چۆن تێڕوانینمان بونیاد بنێین؟

عومەر ئەحمەد عەزیز
  2023-01-31     498

م بابەتە توێژینەوەی زانستیی نییە و داتا و دەرئەنجامی نییە، بابەتی  پەرەپێدانی مرۆییش نییە،  وەکو لە ناونیشانەکەیدا وا دەرەئەکەوێت کە پێمان بڵێت چی بکەین و چی نەکەین، تەنها ڕای نوسەرە لەبارەی ئەوەی،  کە ئێمەی مرۆڤ چۆن و بەچی شێوازاێک ئاراستەی بۆچونمان بۆ دروست دەبێت؟ ئایا پێویستە بەدوای ئایدۆلۆژیا، یان ڕێچکەیەکی بیرکردنەوەدا بگەڕێین بۆ ئەوەی دنیای پێ ببینین وەکو چاویلکە؟ یان نەخێر داینامیکیانە و دەتوانین زوزو پێداچونەوە بە بونیادی بیرکردنەوەماندا بکەین؟ ئایا زانست هیچی هێشتۆتەوە بۆ بیرکردنەوەیەک لە دەرەوەی خۆیدا؟ یان نەخێر هەر شتێک لە دەرەوەی زانستدا بوو دەبێتە حیکایەتێک و هیچی تر؟  ئایدۆلۆژیا چۆن ئاراستەی بیرکردنەوەمان دەکات، تێڕوانینمان تا چەند پەیوەستە بە زانستەوە؟  بابەتەکە ئەیەوێت لەو پرسیارانە بکۆڵێتەوە و بیانخاتە بەرباس.

 

زانست و تێڕوانینەکانمان

 

دنیای ئێستا، دەتوانین بە دنیای زاست ناو ببەین، ڕوداوێک ڕوبدات، دیاردەیەک بێتە بوون، ڕاستەوخۆ دەبێتە کەرەستەی چەندین زانست،  هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی دەرئەکەوێت ئەوەیە، لە ئێستادا  یەک فۆرمی خوێندنەوە و بەکارهێنانی یەک زانست ناتوانێت کۆی ڕاستییەکانیی ئەو دیاردە، یان ڕوداوەمان پیشان بدات، چونکە هەر زانستێک دەتوانێت بەپێی ئەو میتۆدەی لەسەری دەڕوات و بەپێی ئەو ڕێبازەی دەیگرێتەبەر تەنها گۆشەیەکی ئەو دیاردەیە، یان ئەو ڕوداوە ببینێت، تەنانەت زانستەکان زۆرجار تەنها ڕێژەیەکی دیاردەکە دەخەنەڕوو، بۆ نمونە زانستێکی وەکو کۆمەڵناسیی ئەگەر بیەوێ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی وەکو جیابونەوەی ژنومێرد لێکبداتەوە لە شارێکدا، بەپێی ئەو سێرڤەیە یان ئەو ڕێگا کردارییەی داتاو زانیاریی پێ کۆدەکاتەوە ناتوانێت ڕاستیی تەواو  لەبارەی ئەو دیاردەیەوە بخاتەڕوو، چونکە توێژینەوەکە تەنها کاریگەرییەک، یان ڕۆڵی شتێک لەسەر دیاردەی جیابونەوە،  فاکتەرێک دەخاتە ڕوو، ئینجا بیربکەینەوە چەند توێژینەوەی ترمان پێویست بێت بۆ ئەوەی کۆی ڕاستییەکان بزانین لەبارەی جیابونەوەوە، ئەمە تەنها  فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان ڕەچاوبکەین، خۆ ئەگەر بازنەکە فراوانبکەین بۆ فاکتەرە دەرونیی و ژینگەیی و یاسایی، سیاسیی...تاد ئەوا ئەوکات تێدەگەین ئێمە لەڕێگەی توێژینەوەیەکەوە، یان تەنها زانستێکەوە ناتوانین کۆی ڕەهەندەکانی ڕوداوێک ببینین.

بیرکردنەوە لەسەردەمی زانستدا زۆر قورسە بتەوێ هەندێ دەرئەنجامگیریی گشتیی بکەیت لەسەر ڕوداوێک، یان دیاردەیەک، چونکە وەکو وتمان بچوکترین ڕوداو لە دنیای زانستدا ڕاستەوخۆ دەبێتە کەرەستەی چەندین زانست.

 

کەواتە چۆن تێڕوانینمان بونیات بنێین؟

یەکێک لە قورسترین ئەو پرسیارانەی کە دەکرێن بۆ دنیای ئەمڕۆ بریتییە لەوەی تۆ ڕات چییە؟ چۆن بیردەکەیتەوە؟ سەربەکام ئایدۆلۆژیای دیاریکراویت؟ 

دیارە ئێستا لەبەر زۆریی و جەنجاڵیی زانیاریی و داتا و ئەو هەموو قوتابخانە فیکریی و زانستییە، مرۆڤ زۆر قورسە بتوانێت بەتەواوی وجود و مەعریفە و بڕوای خۆیەوە تەنها لەیەک گۆشەنیگاوە دنیا ببینێت، بەڵکو ئەو فۆرمەی ئێستا ژیان بەڕێوەئەبات داوات لێدەکات پێویستت بە ڕاگرتنی هاوسەنگیی و گرتنەبەری باشترین بژاردە بێت  بۆ بڕیاردان و تێگەشتن لە ڕاستیی یان نزیک لەڕاستیی شتێک،  تۆ ناتوانیت لەیەک ڕوانگەیەوە بۆ کۆی کێشمەکێش و جەنجاڵییەکانی ژیان بڕوانیت، لەبەرانبەرا ئەو دیدەش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، کە پێی وایە تۆ بۆ ئەوەی دنیا بخوێنیتەوە پێویستت بە ڕوانگەیەکی دیاریکراوە، پێویستت بە چوارچێوەیەکی بیرکردنەوەیە، بەڵام ئەوەی ئەم دیدە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، زانستە، لە زانستدا هیچ چوارچێوەیەکی جێگیر و داتاشراو و ئامادە نییە بۆ لێکۆڵینەوە، بەپێچەوانەوە زانست لەگەشەکردندایە، خۆی ڕەخنە دەکات و پێش خۆی گەشە پێدەدات و  هەندێکجار ڕەتی دەکاتەوە، خەسڵەتێکی زانست ئەوەیە ئێستاییە/ وەکو سوسێر ئەڵێ ( سینکرۆنیکە) دەیەوێ ئێستای دیاردەیەک لێکبداتەوە.

 

مەسەلەی تیور و تێڕوانین، تیور بەمانای زانست

سیمایەکی  تری دنیای ئەمڕۆ بریتییە لە زۆریی تیور و ڕێچکە جیاوازەکان لە زانستدا،  ئەمەش دیسانەوە ئاستەنگە لەبەردەم کەسێک کە ئاگاداریی دنیابێت و بتوانێت بڕیاربدات، پێی وابێت و قسەی هەبێت لەسەر شتێک!

با بڕوانیینە زانستێکی وەکو زانستی زمان، جاران زمان لە خزمەت زانستەکانی شەریعەتدا بووە، بەڵام لەسەدەی بیستەمدا هەوڵدرا زمان لەپێناو خۆیدا لێیبکۆڵرێتەوە بەمجۆرە بو بەزانست و ناوی نرا زانستیی زمان، بەوجۆرەش پێناسەکرا کە لێکۆڵینەوەیە لە زمان بەشێوەیەکی زانستییانە،  لەوکاتەوە تا ئێستا زانستی زمان زیاتر لە پەنجا وەچەزانستی تری لێبووەتەوە، وەکو زمانەوانی دەرونیی، کۆمەڵایەتیی، درکپێکردن، کۆمپیوتەریی، ژینگەیی، هێماناسیی، زمانەوانی کارەکیی، زانستی دەق و گوتار.، زانستی زمانی دەمارناسیی..تاد هەریەک لەم لقەزانستانە یان ڕاستتر بڵێین زانستانە تیور و ڕێچکە/Approach و مۆدێل و وەچە تیور و پرۆگرامی تایبەت بەخۆیان هەیە و لەجیهاندا سەدان هەزار توێژینەوە لە هەریەک لەم بوارانە بڵاوکراونەتەوە، کە هەر یەک لەو توێژینەوانە لەسەر لایەنێکی نێو زانستەکە بووە، بۆیە لەنێو زانستیی زماندا هیچ تێڕوانینێک، بۆچونێک ، دیدێک جێگەی بۆ نەماوەتەوە، مەگەر لەچوارچێوەی لقێکی زانستەکەدا و بەتیور و ڕێبازی ئەو زانستە نەبێت، ئەمەش دیسانەوە پانتایی قسەکردن لەسەر شتەکان تەسک دەکاتەوە بەجۆرێک تۆ ناتوانی قسە لەسەر دیاردەیەک بکەیت لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو بەبێ ئەوەی بگەڕێیتەوە بۆ زانستێک، یان بەبێ ئەوەی میتۆدێکی زانستیی بگریتەبەر.

 

ئایدۆلۆجیا و خوێندنەوەی ئایدۆلۆجیییانە

پرسێکی تر پەیوەستە بەم بابەتەوە، مەسەلەی ئایدۆلۆجیایە، دیارە ئەگەر چەمکەکە بەگشتیی وەربگرین زەحمەتە بتوانین وتاکەی بەتەواوی بیپێکین، چونکە ئایدۆلۆجیا باکگراوندی هەموو بۆچون  و فکرێکە، تەنانەت پرسی ئەوەی زانستیش دەخرێتە خزمەتی ئایدۆلۆژیاوە، پرسێکە قسەی لەسەرکراوە بەوەی زۆرجار وڵاتانی زلهێزی وەکو چین و ئەمریکا یاری بە دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانەوە ئەکەن بۆ مەبەستی ئایدۆلۆژیی، وەکو لە نەخۆشی کۆرۆنا بینیمان لەنێوان چین و ئەمریکادا.

بەدەر لەمانەش ئایدۆلۆژیا دێتە نێو زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە تۆ بڕوانە مێژوو، ئەگەر وەکو توێژینەوەی زانستیی وەریبگرین بەدڵنیاییەوە زانیاریی و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگە و بەیاز و دیکۆمێنتە مێژووییەکان تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیا دەبن، ئەم پرسە پێویستیی بە توێژینەوەی ورد هەیە، بەڵام ئەگەر بەمانا تەسکەکەی وەربگرین کە بریتی بێت لەو فۆرمە ئایدۆلۆژیانەی لەسەدەکاین پێشوترەوە برەویان هەبووە تا ئێستاش ماون و خەڵکانێک بڕوایان پێی هەیە وەکو مارکسییەت و ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆژیای دینیی...تاد لە ئێستادا خراونەتە پەراوێزی سیستەمی جیهانییەوە و لەگەڵ گیانی سەردەمەکەدا کێشەیان هەیە و پانتاییان بچوک بۆتەوە بۆ جوگرافیای زۆر کەم و کەمینە لەزۆر وڵاتدا،  ئەوەی لێرەدا گرنگە قسەی لەسەر بکەین، ئەوەیە ئایدۆلۆژیاکانیش چوارچێوەی بیرکردنەوەن بۆ پرسە مرۆیی و مادییەکان کەواتە ئاراستەی بیرکردنەوەمان ئەکەن، هەرچەندە هیچ ئایلدۆلۆژیایەک نییە بەیەک ڤێرژنەوە تا ئێستا مابێتەوە بەڵام کۆی ڤێرژنەکانیش دیسانەوە مرۆڤ بەجۆرێک ئاڕاستەئەکەن کە بۆچونەکانیان تەنها دیوێکی بابەتێک، دیارەدەیەک بپێکن چەندین ڕەهەندی فەرامۆش ئەکەن، ئەمەش پەیوەندی بەسروشتی خودی ئایۆلۆژیاکانەوە هەیە بەگشتیی نەک ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو.

 

ڕێبازی تەواوکەریی/complementary method 

 سەیرکردنی شتێک بە زیاد لە تیور، مۆدێلێکی بیرکردنەوە.

دیارە ئەم ڕێبازە بەپێی زانستەکان مانای جیاواز ئەگەیەنن، لەزانستی پزیشکیی و زانستیی زمان و ...تاد،  لە ئەدەبیاتدا دوای ئەوەی هەندێک توێژەر وتیان دەقی ئەدەبی دەکرێت لە زیاد لە ڕەهەندێکەوە لێی بکۆڵرێتەوە پێشنیازی ڕێبازێکیان کرد بتوانێت ڕێگە بەتوێژەر بدات ڕەهەندی دەرونیی و کۆمەڵایەتیی و مێژوویی ...تاد  لە دەقێکدا بەیەکەوە بخوێنێتەوە، نەک توێژەر ناچار بکرێت لەدەقێکدا تەنها پشت بەیەک ڕەهەند ببەسێت، بۆ ئەوەی توێژەر بگاتە خوێندنەوەیەکی گشتیی و هەمەلایەن کە پانتاییەکی زۆرتری دەقەکە شیبکاتەوە و ماناکانی لێکبداتەوە.

 ئەم ڕێبازە بۆ تێڕوانینی مرۆڤیش شیاوە، واتە لەکاتی شیکردنەوە و خستنەڕووەکاندا سود لەزیاد لە ڕێبازێکی بیرکردنەوە وەربگیرێت بەجۆرێک بخرێنە خزمەتی یەکترەوە، یەکتر تەواو بکەن نەک دژی یەکتر بوەستن.

 

بیرۆکەی ڕێژەیی، خراپییەکانی و باشییەکانی 

بیرۆکەی ڕێژەیی لە ئەنشتاینەوە برەوەی سەند بەوەی شتەکان تەنها کاتێک گرنگن، کە بکەونە پەیوەندییەوە لەگەڵ شی تردا، هەر بۆیە ئەنشتاین گەشتە دەرئەنجامی ئەوەی کات ڕێژەییە/Relativeneesنەک ڕەها بێتabsolute، ئەم بیرۆکەیە هاتە نێو هەموو زانستەکانەوە هیچ زانستێک ڕەها نییە ئەگەر لە چەند ڕاستییەکی بڕاوەش ڕەها بێت، دوبارە ڕێژەیی بوون پانتاییەکی زۆری زانستەکە داگیردەکات، لە زانستەمرۆڤایەتییەکاندا بڕی ڕێژەییبوون زیاترە، چونکە زانستیی مرۆڤایەتیی مامەڵەیە لەگەڵ بونەوەرێک کە بەدەر لە لایەنی مادیی و جەستەیی، لایەنی پرۆسە هزریی و دەرونییەکانی دیوێکی گرنگن لایدا ، لایەنی پرۆسەی هزری مرۆڤیش، کە زۆرجار بەمانای دەرونیش دێت، تا ئێستا بەتەواوی نەتوانراوە لێکبدرێتەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێت، تەنانەت نیرۆلۆژیی و پسپۆڕیی مێشک بە ئامێرە پێشکەوتووەکانی f-Mri و سیتی سکانیش ناتوانرێت بزانرێت مێشک بەتەواوی چۆن زانیاریی پرۆسیس ئەکات، زمان لەکوێی مێشکدایە و پرۆسەی بەچەمککردن و لێکدانەوە چۆن ڕودەدەن، بۆیە بۆچونەکان ڕێژەیین لەم بارەیەوە.

ئەم ڕێژەیی بوونە کاریگەرییان لەسەر تێڕوانینەکانی مرۆڤ دەبێت، بەوەی بەڕێژەیی سەیری ڕوداوەکان بکات، قسەیەک بکرێت، ڕەنگە بەرانبەرەکەشی بەشێکی تر لە ڕاستیی تیابێت، ئەمە بەدیوێکی تریشدا کێشە بۆ مرۆڤ دروست دەکات و ڕاڕای دەکات، وای لێدەکات زو زو بۆچونەکانی بگۆڕین و چاسکازییان تێدابکات، ئەگەریش پێداگر بێت لەسەر یەک بۆچوون دیسانەوە لەڕاستیی شتەکان دوردەکەوێتەوە، زۆرجار مرۆڤ هەست بەوە دەکات ئەوەی دەیڵێت بەشێکی ڕاستییەکەیە و قسەی تریش هەیە، کە دژ دەوستێتەوە بەو بۆچونە،  بۆیە هەوڵدەدات پاساوی بۆچونەکەی خۆیان بدەن لە کاتێکا ئەزانن بەرانبەرەکەش بەشێکی ڕاستییەکەی لایە، هەر بۆیە لەنێوان دوبەرداشا مرۆڤ ناچارە بڕیار بدات، ئەگینا بڕیاردان قورس دەبێت، لەم بارەدا جیاوازییەکی زۆر دەبینین لەنێوان ڕۆژئاوایی ڕۆژهەڵاتیدا ڕۆژئاواییەکان لەبەر ئەوەی بەرهەمی کۆمەڵگەی زانستیین، هەمیشە لە وتەکانیاندا خۆیان بە دور ئەگرن لە بڕیاردانی گشتیی، بەڕەهایی قسەکردن، حوکمدانی ئەخلاقیی ...تاد بەڵکو هەمیشە ئەیانەوێت هاوسەنگیی بپارێزن، شتەکان نزیک بکەنەوە لە ڕاستیی، زیاد لەڕهەندێکی شتەکە لێکبدەنەوە....تاد.

 

ئاین و ئایدۆلۆجیا:

ئەوەی زۆر سەیر دێتە پێش چاو ئەوەیە بەدەر لەوەی ئێمەی مرۆڤ هەریەکەمان دەکەوینە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیا، زانست، یان هەر بیرۆکەیەکەوە و دەیکەینە سەرچاوەی زانیاریی و هەڵهێنجانی مەعریفیمان، شتکی تریش هەیە  دیسانەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، کە مرۆڤ زۆر ئاستەنگی دێتە پێش لە بڕیاردان و دروست بونی ئاڕاستەی بیرکردنەوەکانی ئەویش ئەوەیە، کە تەنانەت تاکە ئایدۆلۆژیایەکیش هەڵگری زیاد لە دید و ڕەهەندێکە، تەنانەت گەورەتر لە ئایدۆلۆژیا، دیاردەی ئاینە، ئاین سەرەڕای ئەوەی دەقێکە، کەچی بەدەیان تێگەشتنی جیاواز هەیە لەبارەیەوە، کە دەشێت مرۆڤ زۆرجار باوەڕی بەزیاد لە تێگەشتنێک هەبێت، بۆ نمونە لەئاینی ئیسلامدا قورئانییەکان پاساو و بەڵگەی خۆیان هەیە، لەبەرانبەرا مەدخەلیی و وەهابیی و سەلەفیی و جیهادییەکانیش لەزۆر خاڵدا جیاوازن، بەدەر لە مەزهەبەکان و تەسەوف و عیرفانییەت، لێرەدا مرۆڤ دەکەوێتە کەڵکەڵەی ئەوەی، کە بۆ ئەوەی پەرت نەبێت پێویستە یەک تێگەشتن بکاتە ڕۆشنایی بۆ بیرکردنەوە لە ئاین، کەچی لە هزریشیدا دەزانێت تێگەشتنەکانی تریش هەڵگریی پاساو و بەڵگەن.

 

بیرکدنەوە و ئازادیی

چەمکی ئازادیی بەدەر لەڕەهەندە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکەی، ڕەهەندێکی تاکیی و خودیشی هەیە، مرۆڤ تا ئازاد نەبێت بەتەواوی ناتوانێت بیربکاتەوە، بۆیە زۆرجار ئەوترێت فڵان یا فیسار کەسێکی ئایدۆلۆژیی، کۆنزەرڤاتیڤە واتە هەمیشە کڵێشەیەکی هەیە بۆی ئەگەڕێتەوە، قاڵبێکی هەیە هەموو شتێکی پێ ئەخوێنێتەوە و ئەیەوێت شتەکان بتاشێت بەپێی قاڵبەکەی خۆی، لەکاتێکدا مرۆڤ پێویستیی بەوەش هەیە، کە خۆشی لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەموو پێشنیاز و بیرکردنەوانەی پێش ئەو هەبوون دنیا ببینێت، ئازادیی هەبێت لە بیرکردنەوە و زانین و ناسینی شتەکان، بەپێچەوانەوە زۆرجار مرۆڤی ئایدۆلۆژیست، یان ئەوانەی تەنها لەیەک ڕوانگەوە بۆ هەموو شتێک ئەڕوانن، توشی هەڤدژیی و ناکۆکیی دەرونیی و هزریی ئەبن لەگەڵ خۆیاندا، چونکە کڵێشەکەیان ئازادیی لێ زەوتکردوون، وەکو چۆن ئەفلاتۆن ئەڵێ: ((بیرکردنەوە بریتییە لە قسەکردنی ڕۆح لەگەڵ خۆیدا))، کەواتە بۆ ئەوەی بیربکەینەوە پێویستمان بەوەیە لە ڕۆحی خۆمان زۆر دورنەکەوینەوە، تەنها بۆئەوەی بیکەن بەبیانووی ئەوەی  بڵێین چوارچێوەیەکی بیرکردنەوەمان هەیە و لەڕێگەیەوە دنیای پێ ئەخوێنینەوە.

 

فەلسەفەی ئەخلاقیی / eihical  approach 

فەلسەفە لە کۆندا جێگەی زانستیی گرتبووەوە، بەگشتیی بەدرێژایی مێژوو دو جۆر لەفەلسەفە هەن، یەکێکیان فەلسەفەی ئەخلاقییە، ئەویتریان فەلسەفەی عەقڵانییەتە بۆ خوێندنەوە و ناسینی دیاردە و ڕوداوەکان، دیارە یەکەمیان فەلسەفەیەکی میتافیزیک و نزیک لە ئاینەوەیە دووەمیان لە ئێستادا زانست جێی لەقکردووە سەرەڕای ئەوەی زۆر توێژەر تا ئێستاش فەلسەفە بەگرن ئەزانن بۆ ژیان.

فەلسەفەی یۆنان بەتایبەتیی سوقرات، ئەفڵاتون و ئەرستۆ، بە فەلسەفەیەکی ئەخلاقیی دادەنرێن، لە هێڵە گشتییەکاندا نزیکن لەیەکەوە ئەم فەلسەفەیە پێی وایە پێویستە ئەخلاقییانە بڕیاربدەین و بیربکەینەوە، بۆ نمونە فەزیڵەتەکانی ، بەزەیی، ڕاستگۆیی، هاوسۆزیی، یارمەتیدان، گرنگیدان، چاکە بەگشتیی بکرێتە بنەما بۆ بونیادنانی بیروبۆچونەکانمان لەبارەی جیهانەوە، بەڵام کێشەی ئەم دیدە ئەوەیە تا چەند یارمەتی مرۆڤ دەدات بەپێی کۆمەڵگە جیاوازەکان و کلتورە لۆکاڵییەکان و سەردەمە جیاوازەکان پیادەی بکەین؟ ئایا فەزیڵەتەکان ڕەهان بۆ هەموو کات و شوێنێکن یان ئەمانیش دەکەونە ژێر جەبری ڕێژەییبونەوە؟  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×