لە یادی دكتۆر شێركۆ فەتحوڵڵای وەفادار بۆ گەل و دۆستانی

د. نوری‌ تاڵه‌بانی‌
  2023-02-16     714

لە كوردەواریدا هەمیشە بە ڕێزەوە تەماشای كەسی وەفاداركراوە، بۆیە وتراوە كەسێك وەفای بۆ كەس و دۆستانی نەبێ، وەفای بۆ گەلەكەشی نابێت.  د. شێركۆ فەتحوڵڵا كەسێكی وەفاداربووە بۆ گەل و كەس و دۆستانی، 
لە مانگی ئازاری ساڵی 1993، بۆ یەكەمجار چاوم بە دكتۆر شێركۆ فەتحوڵلای كۆیی كەوت، تازە گەیشتبوومە شاری لەندەن، د. شێركۆ سەرۆكی "مەڵبەندی ڕۆشنبیری كوردی" بوو لە لەندەن و كاك سامی شۆڕش، سكرتێری ئەو دەزگایە بوو، هەردوكیان بەناوی مەڵبەندەوە سەردانیان كردم بەبۆنەی گەیشتنم بۆ ئەو شارە.  ماوەیەكی كەم پێكەوە دانیشتن، هەستم دەكرد دەمێكە یەكتر دناسین، ئەمە یەكەمجار نییە پێكەوە دانیشتوین، مرۆیەكی دەم بە پێكەنین و قسەخۆش، لەسەرەتاوە هەست دەكەیت پیاوێكی بە وەفاو بە ئەمەكە، بۆ گەل و وڵات و شار و كەس و دۆستەكانی.  پێش هەڵسانیان بە بزەیەكی سەرلێوەوە داوای لێكردم، لەپاش حەسانەوە بۆ چەند ڕۆژەك، بابەتێك لەبارەی ئەو پڕۆژەی دەستوورەی بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەم كردبوو، لە كۆڕێكدا پێشكەشی بكەم بە كوردانی دانیشتوانی لەندەن، گفتم پێدا، پاشان گفتەكەم جێبەجێكرد، هەرچەندە ماندوو بووم و سەرقاڵی كاری خۆم بووم، بەڵام نەمتوانی داواكەی كاكە شێركۆ ڕەتبكەمەوە، لەو دەمەوە ئەو كۆڕە باشە، ئەو پیاوە قسەخۆش و هەمیشە دەم بە پێكەنین و خزمەتگوزار بەو كەسانەی ڕوویان لە (مەڵبەند) دەكرد بۆ مەبەستی جیاواز، زۆربەیان پێویستیان بە هاوكاریی دەكرد تا نیشتەجێ‌ بن، زیاتر چووە دڵمەوە.
لە كۆتایی ساڵی 1993 باری سیاسی لە كوردستانی ئازادكراو بەرەو خرایی دەچوو بەهۆی كێشەی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بارەكە وەكو گۆمە ئاوێكی لێهاتبوو ئاوەكەی ڕاوەستابێت، ئاوی ناو گۆمەئاویش گەر دەست بە كەمكردن بكات وردە وردە نزیك دەبێتەوە لە بۆگەنی. داوام لە كاك شێركۆ كرد كۆمەڵە كەسانێكی بەرچاوی دانیشتووی لەندەن، بە نوێنەرانی حیزبە سیاسیەكانەوە بەشداری لە كۆبوونەوەیەك بكەن لە (مەڵبەند) بۆ بیروڕاگۆڕینەوە لەبارەی باری سیاسی لەو بەشە ئازادكراوەی كوردستان. پێشنیازەكەی پێباش بوو، پاش چەند ڕۆژێك كۆبوونەوەیەك سازكرا، لەوە دەچوو یەكەم .كۆبوونەوەی لەو چەشنە بێت لەودەمە. سەرەتا دكتۆر مەحمود عوسمان دەستی بە قسەكردن كرد  وتی: كێ "خاوەنی" ئەم كارەیە؟ چاوم لێبوو كاكە شێركۆ ئیشارەتی بۆ من كرد،  دانیشتنەكە بەسوود بوو، لە پاش قسە و بیروڕا گۆڕینەوە، نامەیەكی كراوە ئاراستەی سەرۆكەكانی حیزبە سیاسیەكانی كوردستان كرا سەبارەت بەو ناكۆكی و ناتەباییەی دەبینرا و مەترسی بەدواوە هەبوو. 
لەپاش دەستپێكردنی شەڕی ناوەخۆ، شێركۆ فەتحوڵڵای كورد پەروەر بووە پارچە ئاگرێك بەهەموو توانایەەوە كەوتە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی ئەو بەدبەختییەی بەسەر كوردا هاتبوو، چەندەها كۆڕ و سمینار لە (مەڵبەند) بەستران، بە دەها پەیوەندی دەكرا بە كوردانی هەندەران و ناوەوە تاكو ئاگرەكە بە زوویی دامركێتەوە. ئاكامی ئەو دانیشتنانە بەسوود بوو، چونكە نامەی كراوەمان بەناوی ئامادەبووانەوە، كە نوێنەرانی حیزبە سیاسیەكانی تێدابوون، ئاڕاستەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكرد، تێیدا داوای بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان ئەو دوو حیزبە و هێزە سیاسیەكانی تری كوردستان دەكرد، تا ناحەزانی كورد، بە تایبەتی دەوڵەتانی داگیركەرانی كوردستان نەتوانن پەنجەی دووبەرەكی بخەنە ناو ئەو هێزانە و تەجروبەی كوردستانی ئازادكراو، پووچەڵ بكەنەوە. هەر لەو ماوەدا دوو سێ‌ كۆڕ و كۆنفرانسی بەوشێوە لە مەڵبەند بەسترا، كاكە شێركۆ ڕۆڵێكی باڵای هەبوو لە ڕێكخستنیان. كاتێ‌ شەڕی خۆكوژی دەستی پێكرد لە مانگی پێنجی ساڵی 1994، شێركۆی جەرگ سووتاوی كورد بووە داینەمۆی كۆڕ و كۆبوونەوەبەستن بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە و گەڕانەوەی ئارامی بۆ كوردستانی بریندار.
لە ئاداری ساڵی 1995، لە واشنتون (ئەنستویتی كورد لە واشنتون) كۆنفرانسێكی سازكرد بۆ چەسپاندنی ئاسایش و هێمنی، من و دكتۆر شێركۆ بانگكرابووین بۆ بەشداریكردن لەو كۆنفرانسە، من بەناوی (ڕێكخراوی كورد بۆ مافی مرۆڤ لە بەریتانیا)، ئەو بەناوی (مەڵبەندی ڕۆشنبیری كورد لە لەندەن)، هەردووكمان لەسەرحیسابی خۆمان پێكەوە چوین بۆ ئەمریكا. لە كۆنفرانسەكەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ. شەو لەماڵی دكتۆر بەرهەم ساڵح بووین، سەرباغ خانی خێزانی دۆڵمەی لێنابوو، هەردووكیان قسووریان نەكرد لە دۆڵمە خواردن! بۆ ڕۆژی پاشتر، بۆ بەرچایی  كاكە شێركۆ ئەوەی لە مەنجەڵەكەدا مابوو تەواوی كرد !  
د. شێركۆ دڵی بە هەموو كەسێك دەسوتا، تەنها بە لەش و تەندروستی خۆی نەبێت، لەو سەفەرە پێكەوە گەڕاینەوە بۆ لەندەن، لەناو فڕۆكەكە زوو خەو بردیەوە، چونكە ماندوو بوو. پاش تۆزێك پرخە دەستیپێكرد، دانیشتوانی نزیكمان تەماشایان دەكرد، بە ئەسپایی بەخەبەرم هێناو بە گاڵتەوە وتم: "هەستە مەنوە، تەماشای ئەو كچە جوانە بكە"! یەكسەر پێی وتم: با بگەینەوە لەندەن، بزانە چ دەڵێم بە دكتۆرە عەتیە، وتم وا دیارە شێخ ڕەزای شاعیر بە ناهەقی باسی كۆییانی نەكردووە ! بەیتە شیعرەكەی شێخ ڕەزام بۆ خوێندەوە !  
هەتا شێركۆی جوانەمەرگ مابوو، نەتدەتوانی شێركۆ و "مەڵبەند" لە یەك جیا بكەیتەوە، بە بەردەوامی و بێ‌ ماندووبوون و بێ‌ بەرامبەر، بەڕۆژ و بەشەو خەریكی خزمەتكردنی كوردانی ئەو وڵاتەبوو. 
لە یادكردنەوەی كاكە شێركۆی ڕەحمەتی و لە چلەكەیدا، وتەیەكی زاناو شاعیری شێخی عیرفان مەولانا شێخ عەبدولرەحمانی تاڵەبانی (خاڵص)م خوێندەوە، كە فەرموویەتی: "نوێژكردن كاری پیرەژنانە، ڕۆژوو گرتن كاری بەخیلانە، حەجكردن گەشتی جیهانە، دڵی شكستە بەجێ گەیاندن كاری مەردانە" ! بەڵی شێركۆ كە هەمیشە خەریكی خەڵكی دڵ برینداران بوو، پیاوی مەیدان بوو، لەخوای گەورە پاڕامەوە بەهەشتی بەرین جێگای هەمیشەیی بێت. ئەو پیاوە هەمیشە لە خزمەتی كوردانی هەژار و لێقەوماواندا بوو،  نەیدەهێشت هەست بە غوربەت بكەن، لە وڵاتێكدا كە پێویستیان بە ڕاوێژكار و دۆست و برا بوو. شێركۆ فەتحوڵڵای جوانەمەرگ كەسی ئەو بێكەسانە بوو.  
پاش گۆچكردنی پێشنیازم كرد ئەنجومەنی شارەوانی كۆیە خزمەتەكانی ئەو گەنجە كۆییە لەبیر نەكات، مەڵبەندێك یان قوتابخانەیەك یان شەقامێك بەناوی دكتۆر شێركۆ فەتحوڵڵاوە ناوبنێ، تاكو ڕۆڵەكانی لەپاش ئێمە ئاگادار بن كە كوردێكی دڵسۆزی خەڵكی كۆیە ناوی هەر دەمێنێ، ئەگەر بە جەستەش ماڵئاواییان لێ بكات.  لەپاش ماوەیەك ئاگاداركرام كە شەقامێكی بچووك بەناوی د شیركۆ فەتحوڵڵا كراوەتەوە، ئومێدەواربووم لانی كەم لە بەشێك لە سەردانەكانم بۆ شاری كۆیە سەردانی گۆڕەكەی و ئەو شەقامە بچووكە بكەم، بەداخەوە بەو شێوەی دەبوو بیكەم، بەوجۆرە نەبوو. 
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی دكتۆر شێركۆی جوانەمەرگ، بۆ یادی كۆچكردنی ئەو كوردە پاكە دڵسۆزەی كوردستان.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×