ئایاسۆفیا: تیمسالی دووڕوویی ئیسلامگەراکانی تورکیا و میسر

زانا عارف
  2020-07-29     1016
لە تاقیکردنەوەی وانەکانی زمانی کوردی و عەرەبی قۆناغی سەرەتایی و دواتریشدا بابەتی داڕشتنمان هەبوو. تەوەرەکانی ئەم داڕشتنەش بریتی بوو لە "نیشتیمان"، "دایک"، "ئەخلاق"... داڕشتنیش بریتی بوو لە تەقدیسکردنی ئەو چەمکەی کە داواتلێکرابوو زۆربڵێی لەبارەوە بکەیت. واتە سەروتارەکە هەرچیەک بووایە، دەبوو لە سەرەتاوە تا خاڵی کۆتا، بە نمونەی ئایەت و حەدیس و قەولی شاعیران بە شانوباڵیدا هەڵبدەیت. چونکە تەوەری سەرەکی بابەتەکەش تەقدیسکردن بوو، هەندێک جار کڵێشەیەکی داڕشتن بۆ هەر سێ بابەتەکە دادەنرا، لە ڕێگەی گۆڕینی یەک دوو نمونەی ئایەت و حەدیس، دەوتوانی داڕشتنەکە بۆ هەر ٣ چەمکی دایک و نیشتیمان و ئەخلاقیش بڕوێنیت و ژمارەی تەواویش بەدەست بهێنیت.
لە ڕاستیدا کاتێک چەمکی تەقدیسکردن دێتە بەریانەوە، تەواوی چەمکەکانی تر لە کار دەکەون و، وەک سێبەرێکی کاڵی ئەویان لێدێت، هەتا زیاتریش پەلوپۆ بهاوێت، زیاتر بەریانەکانی ڕەخنە و ئەقڵ و لۆجیک بەرتەسک دەکاتەوە.
لێرەدا پێویست ناکات باسی "ئیسلامگەرا"کانی کوردستان بکەم، چونکە گومانم لە ئەزمونێکی لەو شێوەیە هەیە، هەرچی هەیە کۆپیەکی کاڵ و نەگەییویی ئەزمونی ئیخوانی میسر و، درێژکراوەیەکی ناچیزی ڕەوتی میللی سەلامەتی نەجمەدین ئەربەکانە، هەتا دەگات بە ڕەفاح و دواتر وەردەچەرخێت بۆ ئاکەپەکەی ئێردۆغان.
ڕەوتی ئیسلامگەرای کوردستان، یان ئیسلامی سیاسی، گەر هەتا ئێستا بەرامبەر یەکێتی و پارتی کەوا لە هەموو ڕوویەکەوە بە حاڵی "اسفل السافلین"دا تێدەپەڕن، شاگوتارێکی ئەڵتەرنەتیڤی دروست نەکردبێت، ئیتر باسکردن لە هەبوونی کارێکی بێ هوودەیە.
ئەقڵی ئیسلامگەراکانی تورکیا و میسریش، لە ئاستی ئەو منداڵەی سەرەتاییدایە، کە داوای نوسینی داڕشتنێکی لێکراوە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی چەمکەکانی تەقدیسەوە بە شانوباڵی بابەتەکەدا هەڵبدات.
گەر داوا لە ئیسلامگەراکانی میسر و تورکیا بکەین، کەوا شتێک لەسەر ئاینی ئیسلام بڵێن، کە چەندە لێبوردە و سنگفراوانە بەرامبەر دینەکانی تر، هەتا چەندە ڕێز لە پەرستگا و ئەندامانی دینەکانی تر دەگرێت؟ یەکسەر نمونەی حەزرەتی عومەر و فەتحی قودست بۆ دەهێننەوە. دەڵێن: ئیسلام لەوەتەی هەیە ڕێزی لە کەنیسە و پەرستگاکان گرتووە، هەرگیز نەیڕوخاندوون، بۆ نمونە حەزرەتی عومەر کە فەتحی قودس دەکات، بەتریارک و قەشەکانی قودس داوای لێدەکەن لە نێو کەنیسەکەیاندا نوێژ بکات، بەڵام ئەو هێندەی یەک ڕم لە کەنیسەکان دوور دەکەوێتەوە و لە وەڵامیاندا دەڵێت:
" ما كان لعمر أن يصلي في كنيسة فيأتي المسلمون من بعدي ويقولون هنا صلى عمر ويبنون عليه مسجدا
واتە: من نابێت لە نێو کەنیسەدا نوێژ بکەم، چونکە دواتر موسوڵمانان دێن و دەڵێن عومەر لێرە نوێژی کردووە، ئیدی ئێرە دەکەن بە مزگەوت!!!
واتە حەزرەتی عومەر لە ترسی چی نوێژی لە نێو کەنیسکەدا نەکرد؟ لە ترسی ئەوەی موسوڵمانان نەیکەن بە مزگەوت!!!
باشە لە ئەقڵی ئیسلامگەرادا، سونەتی حەزرەتی عومەر و خولەفا ڕاشیدەکان، یەکسان نیە بە سونەتی پێغەمبەری ئیسلام؟!
ئەی حیکمەت چیە لەوەی سونەتی  حەزرەتی عومەر دەگۆڕن بە سونەتی مەغۆل و تەتەرەکان؟! حیکمەت چیە لە جیاتی لێبوردەیی حەزرەتی عومەر باس لە حەقی شمشێر دەکەن؟!
حیکمەت چیە لەوەی سونەتی حەزرەتی عومەر دەگۆڕن بە سونەتی سوڵتان فاتیح کەوا برا دوو ساڵە شیرەخۆرەکەی لەسەر بێشکە خنکاندووە؛ نەبادا گەورە بێت و کورسی دەسەڵاتی لێوەربگرێت؟
خۆ سوڵتان فاتیح هەر بە کوشتنی برا دوو ساڵەکەشیەوە بوەستایە کێشەیەک نەبوو، خۆیی و واعیزەکانی، یاسای براکوژی دادەنێنن، واتە حەرامێکی ناو ئیسلام حەڵاڵ دەکەن و، دەڵێن هەرکەسێک دەسەڵاتی گرتە دەست بۆی هەیە براکەی بکوژێت.
 لە یەکێک لە قانوننامەکانی سوڵتان فاتیحدا هاتووە کە دەڵێت:
Ve her kimesneye evladımdan saltanat müyesser ola, karındaşların nizam-ı alem içün katl etmek münasiptir. Ekser ulema dahi tecviz itmiştir. Anında amil olalar.
سوڵتان فاتیح لەم یاسایەدا ئاماژە بەوە دەکات کەوا بۆ سەقامگیری دەوڵەت، زانایان و واعیزانی سەردەمی خۆی ڕێگەیان داوە هەرکەسێک دوای خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست، تەواوی براکانی خۆی بکوژێت، هەتا پایەکانی دەوڵەت نەلەقێت و سەقامگیری ڕابگیرێت!
ئەم یاسایەی فاتیح سەردەمێکی زۆر کاری پێکراوە و دەیان سوڵتانی عوسمانی، براکانی خۆیان لەسەر بێشکە کوشتووە؛ هەتا لە سەردەمی سوڵتان ئەحمەددا، یاساکە هەڵوەشێندرایەوە.
بەڵێ، سوڵتان فاتیح، ئەو "نعم القائد" کەوا ئیسلامگەراکانی تورکیا شانازی پێوە دەکەن، بکوژی برا دوو ساڵەکەیەتی و داڕێژەری یاسای براکوژییە...
بەڵام هەرگیز ئیسلامگەرایەک شەرم ناکات لەوەی شانازی بەم پیاوەوە نەکات.
یان شانازی بەوەوە نەکات کە کەنیسەی ئایاسۆفیای بە زەبری شمشێر گۆڕیوە بۆ مزگەوت. لە کاتێکدا حەقێکی وەهای نیە و ئیسلام ڕێگەی بە دەستدرێژی بۆ سەر کەنیسە و پەرستگای دینەکانی تر نەداوە.
واتە هەم شانازی بە ئاشتیخوازبوونی حەزرەتی عومەرەوە دەکات کەوا نوێژی لە کەنیسەدا نەکردووە نەبادا دواتر بکرێت بە مزگەوت! هەم شانازی بە بکوژی منداڵی سەر بێشکەوە دەکات کەوا کەنیسەیەکی کردووە بە مزگەوت!
خودی ئێردۆغان لە ڕێکەوتی 17 ی ئازاری 2019، لە میتینگی شاری تەکیرداغ کاتێک جەماوەرەکەی بەردەمی داوای کردنەوەی ئایاسۆفیای لێدەکەن لە وەڵامیاندا دەڵێت:
Yan tarafta Sultanahmet'i doldurmayacaksın, Ayasofya'yı dolduralım diyeceksin. Bu oyunlara gelmeyelim. Bunların hepsi tezgah 
 واتە" ئێوە جارێ مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد پڕ بکەنەوە ئینجا باسی ئایا سۆفیا بکەن، با خۆمان نەخەینە ناو ئەم گەمانەوە، ئەمانە هەمووی تەڵەکەن".
ئێردۆغان هەر بەمەوە ناوەستێت و لە ڕێکەوتی ١٩ ی ئازاری ٢٠١٩، کاتێک لە کەناڵ ٧ و سەر بە پارتەکەی هەمان پرسیاری لێدەکرێتەوە، لە وەڵامدا دەڵێت:
ئێستا ئێمە مزگەوتی چاملیجامان هەیە، زیاتر لە ٦٠ هەزار نوێژخوێن دەگرێت، لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد و سەلیمیەش گەورەترە، خۆی ئەو مزگەوتانەی لە سەردەمی ئێمەدا دروستکراوە لە ژمارە نایەت، با ئێمە خۆمان نەخەینە ناو ئەم گەمانەوە، چونکە ئەمانە بە مەبەستی ئاژاوە ئەنجام دەدرێن، با ئێمە ئەم هەوڵە تێکدەرانە بوەستێنین، جار جار ئاماژەم بەم بابەتە داوە و بیرکردنەوەی تریشم هەیە، ئێستا لە بەشێکی ئایاسۆفیادا خۆ هەم نوێژ دەکرێت و هەم قورئانیش دەخوێنرێتەوە، تێپەڕاندنی ئەمانە بە نیسبەت ئێمەوە کێشە نیە، دەتوانین تێیانبپەڕێنین. بەڵام ئایا ئەم کارە چیدەهێنێت و چی لەگەڵ خۆی دەبات، پێویستە لێرەدا ڕوونی بکەینەوە. ئەم کارە فاتورەیەکی گرانبەهای هەیە. هەربۆیە ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە بە نیسبەت ئێمەوە باجێکی قورسی دەبێت. با ئەوە لە بیر نەکەین کەوا لە چواردەوری دونیا، هەزاران مزگەوتمان هەیە. ئایا ئەوانەی باسی کردنەوەی ئایاسۆفیا دەکەن، بیریان لەوە کردۆتەوە کەوا چی بەسەر ئەو مزگەوتانە دێت؟ لە ئێستادا لە زۆر شوێن هەوڵی سوتاندنی مزگەوتەکان دەدرێت. ئەو کەسانە بیر لەم شتانە ناکەنەوە کاتێک ئەم قسانە دەکەن. ئەوان حسابی ئەمانە ناکەن و ئەم قسانە دەکەن. داوای لێبوردنیان لێدەکەم، بەڵام ئەوان دونیا ناناسن. نازانن دوێنراوەکانیان چۆنن. هەربۆیە من وەک سەرکردەیەکی سیاسی، هێندە لە شیرازە دەرنەچووم، کەوا خۆم بخەمە ناو ئەم جۆرە گەمانەوە".
بەڵێ، واتە ئەم قسانەی ئێردۆغان ساڵێک و ٥ مانگی بەسەردا تێنەپەڕیوە، کاتێک کردنەوەی ئایاسۆفیا بە لە شیرازەدەرچوون ناو دەبات. هەروەها بە مەترسی بۆ سوتاندنی مزگەوتەکانی وڵاتانی دونیا و ڕۆژئاوا ناوی دەبات.
ئایا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا، جگە لە داتەپینی لیرەی تورکی و ئابوری تورکیا! هیچ گۆڕانکاریەکی وەها ڕوویداوە، کەوا مەترسی سوتاندن و دەستدرێژی بۆ سەر مزگەوتی موسوڵمانانی دونیا نەمێنێت؟
کاتێک خودی ئێردۆغان کارێکی لەم شێوەیە بە هەڵە دادەنێت، ئیتر ئێستا شانازیکردن بەم کارە ناشرینەوە لە پای چی؟!
پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە، کەوا پێویستە بیدەین لە ڕووی ئیسلامگەراکانی تورکیا و میسر، پاشان کۆپیە لومپەنەکانیان لە کوردستان... مادام ئێردۆغانتان قبوڵە وەک خەلیفەی ئیسلام، مادام سەری موسوڵمانانی جیهانی "بەرز" کردۆتەوە بە قەولی خۆتان، حیکمەت چیە ئەم خەلیفەیەی ئیسلام هەتا ئێستا خانەکانی لەشفرۆشی لە تورکیا داناخات؟!
مەگەر داخستنی مەلهاکانی تورکیا کەوا بە پارە زینای تێدا دەکرێت، بازرگانی بە لاشەی ئافرەتی کەم دەرامەت و لێقەوماوی ئەو وڵاتەی تێدا دەکرێت، لە کردنەوەی ئایا سۆفیا قورسترە؟؟؟
ئایا دروستە بە پارەی ئەو باجەی لە لەشفرۆشێکی مەلهاکانی تورکیا وەردەگیرێت، مزگەوت دروست بکەیت و موچەی مەلاکانی بدەیت؟!..
گەر ئێردۆغان خەلیفەی ئیسلامە، بۆچی هەتا ئێستا باج لە لەشفرۆشەکانی وڵاتەکەی وەردەگرێت؟!

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×