وەزیری دارایی عێراق: بەمەرجەی وردبینی لەلیستی فەرمانبەران، ناردنی 618 ملیاره‌كه‌ بۆ هەرێم به‌رده‌وام ده‌بێت
  2024-01-21       705       
تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق

له‌كاتی میوانداریكردنی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وه‌زیری دارایی عێراق رایگه‌یاندووه‌، داتای پێویست به‌موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیان راده‌ستنه‌كراوه‌، ئەگەر داتای پێویست رادەست بكرێت‌و وردبینی لەلیستی فەرمانبەراندا ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وا ناردنی‌ 618 ملیار دیناری‌ مانگانه‌ بۆ فەرمانبەرانی هەرێم به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک پرسی دارایی‌و ئابوریی گرنگ، لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران بەسەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کۆبونەوە. 

بەگوێرەی‌ راگەیەندراوێکی‌ فەرمانگەی‌ میدیایی ئەنجوومەنی‌ نوێنەران، لەکۆبونەوەکەدا وەزیری‌ دارایی، روونکردنەوەیەکی‌ لەبارەی‌ پارەدارکردنی‌ دامەزراوەکان‌و جێبەجێکردنی‌ یاسای‌ بودجەی‌ 2023  پێشکەشکردووە.

مسته‌فا كه‌رعاوی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاندووه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای‌ بودجه‌ كرا، وه‌ك ئه‌وه‌ی تا ئێستا پرۆژه‌كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌دواداچون بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، ئه‌وه‌ی ڕونه‌ داتای پێویستی‌ لیستی فەرمانبەرانی‌ هه‌رێم نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست وه‌زاره‌تی دارایی عێراق.

لەکۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردووە، مانگانە بەردەوام دەبن لەسەر ناردنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم بۆ دابەشکردنی موچەی موچەخۆران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناردنی ئەو بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ هەرێم بەمەرجێک دەبێت کە وردبینی بکرێت لەلیستی‌ ناوی‌ فەرمانبەران و بڕی‌ موچەکانیان و پێویسته‌ زانیاریی تەواو بەبەغداد بدرێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ د.نەرمین معروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بەئامادەبونی وەزیری دارایی فیدڕاڵ کۆبونەوەی سازکرد بۆ بەدواداچون سەبارەت بەجێبەجێکردنی بودجەی ساڵی ڕابردوو گفتوگۆکردن لەبارەی ئامادەکاریی  هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024.

ناوبراو ده‌شڵێت، لەکۆبونەوەکە گفتوگۆکرا لەبارەی چەند پرسێکی دارایی گرنگ لەنێویشیاندا پرسی موچەو بودجەو پشکی هەرێمی کوردستان.

د.نەرمین معروف ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "لەوەڵامی پرسیارمدا دەربارەی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینانی هەرێم، بەڕێز وەزیری دارایی دوپاتیکردەوە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبودجەی فیدڕاڵی لەمانگی یەکی ئەمساڵەوە کە بەبڕی 618 ملیار دیاریکراوە مانگانە بەردەوام دەبێت، بەمەرجێک هەرێم پابەندبێت بەناردنی زانیاری تەواویی لیستی ناوی موچەخۆران‌و بڕی موچەکانیان‌و دەرماڵەو لێبڕینەکان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وەک ئەوەی لەناوەڕۆکی نوسراویان لە 16ی ئەم مانگە ئاماژەی پێدراوە."

هاوکات عەتوان عەتوانی‌، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ دارایی ئەنجومەنی‌ نوێنەران رایگەیاند، دۆسیەی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەکۆبونەوەکەدا تاوتوێكراوه‌و وەزیری‌ دارایی دوپاتیکردووەتەوە، هەرێمی‌ کوردستان لەساڵی‌ 2023 هیچ داهاتێکی‌ دارایی رادەستی‌ حکومەتی‌ فیدراڵی‌ نەکردووە، تەنیا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی‌ رادەستی‌ پاڵاوتگە حکومییەکان کردووە.

وتیشی‌، لەگەڵ وەزیری‌ دارایی تاوتوێی ئەو کێشانەیان کردووە کە ڕوبەڕوی‌ جێبەجێکردنی‌ بودجە بونەتەوە، بەتایبەت بڕگەکانی‌ دامەزراندن‌و گرێبەستەکان.

رۆژی 14ی 1ی‌ 2024، ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق بڕیاریدا بەپارەدارکردنی‌ هەرێمی‌ کوردستان بەبڕی 618 ملیارو 587 ملیۆن دینار بۆ موچەی مانگی کانونی دووەمی 2024، به‌ڵام تائێستا ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم.

هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ عێراق له‌ڕێی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ لیژنه‌ی‌ داراییه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ نه‌ناردنی‌ داتاو لیستی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ هه‌رێم جه‌خت له‌ناردنی‌ لیسته‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق‌و به‌رده‌وام پابه‌ندبونی‌ خۆیان به‌ڕێككه‌وتنه‌كانی‌ نێوان هه‌ردو حكومه‌ت ده‌رده‌بڕن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×