دارایی هەرێم رونکردنەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی دوو مووچەوە بڵاوکردەوە
  2025-04-29       1157       

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەوەی گوایە وەزارەتەکەیان داوای دوو مووچەی بۆ بانکەکان کردووە بڵاوکردەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە "لە چەند پەیج و میدیایەک هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەیان بەوەکردووە وەزارەتی دارایی عێراق چەند تێبینییەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبووە، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر مووچەی بانکە حکومییەکان بووە بۆ مانگی نیسان کە گوایە داوای دوو مووچە بۆ بانکەکان کراوە و لەناو لیستەکاندا ناوی دوو بانک لە بیرکراوە و دواتر چارەسەر کراوە ".

راشیگەیاند "بە پێویستمان زانی بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ مانگی نیسان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو تەنها داوای یەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی بانکەکان کراوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە لیستی مووچەکانیان نەکراوە".

وەزارەتی دارایی هەرێم تێبینیەکیشی خستووەتە روو و، ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە داواکردنی دوو مووچە بەپێی یاسا بۆ فەرمانبەری بانکەکان بۆ مانگەکانی نیسان و ئاب و کانونی یەکەم "ئاساییە" و ساڵانە هەر فەرمانبەرێکی بانک لە عێراق و هەرێمی کوردستان پانزە مووچە وەردەگرن کە سێ مووچەیان زێدەکییە.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×