کەڕەی شەربەت!

زانا عارف
  2023-12-05     210

کەڕەی شەربەت ئەو کەسەیە قەرز یان بەرپرسیارێتی بەرانبەر خەڵک هەیە بەڵام ئەو خۆی لێ نەبان دەکات. نەبانیش دۆخێکی دەروونی تایبەت بە ئاژەڵی چوارپێیە کە خۆی لە بێچووە تازە لەدایکبووەکەی نامۆ و بێگانە دەکات؛ ئیدی جێیدێڵێ و شیری پێنادات وەک ئەوەی لەو نەبووبێ...

هەنێ جار ئەم حاڵەتە لە مرۆڤیشدا دەبینرێ و ژنی زەیستان لەبەر گۆڕانکاری هۆڕمۆنات وەختە مناڵی تازە لەدایکبووی فڕێداتە کۆڵانێ...

دەڵێن کەڕەی شەربەت پیاوێکی شیکپۆش بووە کاری شەربەتفرۆشتن بووە. ئەو شەربەتەی داوێتی بەخەڵک بایی پەنجا فلسێ بووە، کەچی خەڵک هەنێ جار ڕوبعێکیان خستۆتە قولەمستی، واتە پەنجا هێندەی خزمەتەکەی پارەیان داوەتێ، بەڵام ئەو خۆی لێ نەبان کردووە و هەرچی هاواری لێکراوە وەڵامی نەداونەتەوە و وەک کەڕولاڵی زگماک ڕەفتاری کردووە...

ئەوەی سەیرە لە کۆنەستی کۆمەڵگای ئێمەدا کەڕەی شەربەت کەسێکی خۆشەویست بووە، بەقسەخۆش یان گفتولفت شیرین یان زۆڵیان زانیوە، گوێنەدانی بە قسەی خەڵک وەک گوندەیی یان خۆڕاگری ئەژمار کراوە. هەتا مردووە هەر ڕێزلێنراو بووە.

کەڕەی شەربەت لەمڕۆشدا زیندووە و هەرگیز نەمردووە. بابوباپیرانیشمان لە قسە نەستەقەکانیاندا کە تەنیا میراتێک لەوانەوە بۆمان جێماوە لەجیاتی خاک و دەوڵەت، ئەو چەن قسە خۆش و پڕ "حیکمەت"انەیانە کە بە ڕۆحی کەڕەیشەربەتی کردوویانە...

بۆ نمونە باپیرێکمان هەبووە بە ڕۆحێکی کەڕەی شەربەتی لە دونیای ڕوانیوە و هۆشداری بە ئێمەش داوە:

کە چوویتە شاری کوێران دەست بەچاوانتەوە بگرە...

باپیرەیەکی تریشمان هەبووە زۆر گوێی بە چاو و ئەندامانی جەستەی نەداوە و خەمی سەروەتەکەی گرنگترین شتی ژیانی بووە:

دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە با ڕەشەبا نەیبات

دانەیەکی تریشمان هەبووە لەوان "حەکیم"تر:

ئاگرە سورە لەخۆم دوورە، ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی...

دانەیەکی تریش قسەی حەق قەڵسی کردووە:

ئەو کەڵەشێرەی زۆر دەخوێنێ زوو سەریدەبڕن!!!

دانەیەکیشیان هەڕەشەی لێکردووین لە قاڵبی ئامۆژیاری:

ئەوەی حەقبێژە لە حەوت گوندان ڕاوەدوو دەنرێ...

ئەمە ئەقڵیەتی بابوباپیرانمان بووە بۆیە هەرگیز کەڕەی شەربەتمان لێنەبڕاوە و قەتیش جێمان ناهێڵێ...

کەڕێتیش دۆخێکی فیزیکی نییە بە تەنیا، چونکە کەڕێتیش یەک ئاستی نییە کە تەنیا گوێلێنەبوونی دەنگە.

هەیە گوێی لە دەنگە بەڵام نابیستێ. بۆ نمونە ئاژەڵان گوێیان لە هەموو دەنگێکە، بەڵام دەنگەکان نابیستن. واتە بیستن حاڵەتێکی ڕۆحییە و بریتییە لەوەی دەنگ لە ڕۆحتا دەنگ و سەدای هەبێ، هەتا بیبیستی و لێیتێگەی...

مرۆڤ لەم خاڵەدا سەروو ئاژەڵە، چونکە جگە لە گوێلێبوونی دەنگ توانای بیستنیشی هەیە. بەڵام خاڵێکی تریشی هەیە دەیخاتە خوار ئاژەڵان، ئەویش بریتیە لەوەی دەتوانێ وەها ڕەفتار بکات چەشنی ئەوەی گوێی لەدەنگ نەبێ و نەبیستێ، دەتوانێ ئەوەی دەیبیستێ دایپۆشێ و پەردەپۆشی بکات و نەبانانە مامەڵە بکا، ئا لەم حاڵەدا بەکافر ناودەبرێ، واتە ئەو کەسەی بیستن و بینش و قەلبی پەردەپۆش دەکات:

وَلَقَدْ ذَرَأْنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرًا مِّنَ الْجِنِّ وَالْإِنسِ ۖ لَهُمْ قُلُوبٌ لَّا يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌ لَّا يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لَّا يَسْمَعُونَ بِهَا ۚ أُولَٰئِكَ كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ ۚ أُولَٰئِكَ هُمُ الْغَافِلُونَ

کەڕەی شەربەت جگە خۆی هەموو کەس بە خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتی دەزانێ، وەک چاوە تەنێ دەرێی خۆی دەبینێ و تاقە جارێکیش ناتوانێ خودی خۆی ببینێ...

کەڕەی شەربەت پێچەوانەی مرۆڤی کامڵە... مرۆڤی کامڵیش ئەوەیە گوێبیستی شتانێکە بەدەم نەگووتراون، شتانێ دەبینێ بەدووچاو سەیرنەکراون و دڵیشی لە شتانێک دەگات کە ئەقڵیش دەستی پێناگات...

بەکورتی ئێمە هەموومان کەڕەی شەربەتین، ئەمە ڕۆحێکی هێگڵییە لە نێوماندایە بە شێوەی جیاواز:

هەنێ جار دەبینە کەڕەی شەربەت لەوەی بۆ مناڵێکی غەززە دەگرین بۆ ڕۆژئاوا خەمساردین، هەنێ جار شارێ دەخرۆشێ شارێکیش مێشێ میوانی نییە و مێش لە باخەڵیدا سەوزەڵێخانم دەڵێ، شارێ لە هەفتەی توڕەییدایە و شارێ ئاهەنگی هەفتەی شادی دەگێڕێ... شارێ بایکۆت و شارێ خۆڕاگر، شارێک خائین و شارێک نیشتیمانپەروەر، شارێ هەموو هەموو ڕۆژێ هاوار هاوارێتی و شارێ بە خامۆشی دەسوتێ و لە کاتی سوتانیشیدا دەنگی نایەت...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×