هەر ئاینێک گەر نەیتوانی شوێنکەوتوانی خۆی فێری مۆراڵ و ڕێز و ئاخافتنی جوان و دیالۆگی هێمنانە بکات،گەر نەیتوانی پڕچەکیان بکات بەکەمترین و سەرەتاییترین زانیاری تا لەبری جنێو و زمانی زبر بەرگری لە ئاینەکەیانی پێ بکەن ،ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەو ئاینە لەو ڕووەوە شکستی هێناوەو نەیتوانیوە ئیمانداری خاوەن هزر و ئەقڵ تەندرووست بەرهەم بهێنێت.
کارەساتە بەرهەمی ئاینێکی پتر لە [١٤٠٠]ساڵە سوپایەک لە ئیمانداری دەمشڕو دەم هەڕاش و بەدئەخلاق بێت،کە پەلاماری داروبەر دەدەن.تەنها شتێک ئەم ئاینە بەخشیوەتی پێیان بەهرەی جنێودان و سوکایەتیە کە پسپۆڕن تێیدا.
ئەوەی ئاگاداری سۆشیال میدیابێت دەرک بەوەدەکات کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو گەنجە مسوڵمانانەی کە هەگبەیان بەتاڵەو سەرەواوێک لە مێشک و هزریاندا نیە ، بەردەوام پەلاماری هەرکەسێک دەدەن کە گچکەترین ڕەخنە لە ئاینەکەیان بگرێت ،یاخود تێبینیەکی لۆژیکانە لەمەڕ بۆچوونی مەلایەک بدات،یا پۆستێک بکات کە بەدڵی ئەوان نەبێت .هەر جوڵەو کردەیەکی کۆمەڵایەتی یا کەلتووری بەفلتەری ئاینەکەیاندا تێنەپەڕێت و لەکنیان قەبوڵکراو نەبێت ئەوە دژە دینەو دەبێ نەفرەتی لێ بکرێت ،ئیدی دەدرێتە بەر لێزمەی جنێو.
ئەمانە خاوەنی زمانێکن لەزبری و پیسیدا وێنەی نیە،جۆرە جنێوێک بەکاردەهێنن کەلە فەرهەنگی هیچ کەلتوورێکدا بوونی نیە.
بەحسابی خۆیان بەم زمانە داکۆکی لە ئاینەکەیان دەکەن ،لێ نازانن کە ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێتەوە ، کە هێنانی شەرمەزاریە بۆخۆیان و ئاینەکەیان و زیاتر خەڵک دەکەنە نەیاری خۆیان.
بەندە لە مێژە بەرکەوتنم لەگەڵ ئەم جۆرە مێشک وشک و دواکەوتووانەدا هەیە، جنێو و زمانە پۆخڵەکەیان هێندەی سەرەدەرزیەک نیگەرانم ناکات و هەرگیز لە ڕێبازو قەناعەتم پاشگەزم ناکاتەوە ، تالەژیاندام لەسەر هەمان میتود بەردەوام دەبم.
ئەم جنێو فرۆشانە لەخەسڵەتی بەدڕەوشتی و جۆری جنێوداندا هاوبەشن و پەروەردەی یەک مەدرەسەی داڕماون،جا من جنێوەکانیان یا کۆمەنتەکانیان لەچەند خاڵێکدا کۆدەکەمەوە،ئەو دەمە بۆتان دەردەکەوێت کە چەند داماون.
٠تۆ کەسێکی مولحیدی دژ خواو پێغەمبەرە قورئان و ئیسلامیت.
٠ڕۆژی محاسەبە لە دۆزەخ دەتبینم کە چیت بەسەردێت.
٠ئیسلام هەر لە پێشکەوتندایە تۆش لەداخا بمرە.
٠دیارە تۆ حەزت لە ژنی بەرەڵا و خۆڕووتکردنەوە هەیە.
٠باشترین ڕێزلەئافرەت لەئیسلامدا هەیە.
٠بڕۆ بۆلای کچە قەحبەکانی دیسکۆو مەلهاکان.
٠بۆباسی خراپەکانی جولەکەو مەسیحی ناکەیت؟
٠کەسەنزیکەکانت بەرەڵان بۆیە تۆش داکۆکی لە ئافرەتی بەرەڵادەکەیت.
سەیر ئەوەیە زۆربەی ئەم گەنجانە لە جەرگەی ئەوروپا دەژین کەچی هیچ سودێکیان لەو کەلتوورە شارستانیە وەرنەگرتوە لەڕووی تۆلەڕانس و بەرامبەر قەبوڵکردنەوە،بەڵکو وەک میزی هوشتر بۆدواوە گەڕاونەتەوە ،مێشکیان بە خورافیان ئاخێنراوە..
ڕەفتارەی ئەم گەنجانە لە بێدەسەڵاتیدا ئاوا تووندڕەون،خۆگەر دەسەڵاتیان هەبێت داعش ئاسا هەرکەس بچوکترین ڕەخنە لە ئاینەکەیان بگرێت سەری دەبڕن.
ژمارەیەکی زۆریان تەنها بۆ جنێودانێک بەمن لەفەیس بووک ئەکاوەنتێکی فەیکیان درووست کردوە ، نەناو نە وێنە نە پۆست نەبرادەر ،بەکوورتیەکەی ئەکاونتێکی پاک و تەمیزە، ئەمەش دەلالەت لەترسنۆکی و ناجوامێری و جەبانیان دەکات،جاگەر کەسێک ئاینی خۆی بوێت دەبێ نەترسێت و بە ئاشکرا داکۆکی لێبکات نەک بەترسنۆکی و بەناو و ئەکاونتی ساختە.
سەیرم لەهەندێک لە ناوەکاندێت کە نازانن چ ناوێکی فەیک بۆ خۆیان داتاشن ،ناوی وای تێدایە جێگەی هەم پێکەنین و هەم بەزەییە،یاخود کوڕە و ێنەی ژنی داناوە کە توانیم دوانیان ئاشکرا بکەم ،جا ئەمانە پاش نووسینی جنێوەکانیان واڵەساختەکەش ئاسەواری نامێنێت.
سەبارەت بە جنێوەکانیش ببورن کە نمونەیان داناگرم ئەویش لەبەر دوو هۆ ،یەکەم زۆرن نزیکەی [٨٠٠] جنێوە ،دووەم زۆر قێزەوەنن و بەکەڵکی پۆستکردن نایەن ،کەبەداخم لەدەمی کەسانیک دەرچوون کە خۆیان بە موسوڵمانی عەیار [٢٤] دەزانن.
دڵنیام ئەم سوپا جنێوفرۆشەی مسوڵمانان بەر لە ئاشنابوونیان بە مەلا تووندڕەوەکان ،ئەمانە گەنجی پاک و بەڕەوشت بوون، بەڵام ئەو مەلا تووندڕەوانە فێری ئەم جۆرە ڕۆچوونەی ئەخلاقیان کردوون ،بەجۆرێک مێشکیان شتوونەتەوە کەدژی هەموو جوانی و بۆنەو کردەیەکن کە پەیوەندی بە نەتەوەی کوردەوە هەبێت یا جیهانی بێت.
ئەم نووسینەم بە وتەیەکی دالای لاما کۆتایی پێدەهێنم کەدەڵێت:
[ئامانجی ئاین ئەوەیە کە کۆنترۆڵی خۆت بکەیت و چاودێری هەڵەکانت بکەیت نەک ڕەخنەو لێپرسینەوە لە کەسانی تر.]