کوڕی ستالینی دیکتاتۆرو کوڕی مەسئولی کورد!

فەرهەنگ فەرەیدون نامدار
  2021-06-24     803

ستالین یەکێکە لە دڕندەترین مرۆڤەکانی مێژو بەڵام هەرگیز ڕازی نەبو بۆ یەک جاریش کوڕەکەی یاسا بشکێنێت یاخود دەستێوەردان لە وڵاتدا بکا. ئەم چیرۆکەی یاکۆڤ دوگاشڤێلی کوڕی ستالین وەڵامێکە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا.
لە جەنگی جیهانی دوەمدا ستالین دەسەڵاتی ڕەهای هەبو لە یەکێتی سۆڤیەتدا. توانای لابردن و سزادانی هەر کەسێکی هەبو لە وڵاتدا. تەنانەت لینینی بە ماوەیەک لە ژوری خۆیدا دەست بەسەر کردبو. نزیکی ملیۆنێک نەیاری سیاسی یان دورخستبۆوە یان کوشتبو. بەڵام ستالین هەرگیز کوڕەکەی نەبردە کرێملن یاخود هەر یەکێک لە منداڵەکانی.
کە جەنگ هەڵگیرسا ستالین کوڕەکەی نارد بۆ جەنگی ستالینگراد کە سەخترین جەنگ بو. پاشان لە ساڵی ١٩٤١ لە لایەن ئەڵمانەکانەوە بە دیل دەگیرێت . داوایان کرد بەدیل بگۆڕدرێتەوە لەگەڵ جەنڕال فریدریک پاڵاس کە سەرپەرشتیاری جەنگی ستالنگراد بو بەڵام ستالین ڕەتی کردەوە و وتی: من ملازمێک ناگۆڕمەوە بە ژەنڕاڵێک..
یاکۆڤ لە دیلی ڕای کرد و ویستی باوکی ببینێت بەڵام هیچ ڕێگەی نەدا چونکە وتی تۆ فەرمانت پێشێل کردوە و جەنگت جێهێشتوە. یاکۆڤ دوگاشڤێلی هەوڵی کوشتنی خۆیدا بەڵام نەمرد و ئەو فیشەکەی بەخۆیەوە نابو بەر دڵی نە کەوتبو. کاتێک هەواڵەکەیاندا بە ستالین وتی "ئەوە کەی کوڕە تەنانەت ناشزانێ باش تەقە بکات". هەروەها کچەکەی ستالین سڤێتسلانا، هەمان پەیوەندی لەگەڵ باوکی هەبو و لە کۆتایدا کۆچی کرد بۆ ئەمریکای دوژمنی سۆڤیەت. ستالین بە ڕەچەڵەک جۆرجی بو بەڵام وەک ڕوسێک خزمەتی ڕوسیا و یەکێتی سۆڤیەتی کرد..
سیاسیەکانی کوردستان زۆیبەیان کتێبەکانی ستالینیان خوێندۆتەوە و پەیکەربەندی زۆرینەی حزبەکان لە فکری ستالینەوە وەرگیراون. بەڵام هەمان ڕەفتاری ئەویان نیە. یەکێک لە کارە سەرکەوتوەکانی ستالین نەهێشتنی میلیشیا و هێزی نا دەوڵەتی بو لە سەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەر.
لە کوردستان ئێستا منداڵی بەرپرسەکان نەک یاسا دەشکێنن بەڵکو دەستێوەردان لە بڕیاری سیاسیشدا دەکەن. ئێستا هەنێکیان چارەنوسی ملیۆنەها کورد دیاری دەکەن.
تاکە خاڵێکی هاوبەش کە لە دەسەڵاتی سیاسی هەمو کات و زەمانێکدا هاوبەشە بریتیە لە جڵەوکردنی هێز لە لایەن دەستەیەکەوە یاخود کەسێکەوە بەڵام ئێستا دەسەڵاتی سیاسی کەرت بوە.
هەر بە بۆنەی ئەم ڕوداوانەوە هەرگیز ئەم هێزانە هەڵناوەشێنەوە، چونکە لە کوردستان هێزی نیشتیمانی نیە، بۆیە هێزی لایەنێک متمانەی نیە کە هێزەکەی هەڵوەشاندەوە تەفروتونا نەکرێت. هەنێک هەن بێلایەنن بەڵام زۆر بە ئاسانی بۆ سیاسەت کردن بەکار دێن. بەم شێوەیە ئەم هێزانە بەردەوام دەبن و وەک موڵک دەگوازرێنەوە وەک لەوەی بکرێن بە نیشتیمانی. بەم شێوەیەش لە مەترسی دەرەکیدا دەبێت لە ئێران تورکیا بپارێنەوە بۆ پاراستنیان. ئەم هێزانە بۆ ماوەیەکیتر بەرامبەر یەکتر بە ڕێکەوتن دەوستن و هەمیشە ڕوداوی لەو جۆرە ڕودەدات و دەبێت یاسا بە هەڵبژێراوی بچەسپێنرێت.


یاکۆڤ ستالین کاتێک لای ئەڵمانەکان گیراوە.
.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×