چۆن ئەم کوردستانەتان موفلیس و ملکەچی بەغدا کرد

سەروەت هەڵەبجەیی
  2020-11-19     798
دەتوانین بڵێین کە هەواڵی مووچە بە هەر شێوازێک بووەتە پڕخوێنەر و بینەرترین هەواڵی میدیاکانی هەرێمی کوردستان. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئاستی بژێوی ژیانی خەڵک ئەوەندە دابەزیوە و جوڵەی بازاڕ و چالاکییە ئابورییەکان هێندە کەم بووەتەوە کە هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدان کەی دوو دینارەکەی حکومەت بگات و لانیکەم لەم قەیرانە بەردەوامانەدا بتوانن هەناسەیەک هەڵمژن و درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن.
کاتی خۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە خەڵکینە ئەم هەرێمەتان بۆ دەکەینە دۆبەی و پاریس، ئێوە حەقتان بە هیچ شتێکەوە نەبێت، ئێمە شارەزاین و ئەندازیاری ئاوەدانین و براگەورە و خەمخۆری ئێوەین، تەنیا بزانن کە چ ژیانێک بۆ ئێوە دابین دەکەین.
بەم بیرۆکەوە بژاردەی سەربەخۆیی ئابورییان هەڵبژارد، گرێبەستە نەوتییە گوماناوییەکان واژۆ کران، سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی کوردستان لە ئاکامی ڕێکەوتنێکی فەشەلهاتووی سیاسی درایە تورکیا. ساڵانێک تێپەڕ بوو، نەک نەوتەکە دیار بوو نە پارەکەی، نە کەرتی وەبەرهێنان بوژایەوە و نە کشتووکاڵیش گەشەی سەند، هیچ لەو بەڵێنانە نەبرایە سەر کە بەرپرسانی هەرێم بانگەشەیان بۆ دەکرد و بە خەڵکی کوردستانیان دەفرۆشتەوە.
شکستی سەربەخۆیی ئابوری نەبووە وانەیەک بۆ ئەوان، کەچی باسی سەربەخۆیی سیاسیشیان دەکرد و بە قسەی خۆیان عێراقیان بۆمان تەڵاق دەدا، بێ ئەوەی کە ژێرخانی پێویست بۆ ئەو سەربەخۆییە لە ئاکامی حکومڕانی خۆماڵی هەرێمی کوردستان هاتبێتەدی.
ئەمەش دیسانەوە شکستی هێنا و بەرپرسانی حکومەت پەنایان بۆ بەغدا بردەوە. بەغدا قسە بە یاسا دەکات، هەرێم بەشێکە لە عێراق و دەبێت نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و چەند نموونەی دیکە ڕادەستی خەزێنەی گشتی بکرێت و بەغداش ئەو پشکەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور ڕادەست بکات. 
بەرپرسانی هەرێم دۆسیەی نەوتیان دۆڕاندووە، نە لایەنە سیاسییەکان، نە خەڵک و تەنانەت نە حکومەتی بەغداش نازانێت چی لەم نەوتەی کوردستان دەکرێت، چەندە هەناردە دەکرێت و پارەکەی چۆن بەکار دێت و دەیان پرسیاری بێ وەڵامی دیکە کە ڕەنگە چەند کەسێک لە بەرپرسان وردەکارییەکەی بزانن.
مووچەکەی خەڵکیان بە چەند جارێک تووشی گۆڕانکاری کرد، کرایە پاشەکەوت و نەک تەنیا هیچ پارەیەکی فەرمانبەران پاشەکەوت نەکرا بەڵکوو سیاسەتی چاکسازییەکانی خۆیان لە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەراندا کورت کردەوە. ئەمەشیان بۆ نەدرا، کەس نییە بڵێت هەرێمێک بانگەشەی سەربەخۆیی دەکرد بۆ ئێستا ڕۆبعە مووچەیەکی بۆ نادرێت.
بە دەیان شاندیان ناردە بەغدا و کە گەڕانەوە باسیان لە ڕێکەوتن کرد، لە گەڵ بەغدا گەیشتووینەتە ڕێکەوتن کە کێشەکان بە وتووێژ چارەسەر بکەین. بەڵام بەغدا تەنیا یەک قسەی هەیە کە لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکرێت. ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان لە بەرامبەر پێدانی بودجە و مووچە.
ئاسۆی ئەم سیاسەتەش ڕوون و ئاشکرایە، بەرپرسانی هەرێم نەوتەکەیان دۆڕاندووە و ئەردۆغان و تورکیا خاوەنی ئەو نەوتەن، داهاتی خاڵە سنورییەکانیش لەوان نامێنێتەوە کە بە مووچەی خەڵک بدرێت، ئەم خەڵکەش چی بکات، خوا دەیزانێت.
ئەوەندە هەرێمی کوردستانیان ملکەچی بەغدا کردووە کە مستەفا کازمی وا بڵێت پارەیەکی سادەیان بۆ دەنێرین. ئەگەر ئەم حکومڕانییە شکستخواردووە نەبێت پێویستمان بەو پارە سادە هەیە کە بەغدای بینێرێت؟ دڵنیام ئەو پارەش دەستکاری دەکرێت و لە کاتی خۆیدا بە سەر مووچەخۆران دابەش ناکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×