لە ماوەی دوو هەفتەدا بانكەكانی عێراق ٢٥٥ ملیۆن دۆلاریان هاوردە كردووە
  2023-12-20       1569       

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بانكە حكومی و تایبەتییەكانی عێراق ٢٥٥ ملیۆن دۆلاریان هاوردە كردووە، بڕیارە بڕە پارەیەكی دیكە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە بەغدا.

میدیای فەرمی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی حكومییەوە هەواڵی گەیشتنی ٢٥٥ ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق بڵاوكردەوە.

میدیای فەرمی عێراق بڵاوی كردەوە، بەپێی دوایین ئاماری بانكی ناوەندی عێراق، بڕی ئەو دۆلارەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگەی هەندێك بانكی حكومی و تایبەتەوە هاوردەی عێراق كراوە، بە نزیكەی ٢٥٥ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ژمارەیەك داواكاری دیكە بۆ هاوردەكردنی دۆلار هەیە، لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەو بانكانە و داواكارییەكانیان دەكرێت، پێشبینییش دەكرێت، بڕێک پارەی دیكە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە بەغدا.

ڕوونیشی كردەوە، پرۆسەی هاوردەكردنی هەموو جۆرە دراوێك بە دۆلاری ئەمریكیشەوە، لە ژێر چاودێری بانكی ناوەندی عێراقدا دەبێت، كە ڕێگە بە هەموو بانكەكانی عێراق دەدات پێداویستی دراوی بیانی دابین بكەن.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتا كۆبوونەوەی بانكی ناوەندی عێراق و شاندی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە ئیمارات، واشنتن دڵنیایی بە عێراق دا، كە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە ناردنی دۆلار بۆ عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×