بایدن چۆن لە گەڵ ئێران مامەڵە دەکات؟

سەروەت هەڵەبجەیی
  2020-11-09     588
ئێرانییەکان لە سێ گۆشەنیگاوە لە سەرکەوتنی جۆبایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەڕوانن. باڵی بناژۆخوازی دەسەڵات لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران شکستی هێناوە و سیاسەتەکانی ترەمپ نەک تەنیا لە دژی ئێران بەڵکوو لە ناوخۆی ئەمریکاش بووە هۆی ڕەتکردنەوەی لە لایەن خەڵک و خۆڕاگری ئێرانییەکان ئەنجامی هەبووە و ئێران بە ئاسانی ملکەچی داواکارییەکانی ئەو وڵاتە نابێت.
لە بەرامبەردا باڵی ڕیفۆرمخواز کە لە ئێستادا حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران سەرکردایەتی ئەوان دەکات، هیوای بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی و کەڵک وەرگرتن لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی هەیە. هەرچەندە ئەوانیش لە سەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەو ڕێکەوتنە دانوستانی نوێی لە سەر ناکرێت و ئەمریکا وەک ئەندامێکی پێشوو دەتوانێت بۆ بەڵێنەکانی بگەڕێتەوە و لە ئەگەری دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران – هەڵپەساردنی گەمارۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی – حکومەتی تارانیش پابەندی بەڵێنەکانی دەبێتەوە.
لایەنی سێهەم خەڵکی ئێرانن کە بەهیوان ئەم ئاڵوگۆڕەی دەسەڵات لە ئەمریکا ببێتە هۆکاری لێک نزیکبوونەوەی تاران و واشنتن و تا ڕادەیەک ئەم گوشار و گەمارۆیانەیان لە سەر کەم بکرێتەوە. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووەش ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بینراوە کە خەڵکی ئێران ئەو حەز و هیوایەیان نەشاردووەتەوە کە چاوەڕوان دەکەن گۆڕانکارییەک لە دۆخی ژیانی ئەواندا بکرێت.
بە بۆچوونی من ئێران لە ئێستادا هیچ ڕێکەوتنێکی لە گەڵ ئەمریکا ناوێت. ئێستا حکومەتی ڕیفۆرمخوازەکان بە سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی لە کۆتاییەکانی نزیک دەبێتەوە و هەر ڕێکەوتنێک یان باشتربوونی دۆخی ژیانی خەڵک دەبێتە هۆی زیادبوونی دەنگی ئەوان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لای ڕیفۆرمخوازەکان دەمێنێتەوە. بێ گومان باڵی بناژۆخوازی دەسەڵاتی ئێران کە کۆنتڕۆڵی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان بە دەستەوەیە و پلانی کۆنتڕۆڵکردنی سەرۆکایەتی کۆماریشیان هەیە، نایانەوێت ئەو ڕێکەوتنە لەم کاتەدا ببێتە هۆی لەدەستدانی دەنگەکانیان کە بەردەوام حەسەن ڕۆحانی و کابینەکەیان بە هۆکاری ئەم داڕمانە ئابورییە ناو بردووە.
لە واشنتنەوە دۆخەکە چۆن دەبێت؟ پلانی بایدن بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئێران چۆن دەبێت؟
یەکێک لەو شوێنانەی کە دۆسیەی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا تووشی گۆڕانکاری دەکات، عێراقە. ئەمریکا عێراقی بە لاوە گرنگە و نایەوێت بە تەواوی ڕادەستی ئێرانی بکات، ئەگەر لە ئاکامی هەر ڕێکەوتنێک ئەمریکییەکان ئیمتیازێک بە ئێران بدەن ئەوا کار بۆ حکومەتەکەی کازمی دژوارتر دەبێت.
سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکیش، بایدن نیازی گەڕانەوەی ئەمریکای بۆ ئەو ڕێکەوتنە هەیە بەڵام دوو خاڵی نوێ بە ڕێکەوتنەکە زیاد دەکات. یەکەم، دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق و لوبنان کە لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت سنورێکی بۆ دابنرێت.
مەرجی دووەمیش پەیوەندیی بە دۆسیەی مووشەکە بالستییەکانی ئێرانەوە هەیە و ناتوانین چاوەڕوان بین کە بایدن بە ئاسانی واز لەم دۆسیەیە بێنێت، لە بەر ئەوەی کە بە لای هەر حکومەتێکەوە لە واشنتن – کۆماریخواز یان دیموکرات – پلانی مووشەکی ئێران هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.
ئەگەر ئێران ئەم دوو مەرجە قبووڵ بکات دەبێتە وڵاتێکی بێ مەترسی و بە ئاسانی بۆ باوەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە. ئەوەی کە لە لێدوانی بەرپرسانی ئێران هەستی پێدەکرێت بە ئاسانی ملکەچی سنوردارکردنی دۆسیەی مووشەکی نابن بەڵام ئەوەش پێویستە بوترێت کە دۆخی ئابوری ئێران بەرەو داڕمان دەڕوات و ئەمەش هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتە و ڕەنگە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ مانەوەی خۆیان پەنا بۆ هەر ڕێکەوتنێک ببەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×