ڕاپەڕین لەتوێی زماندا

عومەر ئەحمەد عەزیز
  2023-03-06     418

ڕاپەڕین پێش ئەوەی ڕوداوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بێت،  لەنێو زماندا چێوە وەردەگرێت، بۆیە چەند وتار و گوتاری جیاواز لەبارەی ڕاپەڕینەوە هەبێت ئەوەنەش وێنەی جیاواز لەبارەی ڕاپەڕینەوە ئامادەیی دەبێت، ئەمەش وادەکات ڕاپەڕین بکەوێتە نێو پەیوەندی ڕۆنانکاریی زمانەوە، بەپێی کات و زمەن،  واتای جیاواز بگەیەنێت، لە ڕوانگەی زمانەوە ڕاپەڕین وشەیەکە، وشە بەمانا ڕۆنانکارییەکەی هێمایەکە/دالێکە،  کە ئاماژەیە بۆ هێماکراوێک / مەدلولێک،  لە دەرەوەی دنیای زماندا، جگە لە بونی هێمابۆکەر کە وشەکەیە و دالیشی پێ دەوترێت/Signifier و ئەوەشی بونە مادییە، یان دەرەکییەکەیە و وشەکەی بۆ دەگەڕێتەوە مەدلولە، هێمابۆکراوە و لەمێشکدا وێنەیەکی هەیە پێی دەوترێت هێمابۆکراو/ مەدلول signified ئەوەشی ئەم دوانە دەگەیەنێت بەیەک، یان ڕونتر بڵێین ئامانجی نێوان ئەم دوو جەمسەرەیە نیشانەیە، هێمایە/sing، کە بریتییە لە پەیوەندی نێوان هێماکەر و هێمابۆکراو، هێما لەمێشکدایە و بە دەنگەکان، یان بە زمانی جەستە  و وێنەکێشان، یان هەر ڕێگەیەکی تر دەریدەبڕین دەربڕینەکە دەبێتە هێماکەر و شتەکەش هێمابۆکراو،  پەیوەندیی نێوان هێما و هێما بۆکراو پەیوەندییەکی هەڕەمەکیی و لەخۆوەیە، ئەوەی واتا دەدات بەم پەیوەندییە کۆمەڵگایە، هەر بۆیە لە ڕوانگەی چەمکی گۆڕانی زمانەوە/Language change دەشێت ئەم وشەیە واتاکەی فراوان ببێت و چەندین واتای بارکراو لەخۆ بگرێت و بەپێچەوانەشەوە دەشێت هەر لەنێو کۆمەڵدا چەندین ئاماژە و تێما لەدەست بدات واتاکەی تەسک بێتەوە، یان هەندێک جار ئاڕاستەی  واتاگۆڕین زۆر توندترە و وشەکە کۆمەڵێک وتا پەیدا دەکات، کە خودی وشەکە هەڵگریی هیچ یەکێک لەو واتایانە نەبووە.

ڕاپەڕین وەکو ڕوداوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە بارودۆخێکی دیاریکراو لە بەشێکی کوردستان ڕویدا، بەدەر لە هەموو ڕەهەندە  نێوخۆیی و هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییەکانی،  بریتیبوو لە ڕاپەڕینی خەڵکی باکوری عێراق و باشوری کوردستانی گەوە دژ بە دەسەڵاتێکی  دیکتاتۆریی ناسیۆنالیست، کە بە زەبر و عەسکەرتارییەت زمان و کلتور و ڕۆشنبیریی و مافی بوونی لە نەتەوەیەکی زەوتکردبوو، ئەیویست بیکات بە بەشێک لەو دەسەڵاتە شۆڤێنییە عوروبییەی، کە حزبی بەعسی سونەمەزهەب  ڕابەرایەتی ئەکرد، کێشەی ئەم دیدە ئەوە بوو، کە  هیچ زەمینەیەکی مێژووی و کلتوریی و ڕۆشنبیریی نەبوو بۆ پیادەکردنی ئەم ئایدۆلوجیایە، چونکە میللەتەکە بەتەواوی بوونی خۆیەوە جیاواز بوو لەو دەسەڵاتە، لە زمانەوە بیگرە تا بیرکردنەوە و جوگرافیا و کەشوهەوا و خاک و مێژوو و ئامادەیی کلتوریی و ڕۆشنبیریی لەنێو مێژوودا، ڕێڕەوی گەشەکردنی مێژوویی و زیهنیی ...تاد.

بگەڕێنینەوە بۆ دۆخی جیاوازی کورد وەکو بوونە ئۆنتۆلۆجییەکە دورودرێژ دەبێتەوە، چونکە ئەبێ بگەڕێنیەوە بۆ ئەو سەرەتایەی کە زۆرجار ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەڵێت،  کورد لەنێو خۆشیدا لەسەر بنەمای جیاوازیی بەردەوامیی هەیە، واتە بنەمای بوونی کورد جیاوازییە لەبری یەکبوون و یەکانگیریی، خاڵی جیاوازیی دەبێتە سەنگی مەحەکی ئەم نەتەوەیە لەبری ئەوە خاڵە هاوبەشەکانی کەمترن، کار لەوەش ئەترازێ و خێڵێک بۆ خێڵێکی تر و دێیەک، ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر  بەدەیان خاڵی جیاوازیان هەیە، وەکو عیرفان مستەفا ئەڵێت ئەوەی ئەم جیاوازییانە کۆدەکاتەوە تەنها زمانێکی هاوبەشی تێگەشتنە، ئەو زمانە هاوبەشە تێگەشتنە ناوەکییە  /Internal /استنباط  لەسەر ئاستیی زیهنییەتیش بریتییە لەوەی هەریەک لە ئاستی خۆیەوە هەست بە بوونێک ئەکات، کەهێشتا تەجەلا نەبووە و نەهاتۆتە دەرەوە و فۆرمەڵە نەبووە و هەر  لەئاستیی ڕۆح و دەروندا ماوەتەوە ئ  ئەو هەستە ناوەکییەش   کوردبوونە، کوردبوون وەکو وێنەیەکی میتافیزیکیی هۆشەکیی، هەستێک کە شوناسێکی ڕۆحیی و لائیرادیی دەدات بەهەر کوردێک بەبێ ئەوەی  لەچوارچێوەی دەزگا و دەسەڵات و ڕێکخراو و کاری حیزبییەوە توانرابێت ئەم هەستە ناوەکییە و ئەم زمانە هاوبەشەی تێگەشتنە تەرجومەبکرێت، ئینجا چی جای تۆ بێیت بتەوێت ئەم نەتەوەیە بدەیت لە فلتەریی ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراوی پانعەربەیستیی، کە بەتەواویی نامۆیە بە گیان و ڕۆحی ئەم خەڵکە، بەهەر حاڵ ئەوەی خستمانە ڕوو تەنها بۆ ئەوە بوو بڵێن ڕاپەڕین لە دەرەوەی زماندا چیبوو وەکو هێمابۆکراوێک، با بڕۆینەوە سەر پەیوەندی نێوان چەمکی ڕاپەڕین وەکو بوونە زمانییەکە، کە شیاوی گۆڕانە وەکو هێمایەک دیارە لە سەرەتادا ڕاپەڕین هێمایەک بوو واتاکەی تا ڕادەیەکی زۆر دیار بوو، لەگەڵ ناوهێنانیدا چەمکێک، واتە وێنەیەکی هۆشەکیی دروست دەبوو لە بیریی قسەکەری کورددا، کە بریتیبوو لە وێنەی بەگژداچونەوەی زوڵم و  ستەم لەلایەن  کۆمەڵگە و شۆڕشگێڕەکانی بەرانبەر دەسەڵاتێکی ستەمکار، هاتنەدەنگیی کۆمەڵگایەک بەرانبەر هێزێکی دەرەکیی، کە ئەیویست دەستکاریی بوونی کۆمەڵگایەک بکات و سروشتەکەی بگۆڕیت، زمانەکەی لاببات و زمانێکی نوێی بۆ بێنێت، کە نامۆیە پێی، کلتورێکی نوێی بۆ بهێنێت بە شێوەی قاڵبی پێشوەخت بیسەپێنێت، بەتەواویی بیەوێت بوونێک لەنێو بونێکی تر بتوێنێتەوە و ئاسیمیلەیشنی بکات، ئەمە وێنە گشتییەکەی ڕاپەڕین بوو لە سەرەتاکانی ڕودانیدا، دوای نزیکەی نیوسەدە لە ڕودانی ڕاپەڕین ئیتر وشەکە وەکو هێمایەک چیتر ئەو وێنەیەی لە بیری قسەکەری کورددا دروست ناکات، بەڵکو وشەکە کەوتە نێو ململانێی ئەو واتایەی سەرەوە لەگەڵ ئەو واتایەی کە ئێستا پەیدای کردووە، لە ئێستادا بە ناوهێنانی ڕاپەڕین ڕاستەوخۆ وێنەی دەسەڵاتێکی ستەمکاریی نادادیی پاوانخواز دروست دەبێت لە زیهنی خەڵکدا، کە ئەیەوێت  ئازادیی قەتیس بکات، خێر و بێر و موڵکی گشتیی و خاک و بەرهەمی سروشتیی ئەم وڵاتە بۆ کەمینەیەک بەکار بهێنێت، وێنەی دەسەڵاتێک لە مێنتاڵیەتی خەڵکدا دروست دەبێت، کە ڕۆژانە ڕاپەڕین وەکو دەستکەوتێکی گرنگی مێژوویی و سیاسیی بەکار ئەهێنێت بۆ بەردەوامی دان بەو دۆخە پاوانخوازییەی باسمانکرد، دەسەڵاتێک  زۆرجار هاوڵاتیانەکەی ئاوات ئەخوازن پاشماوەی ئەو ڕژێمەی پێشوو بێت لەبری ئەمان بیبانبات بەڕێوە، کە ئەمە ترسناکترین ئاواتە  کورد بەدرێژایی مێژوو خواستبێتیی،  پاساوی ئەم دۆخە لای خەڵک ئەوەیە کە ئەڵێن بوونی دەسەڵاتێکی نامۆی سەپێنرا و باشترە لە دەسەڵاتێک کە خۆی بەخاوەنی سەروەرییەکانی ئەم کۆمەڵگیە دەزانێت و هێشتا پێی وایە لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیە، چونکە یەکەمیان چەندین ئەگەرت دەداتێ بۆئەوەی ڕۆژێک بێت دیسانەوە ڕاپەڕین دروست ببێت و دیسانەوە دنیایەکی نوێ و فۆڕمێکی نوێی ژیانکردن بێتە کایەوە، بەڵام ژیان لەژێر سایەی سیستەمێک کە هیچ مۆڕاڵێکی نەتەوەیی نیشتیمانیی ئاینیی و ئایدۆلۆجیی نەماوە و هێشتا خۆشی بەخاوەنی هەموو سەروەرییەکانیی ئەم میللەتە ئەزانێت کارەساتە، دەسەڵاتێک بازرگانیی بە تراژیدیا و جینۆسایدەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ماڵێورانبوون و ڕاگواستنیی میللەتێک دەکات، لە نوێترین ڤێرژنیدا پارێزگاریی لە میللەتەکەی ناکات و دەیداتە دەست هێزێکی ڕەشی وەکو داعشەوە، لەو لاشەوە تا ئێستا بەرگیریی لە مێژوویەک دەکات کە خۆی بەبکەری سەرەکیی ئەزانێت چیتر ناتوانێت پەیوەندییەک بهێڵێتەوە لەنێوان خۆی و خەڵکەکەی.

وێنەی ئێستای ڕاپەڕین پەیوەندی بەخودی ڕاپەڕینەوە نەماوە لە بوونە بنەڕەتییەکەی خۆی دەرچووە و بووەتە ڕەمزێک، وەکو هەموو ڕەمزەکانی تر، ئەم ڕەمزە سیمبوڵێکە دەبێتە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان دەسەڵات و خەڵک، بەو پێیەی دەسەڵات بەپیرۆزی دەزانێت، خەڵک لەکەداری دەکات و لەپیرۆزی دەخات، بەجۆرێک دەسەڵات ڕاپەڕینی وەکو سیمبوڵێک  دەوێت بۆ بەردەوامی دان بە و جۆرە بەڕێوەبردنەی بۆ نزیکەی نیوسەدە کۆمەڵگەیەکی پێ دەباتەڕێوە، خەڵکیش  دژ بە ڕاپەڕین نییە وەکو ڕوداوەکە بەڵکو دژ بەو ڕەمزاندنەی دەسەڵاتە ، کە بۆ ڕاپەڕینی کردووە، بۆیە ڕاپەڕین دەکەوێتە نێو شەڕێکی ڕەمزییەوەو پەیوەندیی بە ڕوداوە بنەڕەتییەکەوە نامێنێت.

ڕوداوەکان لەنێو زماندان بۆیە کۆمەڵ وێنەیەکی جێگیریی نەگۆڕیی نییە بۆهیچ ڕوداوێک بەمشێوەیە شکڵ و ناوەڕۆکیی جێگیریش بوونی نییە، لەسەرەتای ڕاپەڕیندا دەربڕینەکانی ( ئازادیی، مافی چارەی خۆنوسین، خۆبەڕێوەبەریی، فیدڕاڵیی، کوردایەتیی، نەتەوایەتی، نیشتیمانپەرەوەریی، ئازادی ژن، مافی کەمئەندام و منداڵان، دامەزراوە، ئیدارە، فەرمانگە، ژینگە، پەرلەمان، ...تاد)  هاتنە نێو زمانەوە یان وردتر بڵێین ئەو دەربڕینانە چالاکبوون، چونکە پێشتریش هەر هەبوون، بەڵام ڕاپەڕین لە ئێستادا ڕاستەوخۆ بووەتە هاوڕێی چەند وشەیەکی تر، کە وەکو کۆمەڵەوشە/Collocation  یان لێ هاتووە، کە لەگەڵیدا چەندین دەربڕین و وشەی تری چالاککردووە، بەناوهێنانی ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ دەسەڵاتێکی گەندەڵ، بەهەدەردانی سامانی گشتیی وەکو نەوت، دزیی، واستە و مەحسوبییەت، خروقاتی هەڵبژاردن، نادادیی، ستەمکاریی، داردەستبوونی  دەوڵەتانی دراوسێ، ئەرزداگیرکردن، دەزگایی سێبەری سەربازیی و ڕاگەیاندن، دادگای ناسەربەخۆ، دواکەوتویی پەروەردە و زانکۆ، وێرانکردنی ژێرخانی ئابوریی، فرۆشتن و ئاودیوی کردنی کەرەستەی پرۆژەکانی ڕژێمی پێشوو، نەبوونی بەنداو و تونێڵ و ڕێگاوبان و ...تاد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×