پانتایی کۆمیدیا لە کۆمەڵگای کوردیدا

عومەر ئەحمەد عەزیز
  2022-07-26     187

قسەکردن لە سەر دنیای کۆمیدیا ئەمانباتەوە بۆ ئەرستۆ و یۆنانی کۆن و پێناسەکانیان بۆ شانۆی کۆمیدیا، کە هەندێک ڕێسا و پرەنسیپی خۆی هەیە، وەکو چۆن ئەرستۆ دەڵێت:  “مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکی زیندووە پێ دەکەنێت” لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا ئەو کەلەپورە زیندوکرایەوە و میراتی یۆنان و ڕۆمانی کۆن کرایە پێوەر بۆ نوسینی شیعر، شانۆنامە هەر ژانرێکی تر، کە لە جۆری کۆمیدیا بێت،کاتێک ئەگەڕێی بەدوای ئەوەی دۆخی گاڵتەجاڕیی/ مەزاح و هەزەل، تیوریزە بکەیت و بیخەیتە چێوەی تیورێکەوە ئاستەنگیت بۆ دروست دەبێت، چونکە هەر لە کۆنەوە دیدێکی پەراوێزییانە هەبووە بۆ ئەم چەمکە، ئەفڵاتوون پێی وایە پێکەنین و گاڵتەجاڕیی و بەکۆمیدیکردنیی شتەکان پێکەنین بە سیفەتیی خراپیی ئەوانی تر وادەکات فەزڵی خۆت بدەی بەسەر ئەوانی ترا، یان کردەیەکی نائەخلاقییە بەوانی تر پێبکەنین، لە چەندین شوێندا ئەفڵاتون دژی ئەم دۆخەیە لە کۆمارەکەیدا دژی پێکەنین ئەوەستێت بەوەی سەربازانی دەوڵەت نابێت پێبکەنن، چونکە کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر ئەوانی تر و کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە،  لە شوێنی تردا دەڵێت پێکەنین پیسە.
یەکێک لە نووسینەکانی ویلیام برین 1633 زیاتر لە 1100 لاپەڕە بوو و  ئەوەی خستەڕوو کە کۆمیدیا "فریودەرەرە، کردەوەی  بتپەرست، لەشفرۆش و پیس و  مرۆڤە زۆر خراپەکانە،  بۆیە ئەم نوسەرە پێی وایە، کە کۆمیدیا لە هەموو سەردەمەکاندا مەحکومە، وەک فاکتەرێکی  زیانبەخش دژ بە کڵێساکان و بە  ئەخلاق و عەقڵ و ڕۆحی خەڵکەکە”
لە فەلسەفەی هاوچەرخیشدا کۆمیدیا جێی سەرنجی فەیلەسوفەکان بووە، لە ئەدەبدا بمێنینەوە، مەرگەساتیی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیی کوشتن و بڕینی لەڕادەبەدەر وایکرد، چەندین بزوتنەوەی وەکو پەرناسییەت و سۆریالیزم سەرهەڵبدەن کە بەگژ عەقڵانییەت و حاڵەتی جدیاتدا دەچونەوە و پەنایان بۆ ماخۆلیانەت و شێتیی و خەو و ڕابواردن و گاڵتەکردن دەبرد بۆ ڕزگاربوون لە واقعێکی ساختە، کە  بەناوی مۆدێرنە و عەقڵانییەتەوە مرۆڤایەتی قڕکرد و لەناویبرد، بۆیە ئەمەمان وت، چونکە چی کۆمیدیای یۆنان و ڕۆمان و سەدەی ناوەڕاست و ڕێبازە نوێیەکانیش ڕوانگەی خۆیان هەیە، پاڵپشتن بە مەعریفە و بیرکردنەوە و باکگراوندی فیکریی، واتە کۆمیدیا بێ ئامانج نییە، بەڵکو وەکو چۆن تراژیدیا دەبێتە هۆی کاساریزیس/ پاکبونەوەی دەرونی بینەر، هەروەهاش  کۆمیدیا زۆر جار دەرخەریی واقعی تاڵی کۆمەڵگایە، وەکو پێشێلکردنی مافی منداڵ و ژن و پیر و خاوەنپێداویستی تایبەت، دیاردەی  هەژاریی و نادادیی و ستەمی دەسەڵات، هەرەها ڕەخنەیە دژی سیستەمی نەریتیی کۆنەپارێزیی کۆمەڵگا و زوڵم و چەوساندنەوەی سەردەستەکان دژی ژێردەستەکان و  پیاوسالاریی و تەنانەت خەباتی نەتەوەییش، بۆ ئەمەش  چارلی چاپلن و عەزیز نەسین، تەنانەت ئەکتەرێکی وەکو جیم کاریی،  نمونەی بەرچاون، نمونەی ئەو  نوسەر و ئەکتەرانەی باسمانکرد دەرخەریی ئەو ڕاستییەن دۆخی کۆمیدیا لە سەردەمە جیاوازەکان بەپێی ژانرە جیاوازەکانی وەکو فیلم و شانۆ و ڕۆمان وەکو یەک  کاریگەرن،  هەروەها توێژینەوە زانستییەکان پاڵپشتیی ئەوە دەکەن، کە هۆمۆر و گاڵتەرکردن و نوکتە و پێکەنین یارمەتی دەروندروستیی دەدەن، بۆیە نوسەر و ئەدیبان پشتگیریی ئەم ڕەهەندەی دنیای کۆمیدیا دەکەن وەکو چۆن مارک توین ئەڵێ:
((ڕەگەزی مرۆڤ یەک چەکی ڕاستەقینە و  کاریگەری هەیە و ئەویش پێکەنینە.))

وەکو وتمان بەپێی ئەم ئاراستەیەی خستومانەتەڕوو دۆخیی گاڵتەجاڕیی و ڕابواردن و نوکتە  بە درێژایی مێژوو کەمتر وەکو تیور ئیشی لەسەرکراوە، ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە کۆنەستی خەڵکەوە ناچارمان دەکات ئاماژەیەک بە دەروناسیی و بەتایبەت دەرونشیکاریی بدەین لەبارەی نوکتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا نوکتە و ڕابواردن و دۆخی گاڵتەجاڕیی چۆن لە تیوری سیگمۆند فرۆید دا باسکراوە؟
فرۆید لە کتێبیکیدا لە ساڵی1905 بەناوی (دیر ویتز)  بەواتای( نوکتە و پەیوندی بە نائاگاییەوە)، لەسەر ئەم بابەتە وەستاوە، دیارە تڕوانینی فرۆید بۆ ئەم بابەتە هەر بەشێکە لەکۆی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەم دەرونناسە، بەوپێیەی لە چوارچێوەی میتۆدی دەرونشیکارییەوە لە چەمکەکە ڕوانییوە و پەیوەستی کردووە بەو میکانیزمە تیورییانەی، کە  لە تیورەکەیدا خراونەتەڕوو، وەکو چەمکی نائاگایی، چێژ، خەون، ..تاد
کورتەی  بۆچونەکانی فرۆید لەم بارەیەوە ئەوەیە، کە پێکەنین وەکو وزەیەکی دەمارییە و ئازاد دەکرێت، ئەم وزە دەماریە بۆ ئازادکردنی هەستەکانمانە، ئەو هەستانەی لە قۆناغێکدا، یان لە  هەڵوێستەکۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا چەپێنراون، نەتوانراون ئازادبکرێن، بە بڕوای فرۆید زۆربەی هەستە چەپێنراوەکان هەستی سێکس و دوژمنایەتین، بۆیە لەکاتی نائاگادا، یان کاتێک  هەڵوێستەکەمان ڕێگەمان بدات ئەو هەستە چەپێنراوە دەربکەین لە ڕێگەی نوکتە و بابەتی گاڵتەجاڕییەوە هەستە چەپێنراوە سێکسیی و دوژمنایەتیی ، یان ڕق و کینەکانمان بە پێکەنین دەردەکەین، بە واتایەکی تر ئەو چێژەی لە ساتەوەختی گاڵتەوگەپ و ڕابواردندا بەپێکەنین دەستمان دەکەوێت هی ئەو کاتانەن، کە چەپاندومانن و دەرمان نەبڕیون،  هەروەها بەشێکیشی پەیوەندییان بەو کاتانەوە هەیە کە مرۆڤ تەمەنی منداڵ بووە توانای دروستکردنی ساتەوەختی کۆمیدیی نەبووە، کە تێیدا خەڵکانی تر بخاتە پێکەنینەوە، بۆیە ئێستا کە توانای هەیە دەیکات،  سەرەڕای ئەمانەش فرۆید هەوڵدەدات ئەم دۆخە ببەستەێتەوە بە کۆمەڵگاوە،  بۆیە لەم کتێبەدا خۆی پاراستووە لە زاراوەی دەرونشیکاریی و زیاتر شیکردنەوەکانی بەرەو میتۆدیی مەعریفیی بردووە و لەوێشدا پەیوەستی کردوە بە دۆخی کۆمەڵایەتییەوە، بەپێچەوانەوە کەمتر بەستویەتییەوە بە بابەتیی  کەسییەوە،  فرۆید پرسیاری ئەوەش دەکات کە بۆچی چێژ لە نوکتە و دۆخی گاڵتە و پێکەنین وەردەگرین؟
لە وڵامیشدا دەڵێت، چونکە  لەو دۆخەدا ئێمە وزەیەکی دەرونیی بەدەست دێنین، لە ڕێگەی دەربڕینی هەستی چەپێنراوی سێکسیی، ڕابواردن،  ڕکوکینە، شەڕانگێزیی و ئازاد بوون لە چاودێرییه ناوەکیی /دەرونیی و دەرەکیی / کۆمەڵایەتییەکان.

بەڵام ئەوەی ئێمە لێرەدا بوەتە جێی سەرنجمان لە ئێستادا دیاردەیەک هەیە کە بریتییە لە گۆڕینی تراژیدیا بۆ کۆمیدیای بێ مانا،  چاوخشاندنێک بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەمانخاتە بەردەم بیرکردنەوە لەم دیاردەیە، کە بۆچی کۆمیدیا زۆرترین پانتایی داگیرکردووە، بۆچی دەمودەس خەڵک  خەریکی ڕابواردن و گاڵتەکردنن، ئایا ئەم دۆخە گڵۆباڵە یان پەیوەستە بە  بارودۆخی کۆمەڵگای کوردییەوە،  ڕەنگە لە ئاستێکیدا دیاردەکە گشتیی بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا بەرخۆرەکان لەم بارودۆخەدا بن، بەڵام لە ئاستێکی تریدا، کە هەستی پێدەکرێت، زۆر مەترسیدارە بەوەی  هەموو ئەو تراژیدیانەی لە کۆمەڵگەی ئێمە ڕودەدەن دەگۆڕێن بۆ دۆخێکی کۆمیدیی، جا چی لە دنیا مەجازیدا بێت یان لە ژیانی واقعیدا، دەرهاویشتەکانی ئەم دۆخە زۆر خراپن، وا دەکات ئەم کۆمەڵگایە بکەوێت و  سیمای لە کۆمەڵگەبونەوە بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە مەیخانە و قۆمارخانە و شوێنە تەرفیهییەکانی تر، کە تێیاندا تەنها پێکەنین و بێ ئاگایی و ناهۆشیاریی تێیدا باڵادەستە، سیمایەکی ئەم دۆخە ئەوەیە حاڵەتی جدیی و ناجدیی لەناویدا  لەیەکتر جیاناکرێتەوە، کۆی دنیا بە کۆمیدیایەکی گەورە دەبینرێت، دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی لەسەر هیچ پرسێک کۆدەنگیی و ڕای گشتیی دروست نەبێت، بە پێچەوانەوە ئێمە بە بەرچاومانەوە تراژیدیای گەورە ڕودەدەن، لە ڕوی کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە ، یان لە ئاستی  حزب و ڕێکخرا و نەتەوەدا ، کەس موچرکە بە گیانیا نایەت، ویژدانی دەستەجەمعی بەجۆرێک مردووە، وەکو بڵێی قەبرستانە،  ئەم حاڵەتە واتە گۆڕینی مەئسات بۆ پێکەنین، دانیشتن بەدیار کارەساتەوە، بە پێکەنین و ڕوانیێکی ئایرۆنیی و گاڵتەجاڕانە بۆ هەموو پرسەکان کۆمەڵگا نابوت و وێران دەکات و لە کۆمەڵگەبوونی دەخات.
یەئس و کەئابە و دۆشدامان و وڕس بون و ناچاریی و دەسەوسان بوون لەبەرانبەر ڕوداوەکان، پاڵنەری دروستبونی کۆمیدیان، بەشێکی هۆکارەکە دەسەوسانبوونی ئەم کۆمەڵگەیەیە بەدیار ئەم حزبانەوە، نزیکەی سەدەیەکە کۆمەڵگایەک گیری کردووە بەدەست دەسەڵاتێکی خێزانیی، بنەماڵەیی، تەنانەت کەسیی، لە بەرانبەریدا بە هەموو شێوەیەک دۆڕاو و بێ وچان ماوەتاوە، ئەمە هۆکارێکی ئەم دۆخەیە، کە بریتییە لە داگیریکردنی زۆرینەی پانتایی کۆمەڵگا بە کۆمیدیا، لە دنیای ئەدەب و هونەردا ژانرێکی شانۆ هەیە، کە بە تراژکۆمیدیا ناودەبرێت، لەو جۆرە شانۆیەدا دۆخی کۆمیدای بەکاردەهێنرێت بۆ خستنەڕوی بابەتێک تراژیدیی، ئەم دۆخەی کۆمەڵگای کوردیی ڕێک لەوە دەچێت، ئێمە دێین   بە گاڵتەجاڕییەوە باس لە ئەو کارەساتەنە ئەکەین کە بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەدا دێن، دیارە بە ناوەڕۆکی جیاوازەوە، چونکە ئەو ژانرە باکگراوندی مەعریفیی خۆی هەیە، نەک بەشێوە هەڕەمەکیی و لەخۆوەییەکەی  کۆمەڵگەی کوردیی.
گاڵتەجاڕی وەکو هەموو شتێک، بینینی دۆخی پێکەنین و ئاواڕتەکردنی حاڵەتی جدییات، یاعنی کۆی ژیان کۆمیدیایە و ساتەوەختێکی کەم بە شەرمەوە دەبێ جدی بین، ئەمە خەسڵەتێکی دیاری ئەم دۆخەیە، واتە تۆ دەبیتە کەسێکی گاڵتەپێکراو، ئەگەر باس لەبابەتێکی جدیی بکەیت، بە شەرمەوە دەبێت سەرەداوی بابەتێکی جدیی بکەیتەوە بۆ  ئەوەی قسەی لەسەر بکرێت، ئەمە وای کردووە، پانتاییەکە هی کۆمیدیا بێت، لەبەرانبەردا دنیای جدییات پنتێکی بچوکی بەربکەوێت بە شەرمەوە لەژێر لێوەوە ئەگەر باس      لە بابەتێک بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×