(پێڵاوی دکتۆر و سواربونی پەرێشان) ... کامیان ...؟

سۆران محەمەد غەریب
  2021-10-29     1029

دوا ڕوداوی دۆخ شڵەقێن و بابەتی ڕۆژ کە هەموانی سەرقاڵ کردوە لە ناو خەڵکی و زۆربەی راگەیاندنەکان ، ڕوداوی ئەو گوتەیەیە کە لە دەمی کەسێک دێتە دەر پێی دەوترێت ئەندام پەرلەمان . وتەکەش گوتەی (سواربونە) ، لێ سواربونی کێ ...؟ لەسەر کێ ...؟ سواربونی پەرێشانێکە لە کۆڵ ملی باوک و باپیری هەر هەموو ئەوانەی ناوی پارتی دێنن .. با بێین بەوردی گوێ لە قسەکانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان بگرینەوە دەردەکەوێت ناوبراو زۆر بە ڕونی دەڵێت : ( ئەوەی ناوی پارتی بهێنێت سواری بابی بابی دەبم ..) .
ئەگەر لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت . ئەوا لە ناو کوردا کەسی لێ دەرناچێت کە پەرێشان سواری نەبێت ، چونکە ئەوەی زمانی گرتبێت و توانای قسەکردنی هەبێت ..! تیاماندا نیە ناوی پارتی نەبردبێت ئەمە بەلایەک ، بەلایەکی تریشەوە هەموان خاوەنی باوک و باپیرین . گەر ئەوانیشمان لەدەست درابن ئەوا خۆمان دەبینە باوک و باپیر . ئەم وتەیە هێندە بازاڕیانە دەرپەڕێندراوە و بە ڕەهایی وتراوە ... دەکرێت دەیەها خوێدنەوەی بۆ بکرێت .
خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مانا و مەبەستی ناخی کەسی دەرپەڕێندەر و لێکیبدەینەوە ...!؟ ئا لەم ڕوەشەوە دەستەواژەکە ڕووی ئەوانە دەگرێتەوە کە پارتی نین یان بێ لایەنن تا دەگاتە نەیارەکانی ئەم حیزبە و تەنانەت هەندێ خەڵکانی ناو پارتی کە ڕەخنەیان هەیە لە خودی هەمان حیزب ، بێ یەک و دوو ئەم سواربونە لەسەر زۆرینەی کورد دێتە پیادە کردن .
لەسەرتاسەری هەموو جیهان ڕۆڵی پەرمان دیارە و بینراوە کە تەنها دوو ئەرکە ئەوانیش . یاسا دانان و چاودێری کردنی حکومەتە . بۆ ئەرکی دوەم مافی ئەندام پەرلەمانە ئازادانە ڕەخنە ئاراستەی هەموو کەس و لایەنێک بکات لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و دۆخی ناهەمواری خەڵکی . تا ئێرە ئاساییە ... بەس ئەوە نابێتە ئاسایی کەسێک بگاتە پەرمان و نوێنەرایەتی خەڵکی بکات لە ناو دانیشتنێکی پەرلەمان و بە بەرچاوی هەموان و بێ سڵەمەینەوە لە هاوڵاتیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەمە ئاستی قسەکردنی بێت ...؟ لەسەر چی ...؟ لەسەر ڕەخنەگرتنێک بە ئاراستەی پارتی لە لایەن ئەندام پەرلەمانتارێکی ئافرەت ...!!!
جێگای وەبیرهێنانەوەیە (٧) مانگ لەمەوبەر ئا لەو کاتەدا کە دکتۆرکازم لەسەر بابەت و پرسی بڕینی موچە پێڵاوەکانی لەبەرامبەر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان خستەڕوو بەبەردەوامی ڕێگری لێکرا ، تەنانەت هەڵپەساردنی ئامادەبونی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان تا داوای لێبوردن دەکات . ئا لێرەدا چەند لایەنێکی بەراورد دەخەمەڕوو :
١-ئایا ئەو بابەتەی دکتۆر کازمی پێ دەرکرا لە دانیشتنی پەرلەماندا گرنگتر بوو ئەویش پرسی دابەشکردنی موچە بوو بە بێ لێبرین ئەوەش پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتیەوە هەبوو ..؟ یاخود ئەوەی جەلال پەرێشان کە بابەتێکی تایبەتە و تەنها پەیوەندی بە لایەنێکی دیاریکراوەوە هەیە..؟
٢-ئایا دەربرینەکەی دکتۆر بیانوی ڕەوایی هەیە کە سەرۆکی پەرلەمان نەیهێشتوە قسەکانی تەواو بکات و پێی بڕیوە ..؟ یاخود گوتە دەرپەڕاندنەکەی پەرێشان کە بەبێ ڕێگەپێدانی سەرۆکی پەرمان قسەی فڕێداوە ..؟
٣-ئایا دەربڕینی پێڵاو خستنەڕوەکەی دکتۆر بریندارکەرانەیە کە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە کە (٣) کەسە..؟ یاخود وتەکەی پەرێشان بە سواربونی باوکی ملیۆنەها کەس بە زیند و مردوەکانیشەوە ..؟
هەموان باش ئەوە دەزانین کە هەستەوەری بیستن لە بینین بەهێزترە ... باشە تۆیەک پێش (٧) مانگ لەمەبەر بینیبێتت کە پڵاو خراوەتە ڕووت ، بەڵام لەو قسە ناشیاوانەی و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤانە و پەرەوەردەی دروستەوە و بەو دەنگە بەرزەی پەرێشانەوە ، چۆن گوێت لەو سوکایەتی و گوتە ئەتککەرانەیە نەبووە کە بە ملیۆنەها هاوڵاتی وتراوە ..؟ دەی گریمان گوێت لێ نەبوو .. خۆ دواتر گوێت لە تۆمارەکان بوو کە چ دەستەواژەیەک وتراوە و یەکەم کەسیش سەرۆک پەرلەمان دەگرێتەوە بەو پێیەی لەو شوێنەدا کە پێی دەوترێت (پەرلەمان) لە تۆ گەورەتر و بڕیاردەری تیادا نیە ...
دەی چۆن ئامادەبونی دکتۆر کازم لە دانیشتنەکانی پەرلەمان خرایە دەنگدانەوە و بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵپەسێراو کرا بە داوای لێبوردنی ناوبراو ... با بتبینم چۆن دەتوانیت بڕیار بدەیت و قورسترین سزا بەسەر ئەم کەسەدا بدەیت کە هەر بەناو ئەندام پەرلەمانە دەنا هیچ بەرهەمێکی بۆ خەڵکی پێ نەبوە و تەنانەت هەموو سنورەکانی ڕەوشتی بەزاندوە بەوەی سواری باوانی ئەوانە دەبێت کە ناوی پارتی دەبەن ... با ئەوەشت لەبیر نەچێت ئەم دەستەواژەیە ملیۆنەها کەس دەگرێتەوە و لەسەروو هەموشیانەوە بەرۆک و شانی سەرۆک پەرلەمان دواتر ئەندامانی پەرلەمان .
ئەگەر ئەمە نەکرا ...
لای زۆرینەی هاوڵاتیان وا دادەنرێت ئەوەی وتراوە کراوە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×