیانە لەکن سەلەفیەکان ومەلا تووندڕەوەکان و هاوشێوەکانیان لە هاوڵاتی مێشک شۆراو خۆیان خۆشەویست بکەن .
بۆ زانیاریتان ئەم منافەسەیە[ نایت کڵوب و سۆزانی خانەیشی ]گرتوەتەو،جا با چاوەڕێیبین بزانین ململانێی داهاتوویان لەسەر چی دەبێت؟