مەزڵوم عەبدی: كێشەم نییە لەوەی لەگەڵ ئەردۆغان كۆببمەوە
  2025-05-31       467       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادەیی خۆی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەردەبڕێت و دەڵێت، ماوەی دو مانگ و نیوە ئاگربەستێکی "کاتی و مەرجدار"یان لەگەڵ تورکیادا هەیە و "هیوادارین" ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" رایگەیاند، "تورکیا رۆڵێکی سەرەکی هەبو لەو جەنگەی بەسەر" سوریا و رۆژئاوای کوردستاندا سەپێندرا و دەزانن کە تورکیا عەفرین و ناوچەکانی دیکەی وەک سەرێکانی و گرێسپی داگیرکرد.

وتیشی، لە دە ساڵی رابردودا جەنگی درێژخایەنمان دژی یەک کردوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا "ئێستا دو مانگ و نیوە ئاگربەستمان لەگەڵ تورکیا هەیە؛ ئاگربەستێکی کاتی و مەرجدارە و هیوادارین ببێتە هەمیشەیی و کاریش بۆ ئەوە دەکەین."

 فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی"پەیوەندیی راستەوخۆ و کەناڵی راستەوخۆمان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ تورکیا هەیە، هەروەها لە رێگەی نێوەندگیرەکانیشەوە؛ هیوادارین ئەم پەیوەندییانە پەرەبستێنن."

لەبارەی ئاگربەستەكەش وتی "هەندێک دۆسیەی ئەمنی هەن کە تورکیا داوای چارەسەرکردنیان دەکات و ئێمە ئێستا کاریان لەسەر دەکەین. دۆسیەی پەیوەندیدار بە هێڵی بەریەککەوتن و هێڵەکانی پێکدادان و دۆسیەی دیکەش هەن. هەروەها تورکیا گرنگی بە بابەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا و دۆسیەکانی دیکەش دەدات."

لە وەڵامی ئەوەی كە ئامادەیە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا كۆببێتەوە، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: "ئێستا بەرنامەیەکی وەهام نییە،" بەڵام جەختیشی کردەوە کە "هیچ کێشیەکەم نییە لەوەی لەگەڵ ئەردۆغان کۆببمەوە"؛ وتیشی: "ئێستا پەیوەندیمان هەیە، با بڵێم ئێستا بابەتی شەڕکردن لە ئارادا نییە و ئێمە لە دۆخی جەنگدا نین لەگەڵ تورکیا، لە داهاتوشدا رەنگە پەیوەندیی نێوانمان پەرەبسێنێت، ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین."

 عەبدی پێشوازی لە بڕیارەكەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد و رایگەیاند: "ئێمە پێشوازیمان لەو بڕیارە کرد. ئەوە بڕیارێکە تایبەتە بە خۆیان، واتە پارتی کرێکارانی کوردستان. کاریگەریی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەرێنی بو لەسەر ئەم ناوچەیە و پێم وایە ئاگربەستی ئێستامان لەگەڵ تورکیا یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم چارەسەرە."

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×