کەشناسێکی کورد دەڵێت، لە سبەینێ دووشەممە تا کۆتایی هەفتە کەشێکی فێنک هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما شەش تا هەشت پلە نزم دەبنەوە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: لە سبەینێ دووشەممەوە تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری ھاتنی بارستە ھەوایەکی فێنک لەدەریای ناوەراستەوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی شەش تا هەشت پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ نزمدەبنەوە، بەھۆی چالاکبوونی بای باکوری ڕۆژئاوا سبەینێ خۆڵبارینێکی لاواز و کەم ناوچە جیاجیاکانی ناوەراست و باشووری ڕۆژھەڵاتی عێراق و ناوچەکانی باشووری ئیدارەی گەرمیان و کەرکوک دەگرێتەوە بەزوویی کۆتایی پێدێت.
دەشڵێت: لەکۆتایی ئەم ھەفتەیەش لە رۆژی پێنجشەممەوە لە ئەنجامی گەیشتنی بارستە ھەواکە بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بای باکوری رۆژھەڵات (رەشەبا) لەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین بەخێرایی 15 تا 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کاریگەری بەردەوامی دەبێت، پلەکانی گەرماش لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ڕوو لەبەرزبوونەوە دەکاتەوە .