بڕیارە سبەینێ وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پاكستان بكات و لەگەڵ هاوتا پاكستانییەكەی كۆببێتەوە و تاوتوێی كێشەكانی نێوانیان بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا هەردوو وڵات یەكترییان مووشەک باران كرد، كە بەهۆیەوە چەند كەسێك بوونە قوربانی.
میدیاكانی ئێران هەواڵی سەردانی حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران-یان بۆ پاكستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڵاو كردووەتەوە.
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، بڕیارە سبەینێ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پاكستان بكات و لەگەڵ جەلیل عەباس جیلانی هاوتا پاكستانییەكەی كۆببێتەوە و تاوتوێی كێشەكانی نێوانیان بكەن.
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا هەردوو وڵات یەكترییان مووشەك باران كرد، کە بەهۆیەوە چەند كەسێك بوونە قوربانی.
پێشتر لە پەیوەندییەكەی تەلەفۆنی نێوان هەردوو وەزیری دەرەوەی ئێران و پاكستان هەردوولا گەیشتنە ئەو ڕێككەوتنەی لە ٢٦ی ئەم مانگەدا باڵیۆزەكانی ئێران و پاكستان بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان بۆ جێبەجێ كردنی ئەركەكانییان لە ئیسلام ئاباد و تاران.
جێگەی ئاماژەیە، ئێران لە ١٦ی ئەم مانگەدا لە ڕێگەی چەند مووشەكێكەوە هێرشی كردە سەر پاكستان و لە ئەنجامدا نزیكەی ١٠ كەس بوونە قوربانی، لە وەڵامدا ڕۆژی ١٨ ئەم مانگە پاكستان هێرشی كردە سەر ئێران، لە هێرشەكەشدا سێ منداڵ كوژران و چوار ژنیش بریندار بوون.