حەقیقەت و زمان

عومەر ئەحمەد عەزیز
  2022-07-14     156

دیارە، حەقیقەت و زانینی ڕاستیی جێی تێڕامان بووە لە کۆنەوە تا ئێستا، ئەم پرسە بەردەوام قسەی لەسەرکراوە، ئەوەی جێی سەرنجە لە زانستیشا دیسان قسە هەیە لەسەر ڕاستیی و حەقیقەتی شتەکان. ئەمەش جێی سەرنجە، چونکە زانست لە پێناسە باوەکەیدا، یان لانی کەم لە خەیاڵدانی ئێمەدا  بریتییە لە ڕاستیی، بە جۆرێک ڕاستییەکی تر لەو دیو سنوری زانستەوە نییە، بەڵام ئەم بیرۆکەیە لە ئێستادا لە ژێر پرسیاردایە، هەر بۆ نمونە  لە زانستی فیزیادا، قسە لەسەر ڕاستیی بوون هەیە، ئایا ئەو شتانەی ئێمە دەیانبینن و سەرچاوە هەستەکانمان و دەبنە وێنەی لۆجیکی و هزریی و ئاوەزیی لە مێشکماندا خودی ڕاستیی شتەکانن؟
بۆ نمونە دەوترێت شەبەنگی تیشکی ڕەنگەکان، لە مەودای بینینی شەبەنگی بینراو لە نێوان  ٤٠٠ تا ٧٠٠ نانۆ مەتر دایە ، کە پێک ھاتووە لە حەوت ڕەنگ،  بە پلەی جیاواز،  ھەر درێژە شەپۆلێکی تر لەو مەودایە تێپەڕ بکات  چاوی مرۆڤ توانای بینینی نیە.
لەبارەی بیستنیشەوە دەوترێت،  توانای بیستنمان لە (٢٠ تا ٢٠٠٠٠)ھێرتزە ، لەو ڕێژەیە زیاتر و کەمتر بێت هیچ دەنگێک لەبوندا نامێنێت. بوون بەنسبەت مرۆڤەوە، نەک خودی بوون.
باشە، دانمان بەوەدا نا ئاوەزیی مرۆڤ زۆر سنوردارە، هەستەکانی توانایەکی لە ڕادەبەدەر سنوداریی هەیە، کەواتە دنیای ئێمە بریتییە لە مەودای بیرکردنەوەی هزری ئێمە، هەموو ئەوەی ئەیڵێین، ئەیزانین، لە داهاتودا فێر دەبین       لە ڕێگەی( ئەفسانە،ئەدەب، هونەر، کلتور، مێژوو  و زانست) ەوە، دیسان ڕاستیی هیچ شتێک نین، جگە لەوەی بریتیین لەو شتانەی، کە ئێمەی مرۆڤ توانست و توانامان شکاوتە سەریان و توانیومانە وێنەیەکیان لە هزرماندا هەڵبگرین، واتایەکی پێبدەین لە زمانماندا، واتە هەموو ئەوانەی دەیانزانین بریتیین لەو شتانەی، کە دەچنە ژێر ڕکێفی توانای ئێمەوە و شیاویی ئەوەیان تێدایە ئێمە ڕاستییان ببینین و هەستیان پێ بکەین، نەک ڕاستیی شتەکان و دیاردەکان و بوون بن، یان  ئەو ڕاستییەی  ڕەنگە هەبێت و ئێمە نەیبینین و هەستی پێ نەکەین، واتە دەشێت بە پێی ئەم لێکدانەوەیە بێت دان بەوەدا بنێین ڕاستیی و لۆجیکی تر هەیە ئێمە نایزانین، ڕەنگە شیاوی ئەوەش نەبێت لە داهاتودا مرۆڤ بیانزانێت، وەکو چۆن لە زانستیی فیزیادا دەوترێت گەردونی تر هەیە بە یاسای فیزیایی تر خۆی بەڕێوەدەبات، واتە ئەو یاسایانە لە دەرەوەی تواناکانی مێشکی مرۆڤن، یان دیزاینی مێشکی مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەکراوە بیر لەو شتانە بکاتەوە کە لەدەرەوەی ئەو توانست و توانایەن، کە  پێکهاتەی  مێشکی مرۆڤ هەڵگرییەتی.
لە ئاینیشدا شتەکە بەو جۆرەیە، بۆ نمونە لە ئاینی ئیسلامدا زۆرجار خودا لە قورئاندا ئاماژەی بۆ سنورداریی توانای مرۆڤ کردووە بۆ نمونە:
وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الرُّوحِ قُلِ الرُّوحُ مِنْ أَمْرِ رَبِّي وَمَا أُوتِيتُمْ مِنَ الْعِلْمِ إِلَّا قَلِيلًا}(الإسراء:85)
وَلَقَدْ صَرَّفْنَا فِي هَٰذَا الْقُرْآنِ لِلنَّاسِ مِن كُلِّ مَثَلٍ ۚ وَكَانَ الْإِنسَانُ أَكْثَرَ شَيْءٍ جَدَلًا (54)الكهف
، هەروەها مەعریفە و زانین لە ئایندا بەستراوەتەوە بە خوداوە، خودا هەموو شت زانە، بگرە لۆمەی مرۆڤ دەکات بەوەی زۆر لەسەر شتەکان قسە ئەکات، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە تواناکانی زۆر سنوردارن، واتە ئەمەی هەیە وێنەی ئەسڵی زانست و مەعریفە نییە، بەڵکو بەشێکی کەمیەتی، بۆیە دیسانەوە ئاینیش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بڵێین، کە ئێمەی مرۆڤ تواناکانمان بریتیین لەو هێزەی کە دەسەڵاتمان دەداتێ بۆ ناسینی بەشێک لە ڕاستیی شتەکان، ڕاستییەک، کە هاوتایە لەگەڵ توانا و توانستە ئاوەزییەکانمان، نەک کۆی ڕاستیی، یان جەوهەری حەقیقەتی شتەکان.

لە فەلسەفەشدا ئەم پرسە هەمیشە جێی گرنگیپێدان بووە، ڤدگنشتاین نمونەیەکی بەرجەستەیە، ئەو پێی وابوو، ئێمە هەر ئەو شتانە دەزانین، کە دەیانبینین، ئەوانەشی دەیانبینین هەر ئەوانەن  لەنێو زمانەکەماندان، ئەمەش دەیگەیەنێتە وتە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت: ((سنوری زمانەکەم سنوری جیهانەکەمە))، واتە شتانێک ئێمە نایانبینن و هەستیان پێ ناکەین، ناکەونە نێو سنوری زمانیشەوە، واتە زمان تەنها وێنە / وشە بۆ  ئەو شتانە دادەنێت، کە دەکەونە نێو سنورەکەیەوە، لە دەرەوەی خۆیدا شتێکی تر بونی نییە.
پەیوەندی نێوان زمان و حەقیقەتیش دیسانەوە دێتە نێو ئەم پەیوەندیەوە، لەکۆنەوە زمانیش جێی تێامان بووە کە ئایا زمان چییە؟ ڕاستییە؟ وێنەی ڕاستییە؟  یان کۆپییەکی لەبەرگیراوەی ڕاستییەکانە؟  ئایا لە دەرەوەی زماندا ڕاستی بونی هەیە؟ یان هەموو ڕاستییەکان لە نێو زماندان چێوە وەردەگرن؟
هایدگەر دەڵێت:(( زمان ماڵی بوونە)) بەڵام ئایا بوون خۆیەتی؟ یان  زمان تەنها وێنەیەکی ساختەی بوونە، ئەگەر زمان خودی بوون بێت ئەبێت زمان وێنەی ڕاستیی شتەکان بێت، لەکاتێکدا زمان دیاردەیەکی لەخۆوەیە/ـArbitrary، واتە ئەو فۆنیمانەی لێکدەدرێن بۆ ڕۆنانی بڕگە و مۆرفیم و فرێز و ڕستە و دەقەکان، هیچ پەیوەندییەکیان بە خودی شتەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتییە، چونکە ژمارەی دەنگەکانی مرۆڤ لە سروشتدا وەکو دەوترێت لەنێوان60-70 دەنگدان، لەم ژمارەیەدا زمان هەیە30-40 ی لێ دەبات و زمانیش هەیە کەمتر لە 15 دەنگی لێ دەبات، بە واتا ڕۆنانییەکەی زمان دیاردەیەکی ڕەمزییە، هێماییە، چونکە زمان بەپێی لۆجیکی خۆی ئیش دەکات، نەک خودی لۆجیک، کە لە سروشتدایە و زانستەپەتییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەوەی بڵێین زمان خودی بوون نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ نزیکبوونەوە لە بوون.
ئەفڵاتونیش هەر پێی وابووە زمان تەنها ناوی شت دەنێت نەک خودی شتەکان بێت، بەو مانایەی زمان کۆپییەکی شتە ئەسڵیەکانە، کە هەن و لە دنیای میتافیزیکن، جگە لەم ڕەوتە فەلسەفییانەی خستمانەڕوو لە فەیلەسوفە نوێیەکانیشدا ئەم  ئاراستەیە هەر کاریگەریی ماوە بۆ نمونە
ژیژەک دەڵێت: ((وشە مەرگی شتەکانە.))
بەوپێیەی شتەکان بزوات و جوڵەیان تیایە، وشەکان ئەم جوڵەیە لە شتەکان ئەخەن، بوون بە ڕای ژیژەک سرک و ڕامنەکراوە، زیاد لە واتا و ئاماژەیەکیان تێدایە، کە زیندون و لەگۆڕانن، بەردەوام جوڵە و بزاوتیان تێدایە، زمان دێت ناویان دەنێت، پۆلێنیان دەکات، واتایان دەداتێ، گوزارشتیان لێدەکات، تا وای لێدێت ئیتر  واتای خودی شتەکان وەکو جەوهەر لە جیهانی ڕاستیدا بۆ مرۆڤ گرنگ نییە، بەڵکو ئەو واتایەی زمان پێی داون گرنگە، واتە ئێمە باس لە شتەکان دەکەین لەنێو زماندا، نەک خودی شتەکان.
نیچەش هەر پێی وایە کاتێک ناو لە شتەکان دەنێین، ئەوا بیرکردنەوەمان لەبارەی شتەکانەوە سنورداردەکەین! کە ڕەنگە شتەکان خۆیان ئیلهامی زیاتر بن بۆ مرۆڤ، ئێمە ناویان دەنێین ئیتر لە دەلاقەی زمانەکەوە باسیان دەکەین، هەموو پەسن و لێکدانەوەیەکمان هەر لە ئەو ناونانەوە دەبێت، کە لە شتەکانمان ناون.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×