کوردو گوتارە نۆ خولەکییەکەی جۆن کەنەدی

مەم بورهان قانع
  2019-02-03     1555

وتارە مێژوییەکەی چەند سەعاتێک لەمەوبەری "جۆن کەنەدی"، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، کە لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی دا پێشکەشی کرد و ماوەکەی تەنھا نۆ خولەک و ١٥ چرکە بو، زۆربەمانی توشی شۆک کرد.

دەبێت لەوە دڵنیابین کە چیتر تەنھا چیاکان دۆستی دۆزی رەوای کورد نین لە ھەر چوار پارچەی کوردستان دا، بەڵکو لەناو کۆنگرێسی زلھێزترین وڵاتی جیھانەوە، پێشنیازێک دەکرێت بۆ گەڵاڵەکردنی "پڕۆژەی پاراستنی کورد"، وەکو یەکێک لە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دا.

"جۆن کەنەدی"، جیاواز لە ھەمو کەنەدییەکانی رابردوی ئەمریکا، لە ماوەی تەنھا نۆ خولەک و ١٥ چرکەدا، گێڕانەوەیەکی مێژویی دەربارەی قوربانییەکانی کورد و ئەو تاوانانە خستەڕو، کە لە سەدەی نۆزدە و بیست دا، لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردەوە، بەرانبەر بە کورد کراون، ھەر لە سەرکوتکردنەوە بیگرە، تا وێرانکردنی گوند و شارەکانی کوردستان، تاکو دەگاتە ئەنفال و  رەشەکوژیی و زیندانیکردنی ھاونیشتمانیانی کورد لەلایەن داگیرکەران و  خاپورکردنی گوند و شارەکانی کوردستان و کیمیابارانکردنیان.

ئەم کەنەدییە ٦٧ ساڵەیە، کە یەکێکە لە ئەندامانی کۆنگرێس لەسەر پارتی کۆماری ئەمریکا (پارتەکەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک)، پێشتر ھەم پارێزەر بوە، ھەم سیاسیی و ھەروەھا لە پارتی دیموکراتی ئەمریکیی دا بوە، بەڵام دواتر بوەتە کۆماریی و ساڵی ١٩٩١یش ئەندامی داواکاری گشتیی بوە و ئێستایش ئەندامی ئەنجومەنی پیرانە، چەند سەعاتێک لەمەوبەر پارێزەرێکی دڵسۆز بو بۆ بەرگریکردن لە دۆزی رەوای کورد. "داواکاری گشتیی"یەکی بەرپرسیاربو بۆ بەرگریکردن لە ھەق و مافی رەوای گەلەکەمان، لە ھەر چوار پارچەی کوردستانی داگیرکراودا.

سەرسام بوم بە وشە بە وشەی کۆی گوتارەکەی کەنەدی، کە لەماوەی نۆ خولەک و ١٥ چرکەدا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی دا پێشکەشیکرد. دڵنیام ئەو نۆ خولەک و ١٥ چرکەیەی چەند سەعاتێک لەمەوبەری ئەم کۆنگرێسمانەی ئەمریکا، کاریگەریی گەورە لەروی پێداچونەوە بە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرانبەر بە کورد لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ناساندنی کورد وەکو ھاوپەیمانی وڵاتەکەیان بەجێدەھێڵێت، سەرەڕای ئەوەی دەشێ لە داھاتودا پرۆژەی "پاراستنی کورد لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست" و ناساندنی کورد وەکو "ھاوپەیمانی ئەمریکا"ی لێبکەوێتەوە، کە بەمەیش حکومەتی ئەمریکا ناچاردەکرێت، لە ھەر جێگایەک دا ھەڕەشە بۆ سەر کورد دروستبو،  پشتیوانیی لە کورد بکات و ھێز لە دژی دوژمنەکانی بجوڵێنێت.

دەشێ لەدوای ئەم گوتارە نۆ خولەکیی و ١٥ چرکەییەی "جۆن کەنەدی"یەوە، ئەمریکا بە دیدێکی نوێ و ھەڵوێستی نوێوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورددا بکات، لەم ناوچە پان و بەرینەدا.

"جۆن کەنەدی"، چەند سەعاتێک لەمەوبەر دڵی زۆر کوردی نیشتمانپەروەری خۆشکرد، وەکچۆن دەشێ قسەکانیشی کاریگەریی ھەبێت بەسەر دروستکردنی جۆرێک لە کۆدەنگیی لەناو کۆنگرێسی وڵاتەکەی و کەم تازۆر جادەی ئەمریکیی دا و، ھەروەھا گۆڕانکاریی لە سیاسەتی نوێی ئەمریکادا بەرانبەر بە کورد لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دا، لێبکەوێتەوە.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×