دۆخی عێراق بە کوێ دەگات؟ یەکێتی دیدار دەبەستێ و پارتیش کۆنگرە!

سەروەت هەڵەبجەیی
  2022-05-31     484

عێراقی پاش هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 بە ڕۆژانێکی دژواردا تێپەڕ دەبێت. چەندین مانگە هەڵبژاردنەکان کراوە و هێشتا چارەنووسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ نادیارە، لایەنەکان کە لە ئێستادا بە هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمان و چوارچێوەی هەماهەنگی دەناسرێن، هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ شکستی ئیرادەی لایەنی بەرامبەر خستووەتەگەڕ و ئەمەش وایکردووە شەقامی عێراق هیوای بە گۆڕانکاری لە ڕێگای سندۆقەکانی دەنگدانەوە نەبێت.

لە ئێستادا دەنگۆی ئەوەش هەیە کە هاوشێوەی ڕابردوو ناڕەزایەتی جەماوەری لە شارە جیاجیاکانی عێراق بەڕێوە بچێت، چاوەڕوان دەکرێت بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لەم کەشە خۆڵبارینە چڕەی عێراق و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ناڕەزایەتی عێراقییەکان جارێکی دیکە ببینرێتەوە، دیاردەی وشکەساڵیش دەبێت لە سەر ئەمە زیاد بکرێت کە ئەمساڵ کاریگەرییەکانی زیاتر لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبینرێت، ئەم دۆخە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی لە عێراقی زیاتر کردووە، ڕێژەی بێکاری بەرز بووەتەوە و دەکرێت بڵێین لەم بنبەستە سیاسییە و نەبوونی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دۆخی عێراق بەرەو تەقینەوە دەڕوات.

ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق تەنیا پەیوەندی بە نێوماڵی شێعەوە نییە، ڕەنگە ئەوان بە حوکمی زۆرینە و ئەوەی کە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، جڵەوی حکومەتی نوێی عێراقیان بە دەستەوە بووە، کێشەکانیان گەورەتر و دیارتر بێت. بەڵام ئەم دۆخەی ناکۆکییەکان لە نێو سوننەکانیش دەبینرێت، نموونەی هەرە دیاری ئەمەش، هەڵپەساردنی ئەندامێتی مەشعان جبوری پەرلەمانتاری سوننە و هاوپەیمانی گرنگی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە.

ناوبراو بڕیارەکەی دادگای بە سیاسی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە وەک کاردانەوەیەک لە دژی سەرکردەکانی سوننە لە ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات. دەوترێت کە جبوری دۆسیەی زۆری لە دژی سەرکردەکانی سوننە هەیە و ئاشکراکردنی هەر یەک لەوان دەتوانێت کێشەی زۆری بە دواوە بێت. لە گەڵ ئەمەش، حاتەم سلێمان لە سەرکردەکانی سوننە گەڕاوەتەوە عێراق و ڕافع عیساویش لە زیندان ئازاد کراوە و ئەمەش دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە نێو لایەنە سیاسییەکانی سوننە بەرەو گۆڕانکاری ببات.

دۆخەکە لە کوردستانیش ڕوون و ئاشکرایە. ئەوەی ناکۆکی و دووبەرەکی هەبێت لە نێوان پارتی و یەکێتی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا بینرا و کورد بە لاوازییەوە لە پەرلەمانی عێراقدایە. دەتوانین بڵێین لەئێستادا دەسەڵاتدارانی کورد شەڕەکەی کوردستانیان بردووەتە بەغدا. یەکێتی دیداری بەستووە و گۆڕانکاری دەکات و باس لەوەش دەکات کە دەیەوێت ببێتە هێزی یەکەم. پارتیش بەرەو کۆنگرە دەڕوات و ناکۆکییەکانی نێوان دوو باڵی نێچیرڤان و مەسرور بارزانی پەرەی سەندووە.

ئەم دوو حیزبە لە پاش چەندین مانگ ناکۆکی کۆبوونەوە بەڵام دیار نییە کە ئایا کۆبوونەوەکان دەتوانێت دۆسیە و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکات. لە هەرێمی کوردستان کێشەکە لەوەدایە کە مەسعود بارزانی خۆی بە مەرجەع دەناسێنێت، لە کاتێکدا کە ناوخۆی حیزبەکەی خۆیی بۆ بە خێو ناکرێت، سەرەڕای ئەمەش گرنگی بە پێگە و بۆچوونی لایەنەکانی دیکە نادات، دەیەوێت هەموو کوردستان بە خەڵک و لایەنە سیاسییەکانەوە شوێنکەوتووی ئەو بن و ئەمەش بە ئاسانی بۆی سەر ناگرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە پێنج مانگ لە ساڵی 2022 تێپەڕ دەبێت، هێشتا یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق نەکراوە و حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مستەفا کازمی توانای پێشنیارکردنی یاسا گرنگەکانی بە پەرلەمان نییە، پەرلەمانیش هێشتا لە یارییە سیاسییەکانی پاش هەڵبژاردن خۆیی یەکلایی نەکردووەتەوە. دۆخی عێراق بەرەو تەقینەوە دەڕوات، واتە هەمان ئەو بابەتەی کە پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هۆشداریی لە سەر داوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×