موچە خۆرانی حزبەکانی دەسەڵات بەشێکی ئەم بێباکیەی حوکمڕانانن؟!

ئەبوبەكر هەڵەدنی
  2020-02-29     937

زیاتر لەپەنجا ڕۆژە موچەی مانگی (١١)ی ساڵی ڕابردو دابەشنەکراوە، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان‌و فراکسیۆنێکی دەسەڵات ڕایانگەیاندوە کە داهاتی هەرێم (ترلیۆنێک‌و سێسەد ملیار دینار)ە کە سێسەد ملیاری داهاتی ناوخۆو نۆسەد ملیاری داهاتی نەوت‌و چوارسەدو پەنجاو سێ ملیاریش لەبەغداوە دێت. لەم بڕە(٨٨١)ملیاری بۆموچەیە.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆحکومەتی هەرێم لەو داهاتانەی خۆی موچە نادات؟
جگە لەبێدەنگی شەقام‌و لاوازی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ پشت قایمی دەسەڵات بەو لەشکرە موچە خۆرە حزبیەی کە بەهەق‌و ناهەق بەرگری لەحزبەکانیان دەکەن، ڕۆژێک لەڕۆژان نابنە بەشێک لەگوشار لەسەر دەسەڵات، نەمانبینی دەنگێکی ناڕەزایی دەربڕن، لەهەڵوێست وەرگرتن‌و مانگرتن‌و خۆپیشاندان دارێک بخەنە سەر بەردێک.

بەداخەوە لەهەموو هەڵبژاردنێکدا شەرعیەت‌و بەیعەت بۆ دەسەڵاتێکی شکستخواردوو نوێ دەکەنەوە، لەکاتێکدا ئەوەی فەرمانبەری ڕاستەقینەو خانەشینی یاسایی‌و خاوەن شەهیدی راستەقینە بن هێز نیە موچەو شایستە داراییەکانیان ببڕێت.

بەڕێزان ئەم ئاگرەی دەسەڵاتی بێباک دەیکاتەوە هەمومان‌و تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێ، بۆیە دەبێت بەهەمومان گوشارمان چڕ بکەینەوە تادەسەڵات ملەکەچ بکەین بەهێنانەدی خواست‌و داواکانی خەڵک‌و فەراهەمکردنی ژیان‌و گوزەرانێکی ئابڕومەندانە.ش

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×