سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: وه‌فده‌كه‌ی‌ هه‌رێم چارەنوسی سێ موچەی 2023 یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌
  2024-01-06       1027       


به‌وته‌ی‌ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، له‌سه‌ردانه‌كه‌ی‌ وه‌فدی‌ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ به‌غدا، چارەنوسی سێ موچەی مانگه‌كانی‌ 10 و 11 و 12ی‌ ساڵی‌ 2023 و ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەو زیادکردنی کرێی دەرھێنانی نەوت لەھەرێم یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌. 

ئاوێنه‌: وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی‌ كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ شەممە، وەفدی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری گەیشتنە شاری بەغدا.

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق له‌باره‌ی‌ ئامانجی‌ سه‌ردانه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت، "ھاتنی وه‌فدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگە، دەمانەوێت سێ بابەت لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکەینەوە، ئەوانیش چارەنوسی سێ موچەی ساڵی ڕابردو، ھەموارکردنەوەی یاسای بودجەو زیادکردنی کرێی دەرھێنانی نەوتە لەھەرێمی کوردستان کە لەیاسای بودجە بڕێکی کەم دانراوە".

وتیشی‌، کاری جدی لەسەر ئه‌و سێ پرسه‌ دەکەن بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن‌و لەمەودوا موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەھیچ شتێکی دیکە گرێنەدرێت‌و بەتەواوی‌و لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت "کاری سەرەکی ئێمەش وەکو پەرلەمان ئەو سێ بابەتە دەبێت."

د.ڤیان سەبری ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو كه‌ لیژنەیەک لەنێوان حکومەتی ھەرێم‌و بەغداو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دروستکراوە، وه‌فدی ھەرێم لەو سەردانەیاندا لەگەڵ لیژنەكه‌ی حکومەت‌و لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق-یش کۆدەبنەوە.

پێشتر محه‌مه‌د شیاع سودانی‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبو، بۆ چارەسەری گرفتی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم دوای پشووەکانی سەری ساڵ دەستبە ھەمواری یاسای بودجە دەکەن‌و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکەن بۆ ئەوەی لیژنەی دارایی تاوتوێی بکات‌و دەنگی لەسەر بدرێت. 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ "وشەی ئینفاق فعلی لەیاسای بودجە نەمینێت، بۆ ئەوەی  موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھەموو ناوچەکانی دیکە بەھیچ شتێکی دیکەوه‌ گرێنەدرێت‌و لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت."

د.ڤیان سەبری ده‌شڵێت، "ئێمەش وەکو ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق دوای پشوی‌ په‌رله‌مان کاری سەرەکیمان بودجەو موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکرێت، بەجۆرێک کە لەوادەی خۆیدا موچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکرێت و چیتر موچەی فەرمانبەران نەبێتە کێشەو دوابکەوێت."

رۆژی‌ 17ی 9ی 2023، ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق بڕیاریدا بڕی‌ دو تریلیۆن‌و 100 ملیار دینار بەقەرز بۆ موچەی موچه‌خۆرانی‌ هەرێمی‌ کوردستان ڕه‌وانه‌ بكات (به‌سێ گوژمه‌ی‌ 700 ملیار دیناری‌ پاره‌كه‌ی‌ نارد)، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌گه‌ڵ داهاتی‌ ناوخۆ موچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ 7 و 8 و 9ی‌ 2023ی‌ پێدابه‌شكرد، به‌ڵام تائێستا موچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ 10 و 11 و 12ی‌ ساڵی‌ ڕابردو دابه‌شنه‌كراوه‌و چاره‌نوسیان به‌نادیاریی‌ ماوه‌ته‌وه‌.

هەرێم دەیەوێت تا هەمواری یاسای بودجە تەواو دەبێت، ناردنی پارە لەبەغداوە بەردەوام بێت، لەلایەن حکومەتی عێراقیشەوە بەڵێنێکی زارەکییان پێدراوە بۆ ناردنی قەرزی دیکە.

چەند مانگێکە حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەرێگای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×