یەکگرتو خاوەنی سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەو فێرگەی هەڵخستنی نەوەکان

ئەبوبەكر هەڵەدنی
  2019-02-05     1082
ڕەنگە دۆست‌و دوژمن، ڕکابەرونەیار، دورو نزیک لەسەر ئەو ڕاستیە کۆکبن کە یەکگرتو ئەکادیمیای پێگەیاندنی تاکی باش‌و فێرگەو قوتابخانەی مرۆڤی سەلارو دەوڵەمەندە بەسەرمایەکی مرۆیی کەم وێنەو لەم بوارەدا کەس لەیەکگرتو ناچێت‌و یەکەمی بێ ڕکابەرە.
تەنانەت لەهەرشوێنێ تاکی دڵسۆزوو خوێندەوارو هۆشیارو بەسەلیقەو هێمن‌و خاوەن ئاکاری بەرزت بینی ئەوە مارکەی یەکگرتوە.

دەشێ ئێمەمانان‌و خەڵکی دیش قسەمان لەسەر ئەدائی سیاسی یەکگرتو هەبێت کەبەم پێکهاتە نمونەییە وە دەبوایە سەرکەوتن وگۆڵی زیاتری تۆماربکردایە، بەڵام کەس نیە ڕۆڵی ئەندام‌و کادیروسەرکردە کانی یەکگرتوو لەئاشتی کۆمەڵایەتی وڕایەڵەی تۆکمەیی خێزان وبونیان لەناوفەرمانگەو دامەزراوەکانی میری وڕێكخراوە مەدەنی وناحکومیەکان نادیدە بگرێ ودان نەنێت بەوجیاکەرەو وناوازەییەی پێکەوە گرێدانی دروشم‌و ئاکارو دینداری ڕاستەقینەو کوردایەتی ڕەسەن‌و هەناسە نیشتیمانپەروەری‌و جەوهەرە مرۆڤ دۆستیەکەی لەقافڵەی یەکگرتودا.

ئەوەی جێگای داخە دەسەڵاتی بەرچاوتەنگی کوردستان نەیهێشتوەو نایەوێ بەپاڵنەری بیرکردنەوەی تاسەر ئێسقان حزبیانەی تەسک کوردەواری ودامەزراوە نیشتیمانیەکان بەهرەمەند بن لەووزەو توانای یەکگرتوەکان بۆکەمکردنەوی دزی،خراپەکاری،بەهەدەردانی ماڵی گشتی،بەڵکو بەپێچەوانەوە تائێستا لەزۆر جێگای ئەم باشورە یەکگرتوبون بۆتە مایەی بێبەشی‌و پەراوێزخستن وهەڵاوێردن لە بەدەستهێنانی بچوکترین مافی هاوڵاتی بوون.

لەلایەکی تر لاوازی هۆشیاری هەندێ خەڵکی زراو تۆقیو لەدەسەڵات کەڕۆزی دەری‌و پەروەردگاری خۆیان بیرچۆتەوە، ئەم توخمەش کەمی نەکردوە لەدوورخستنەوەی کەسەشایستەو لێهاتوەکان بۆجومگەکانی حوکمڕانی، ئاخر تۆ ئامادەبیت کوڕوکچەکەت بدەیتە دەست یەکگرتو تا لەوسەرەوە مرۆڤێکی پەروەردەکراووتێگەیشتو لەژیانت وبەرپرسیار بەرامبەر ئەوانی دیت بدەنەوە دەست کەچی لەسەروبەندی دەستنیشان کردنی کەسی شیاو بۆشوێنی شیاو بەبالۆرەو حیکایەتە سواوەکان تەفرە بخۆی وشاهیدی بەهەق نەدەی.

یەکگرتوو دەرکی پێداویستی هەنوکەیی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی کردوە،ئێمە لەخاکی بەپیت‌و سەرچاوەی ئاوی سازگارو ژینگەی جوان‌و دەرامەت‌و كانزای گرانبەهامان کەم نیە،بەڵکو لەمرۆڤمان کەمە، بۆیە هاتوە مرۆڤی کردۆتە سەنتەری بیرکردنەوەو ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان وکۆڕی زیکرو وانەپەروەردەییەکانی.چونکە لێرەوە هەڵدەستینەوەوئایندە دەنەخشێنین‌و گەلەکەمان لەنیری کۆیلایەتی دەرباز دەکەین.

لەووڵاتێکدا کەزەمینەی هەڵبژاردنی بێ گزیکاری‌و دامودەزگای نیشتیمانی سەربەخۆو ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتت نەبێت، لەوڵاتێکدا دزەکان لەشەقامەکانی مەولەوی‌و ئیسکان زۆرترین سێڵڤیان لەگەڵ بگیرێت لەسایەی ناهۆشیاری هەندێکەوە، گوناهە یەکگرتو هەمو هێلکەکانی بخاتە سەبەتەی سیاسەتەوە.

بۆیە ئەو مەیدانەی یەکگرتو تیاباڵادەستە وئەوگۆڕەپانەی خۆی دەتوانێ جوان تیایدا هەڵسوڕێ بریتیە لەجەخت کردنەوە لە (پەروەردەو پەروەردەو پەروەردە) تا لەوێوە بەئامادەکردنی تاکە باشەکان کۆمەڵگایەکی پڕلەمیهرو بەزەیی‌و دڵنیایی‌و ڕێزو شکۆی مرۆڤەکان بەجیاوازی ئایدیاو ڕەنگ‌و زمان‌و ئاینەوە بنیات بنێیین.

بۆیادی یۆبیلی زیونی قوتابخانە وفێرگەکەی یەکگرتوو ،وێڕای نوێکردنەوەی پەیامی وەفاداری، بەیەکگرتوەکان دەڵێم ئەمڕۆ کچ وکوڕی کوردەواری چاوەڕێتانە چاکی لێ بکەن بەلادا ولەژێر هەژمونی بۆخودژیان‌و بێباکی ونابەرپرسیاری وئالودەبوون بەمادەی سڕکەرو بێهیوایی ونائومێدی دەستیان بگرن وبیان پەڕێننەوەبۆسەرەڕێی خاک پەروەری ومرۆڤ ویستی وگەشبینی وبۆخەڵک ژیان وبۆ ئامانج ژیان وبنیات نان، شانبەشانی هەمو دڵسۆزان ئەوانەی ئەگەر سەنگەرەکانیشمان جودا بن بەڵام یەک بەرەین بەرەی دادوشكۆ وئازادی ودادپەروەری وبەرەی ڕێشەکێش کردنی گیاکەڵەی جەوروستەم وملهوڕی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×