Consumerism/ بەرخۆریی، بەکاربەریی  

عومەر ئەحمەد عەزیز
  2024-01-22     278

زاراوەکە، بەرانبەر الاسهلاكیة ی عەرەبیی و مصرف گرایی  فارسیی دەوەستێت، مەریوان وریا قانع بەرخۆریی بەو کۆمەڵگایانە دەڵێت، کە بەرهەمهێن نین، لەکوردیدا، ئەشێ بەکاربەریی، یان بەرخۆریی بۆ هەمان واتا بەکاربهێنین، 

چەمکی بەرخۆریی لەپێناسە باوەکەیدابریتییە لە بەکاربدرنی زیادلەپێوێستیی ماددە، هەر لەخواردنەوە بیگرە تا جلوبەرگ و کۆی شێوازی ژیان.

بەکاربەری ئابووری ئاماژەیە بۆ ئەو باوەڕەی کە زیادکردنی بەکارهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی خەڵک زۆر پێویستە بۆ ئابوورییەکی تەندروست.  لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە خەرجییەکانی بەکاربەر گەشە و خۆشگوزەرانی ئابووری دەباتە پێشەوە.  ئەم ڕوانگەیە ئاستی بەرزی بەکاربردن بە ئەرێنی دەبینێت، کە سوودی بۆ بازرگانییەکان، حکومەتەکان و چالاکییە ئابوورییە گشتییەکان هەیە.

 

پێناسەی کۆمەڵناسی

 بەکاربەری کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ گرنگیدان بە بەدەستهێنانی موڵک و ماڵی ماددی و بەکارهێنانیان بۆ پێناسەکردنی ناسنامە و پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ.  ئەم جۆرە بەکاربەرییە زۆرجار بریتییە لە کڕینی شتەکان لە دەرەوەی ئەوەی مرۆڤ لە ڕاستیدا پێویستی پێیەتی، کە بەهۆی ڕیکلام و بازاڕکردن و فشاری کۆمەڵایەتییەوە دەجووڵێت.  ڕەخنەگران دەڵێن ئەم گرنگیدانە بە بەدەستهێنان دەتوانێت ببێتە هۆی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی وەک قەرزی زۆر، زیانگەیاندن بە ژینگە و کەمبوونەوەی خۆشگوزەرانی.

واتە لە جیهانی زانست و فیکریشدا چەمکی بەکاربەریی لایەنی نەرێنی و ئەرێنی خراوەتەڕوو، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە دیوە نەرێنییەکەی کە دەرئەنجامی خراپیی ئابوریی و ژینگەیی دەبێت، 

 

Manufactured Desireچێژی دروستکراو  و بەرخۆریی

ئەم زاراوەیە تەمەنی لەسەدەیەک تێپەڕ ناکات بەو مانایەی ئەمڕۆ، لەبواری ئەکادیمیاشدا بەکار هێنڕاوە، زاراوەکە پەیوەندی بە مارکێتینگ و بەکاربەریی و بەرخۆرییەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشەدا لە بواری میدیادا زۆر بەکار دەهێنرێت لە تویژینەوەکاندا جەخت لەسەرە ئەوە کراوەتەوە، کە میدیا ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی چێژ بۆ کۆمەڵگا، لەڕێگەی پڕوپاگەندە و ڕیکلام و خستنەڕووی بەرهەمی کۆمپانیا جیاوازەکانەوە، بەهەرحاڵ لەبواری فەلسەفەشدا زاراوەکە ئاماژەیە بۆ ڕەخنەگرن لە سستەمی سەرمایەداریی، کە چۆن دەیەوێت مرۆڤ ڕامبکات، چێژێکی بۆ دروستبکات کە هی ئەو نییە، واتە بەشێک نییە لە بوونی مرۆڤ، یان چێژەکە دروستکراو و نائەخلاقییە، ئامانجیش لێی ئەوەیە مرۆڤ ببێتە  دیل و کۆیلەی چێژەکانی و بەکاربردنی شتانێک کە پێویستی نین، کۆمپانیاکان بیر لەوە دەکەنەوە، مرۆڤ وا لێبکەن کە هەگیز نەتوانێت بەو پارەیەی دەستی دەکەوێت بتوانێت پاشەکەوتی هەبێت و لە پرۆژەی تردا بەکاری بهێنێتەوە، بەڵکو دەیان بەرهەمی جۆراوجۆری بۆ دروستدەکەن، بەجۆرێک دەتوانن ئاڕاستەی حەزەکانی بکەن، سەرنجی ڕابکێشن بۆ ئەو شتەی کە دەیانەوێت، ئەمەش وادەکات، مرۆڤێکی ڕامکراو دروستببێت کە لەڕێگەی خواست و ویست و حەزەکانییەوە بۆ بەکاربردنی زیاد  لەپێوێست بەئاسانیی ئاڕاستەبکرێت و بکرێتە دیلی ئەو حەزو و خواستانەی کە هەیەتی و بۆی دروستکراوە، ئاهەنگەکانی سەری ساڵ چێژێکی دروستکراوی کارگەیین، دیارە دیاردەکە پەیوەندی بە ئاهەنگی سەری ساڵەوە نییە، هەر ڕوداوێک لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا ڕوبدات ڕاستەوخۆ دەچتەوە نێو ئەم پەیوەندییانە، بۆیە سەری ساڵ ڕوداوێکی ئاڕاستەکراو و دروستکراوە، کەرەستەیەکی خاو و مادەیەکە بۆ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە دەیان هەزار داری کریسمس و گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ و یاری ئاگرین بفرۆشن، هەروەها ئاهەنگەکان تێچوویەکی زۆریان هەیە لەڕوی  زەخرەفە و ڕازاندنەوە و خواردن و خواردنەوەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەچێتە ژێر ئەو پێناسەیەی کە دەترێت ئەمانە چێژگەلێکی کارگەیین و دروستکراون/manufacturing  desire.

پێش ئەوەی دەستپێبکەم، من نە لە ڕوانگەی ئاینییەوە دەنوسم، نە ڕوانگە و پاشخانیی چەپانە هانم دەدات بۆ نوسینی ئەم بابەتە، نە دژەئەمریکایشم وەکو فیکر ، بەڵام مرۆڤ بونەوەرێکی مەعنەوییە، شتانێک ڕای ئەگرێت،  وای لێدەکات ئێستێک بکات و ڕابمێنێت و بیربکاتەوە و بڕیاربدات، هەڵوێستیی هەبێت، ئەم بابەتەی منیش هەرلەو سۆنگەیەوەیەکە ڕایچڵەکاندمو بیرم کردەوە، کە مرۆڤایەتیی چەند دور کەوتۆتەوە لە سروشتیی خۆی، لە فەزیڵەتە ئەخلاقییەکان، لە فەلسەفەی ئەخلاق، لە ئاین وەکو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەکانی نێوی، چۆن دەستبەرداری یەکسانیی و دادگەریی و بەزەیی و دەستی هاوکاریی درێژکردن و گیانی هاوکاریی بووە، سەیرتر لەمەش نوسەر و توێژەرەکانی ئەم سەردەمەش زۆرینەیان، پێیان وایە تەنها دەبێت پۆزەتیڤیست بین، ڕوداوەکان وەکو خۆیانببینین، مامەڵە و هەڵسوکەوتی واقعییان لەگەڵا بکەین، بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ بەهایەک و بنەمایەکی ئەخلاقیی  و ئینسانیی، بەڵکو ئیشی تۆ ئەوەیە زیاتر بزانی، زمان بزانی، تەحلیل و شیکاریی بکەیت، چەند ڕاستییەک و فاکتێک بخەیتەڕوو، بەبێ ئەوەی هەڵوێستە بکەی، ڕابچەڵەکێیت، بیربکەیتەوە، هەوڵبدەی ژیان لانی کەمی ئەخلاق، بەها ئینسانییەکانی وەکو یەکسانیی، دادگەریی و هاوکاریی...تاد ڕەچاو بکەیت.

 

کریسمس  و بەرخۆریی

بابەتی جیهانگیریی و بچوکبوونەوەی دونیا بۆ گوندێکی بچووک، قسەی لەسەرکراوە، ڕەخنەش کراوە ئەوانەی لەبەرەی ئەو بۆچوونەن کە هێشتا بەشێکی زۆری جیهان کلتوری نێوخۆیی دەیباتەڕێوە، جیهانگیریی بەمانا زەقەکەی وەهمێکە و کاریگەریی نەرێنیشی زیاترە، چونکە دەبێتە سڕینەوەی جیاوازییەکان کە تایبەتییەکی سروشتیی مرۆڤایەتییە، بەڵام ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی بواری مادیی و مەعنەوەیی کە گوزارشتن لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا، نمونەی باڵان بۆ جیهان و کلتور و زمان و ئەدەبیات و هونەر، مێژوویان دەبنە نمونەی ئایدیاڵیی و کۆمەڵگاکانی ترشوێنیان دەکەون و لاساییان دەکەنەوە، بڕوانە لاسایی شەقامی ئێرانیی و بەتایبەت تەهرانی پایتەختی ئێران بۆ هونەر و زمان و جلوبەرگ وشێوازی ژیانی ئەمریکییەکان، لەکاتێکدا قەرار وایە ئێران نوێنەرایەتی هەموو هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاوست و جیهانی دەرەوەی ئەمریکا بکات وەکو بلۆکی دژە ئەمریکایی و شەڕی کلتوور و ئاینی بکات لەگەڵیا، بەهەرحاڵ ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین ئەوەیە، ئەمڕۆ هەموو ڕوداو و دیاردەیەکی نێو دنیای ڕۆژئاوا و ئەمریکا بوونەتە ڕوداو و دیاردەی گەردونیی، پیرۆزڕاگرتن  یادکردنەوە و ئاهەنگی سەری ساڵ/New Years Eve ڕوداوێکی گەردونییە، دەبێتەوە بەبەشێک لە کەرەستەکانی جیهانگیریی و ئێمەی کوردیش دوور لەو دیدەی پێیوایە ئێمە دابڕاوین لەجیهان، دەبینەوە بەبەشێک لەو جیهانەی کە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا نوێنەرایەتی دەکەن و لەژێر جەبر و کاریگەریی ئەو ڕوداوانەین، لێرەوە ڕوداوی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دەبنە ڕوداوی گەردونی لەوپەڕی پاریس، میونشن و لەندەن و نیوۆرک و لاس ڤیگاس و میماییەوە بۆ سەهۆڵەکە و قەڵای هەولێر و سەنتەری شاری دهۆک هەمان ئاهەنگین تێدا بەڕێوەدەجێت و بەهەمان فۆرم ناوەڕۆکەوە...تاد

 

سڕینەوەی جیاوازیی کۆمەڵگاکان

هیچ ڕوداوێک، دیاردەیەک بوونی نییە پێیەکی لەنێو مێژودا نەبێت، ئەوەی ئێستا ڕوئەدات بەشێکی بریتییە لە ڕەگە مێژوویەکەی، بوونی ڕوداوی سەری ساڵ بە ڕوداوێکی  جیهانگیر پاشخانەکەی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە گەلانی مەسیحی، واتە ئەمریکا و ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕوسیا تاڕادەیەک، نوێنەرایەتی ئەم یادە ئەکەن، کە بریتییە لە سەری ساڵی نوێی زاینیی و لەدایک بونی عیسای مەسیح، کە ڕەگی ئەم ڕوداوە مێژووییە، دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی گەڕیده و قەشە پورتوگالی و ئیسپانییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست و پاشان هاتنی کۆڵۆنیاڵیزم و داگیرکردنی گەلانی ڕۆژهەڵات و  ڕوداوەکانی جەنگی یەکەم ودووەمی جیهانیی و باڵادەستبوونی ئابوریی و سیاسیی و سەربازیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بەسەر گەلانی ڕۆژهەڵات، تا وای لێهات یاد و  بەها و نۆرمە کلتورییەکانیان  بوون بە نۆرم و بەهاو یادی کۆی گەلانی سەر زەوی، ئەم ئاڕاستەیە بەشێکی زۆری جیاوازییە کلتورییەکان دەسڕێتەوە، ئەگینا هەر یەک تۆز هەڵوێستەیەکی فیکریی بکەین بۆچی دەبێت ئێمە ئەو یادە بکەینەوە؟ ئایا سەری ساڵی زاینیی سەری ساڵی ئێمەشە؟ بۆ نمونە کورد یەکگرتنی هۆزەکانی ماننا و دامەزراندی دەوڵەی مادی کردووە بەسەری ساڵ، فارسەکان ساڵی هەخامەنشنیان هەیە عەرەب یان گەلانی موسوڵمان سەرەتای ساڵی کۆچی پێغەمبەر و میللەتانی تریش هەریەکەو ڕۆژمێرێکی خۆیان هەیە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئەوان بۆچی بەشدار نین لەسەری ساڵی ئێمە؟  ئیتر ڕاستییەکە ئەوەیە داگیرکردنێکی کلتوریی لەڕێگەی هێزی نەرمەوە/soft paower ، کە خۆی لە سینەما و ئەدەب، فیکر و پڕوپاگەندە و ڕیکلام و هێزە ئابوریی و ئامادەییە سەربازیی و سیاسییەکانیان توانیویانە گەلانی تر بکەنە پاشکۆی خۆیان، لێرەشەوە کۆی ستایلی ژیانی ئەوان دەبێە نۆرمێک بۆ گەلانی دەرەوەی خۆیان لەو ڕێگایانەی کە خستمانەڕوو. 

لێرەشەوە، گەلانی ڕۆژئاوا لەڕێگەی ئەم داگیرکارییە کلتوریی و زیهنییەوە، میلەتانی تریان کردووە بە بەرخۆر و واین لێدەکەن ببن بەبەشێک لەو سیستمە مۆڕاڵییەی کە خۆیان پێشڕەوی ئەکەن، ئاهەنگەکانی سەری ساڵ بەبێ بوونی ئامانجێکی ئەخلاقیی نمونەیەکی زیندووی بەرخۆریی و زیاد بەکاربەریین،  تێچووی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لەئەمریکا، هەژاریی و داهاتی تاک لە ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، جێی تێڕامانە لێرەدا چەند نمونەیەکی کەم ئەهێنینەوە لەم ڕوەوە:

لە نیوۆرک دەوترێت هەندێک شوێن بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ ئەگەر بتەوێ حجزی بکەیت نرخەکەی لەنێوان 500$ تا 12000 $ دەبن، لە ئیمارات و بەتایبەت لە دوبەی تا نزیکەی 5000 دەچن و لاس ڤیگاس لەنێوان 100 بۆ 500$ دەبێت ئەمە بەشێوەیەکی گشتیی، ئەکرێت ئەمە ناو بنرێت بە ترێندبوون و براندبوونی ڕوکەشگەرایی و ستایلی جل و داری کریسمس و جلوبەرگ حجزکردنی کورسیی حەفلەکان....تاد

 

 چینایەتیی و بەرخۆریی 

یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی بەرخۆریی بریتییە لە لاسەنگ بوونی تەرازوی ژیان، لەشوێکێکدا هەزاران دۆلار بدرێتە قاپێک شەراب، ڕاستەوخۆ دەبێت خێزانێک، چەندین مانگ بەبێ وچان کار بکەن بۆ ئەوەی تەنها بتوانن خواردنیان دەستبکەوێت، کڕینی دارێکی کرسمس بە هەزار دۆلار و حجزکردنی مێزی نانخواردن لە ڕیستۆرانتە گرانبەهاکان و نانخواردنێکی شاهانە، ڕاستەوخۆ یەکسانە بەنەبوونی خواردن بۆ هەزاران کەس، ڕاستییەکی زاستیی هەیە دەوترێت زەویی لەمێژە، یەک ئاو و هەوای هەیە، لەڕوی ڕێژەی دابارین و بەفر و سەرچاوە ئاوییەکان، ئەوەی هەیە ڕێژەکە لە شوێنێکدا زیاد دەکات ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمی لە شوێنیکی تری زەویدا، ئەم ڕاستییە زانستییە بۆ مرۆڤایەتیش ڕاستە، ڕزق و ڕۆزیی و خواردن و جلوبەرگ و موچە و پارە و خانو و دەستی کار، لەسەر بنەمایەکی کارگێڕ ورد و زانستیی، بە لەبەرچاوگرتنی لانی کەمی یەکسانیی و دادوەریی، دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو کەسێک ببێتە خاوەن شوێنیکی نیشتەجێبوون و خواردن و جلوبەرگ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، لەم ماوەیەدا هەردوو جۆری مۆبایلی 23ultre و 24ultre، بەراوردکرد،  کە دوێنێ کۆمپانیای سامسۆنگ نوێترین مۆبایلی خۆی لە زنجیرەیS بڵاوکردەوە، کە 24 ە، لە بەراوردکردنی هەردوجۆرەکەدا بەئاسانی هەست بەوە ئەکەی، مرۆڤایەتیی خەریکی شتانێکە، کە  زۆر بەشەکیی و پەراوێزین، ئەم دیاردە پەراوێزییانە بوون بە ڕۆژەڤ و لە ئاستیی جیهاندا زۆرترین دەنگدانەوەی دەبێت، ئەم چەند دێڕە دژی پێشکەوتن و داهێنان و زانست، نییە بایی ئەوەندەی دەیەوێت بەرگیریی لە مرۆڤ بکات وەکو چەقی ئەم گەردونە، 1300 $ بۆ مۆبایلێک، ئەو پارەیە مانگانەی چەندین خێزانە لە باکوری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەکو دوو جەنجاڵ و قەرەباڵغترین ناوچەی ڕوی زەوی، ئەم شتانە بایی ئەوەن مرۆڤ هەڵوێستەی لەسەر بکات. وەکو پێشتریش وتمان ئەم دیدە نە ئاینییە و نە دیدێکی چەپانەیە، بەڵکو تەنها خستنەڕووی ڕاستییەکی بینراوی هەستپێکراوە، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لانی کەم لەئاسێکدا ڕەچاوی ئەکەن لە ئاستی ناوەوەی وڵاتانی خۆیاندا، بۆیە زۆینەی کۆمەڵگا لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا خاوەن کارە، خاوەن شوێنی نیشتەجێوونە بە هەموو پێداویستیە سەرەکی و خۆشگوزەرانییەکانی واتە هەم کەمالیات و هەم حاجات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×